Accessibility links

د. شاخەوان عەبدوڵا: ڕۆژانە هەندێک کاندیدی سەرۆک کۆمار دوردەخرێنەوە


د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ژمارەی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە گۆڕانکاریدایە، چونکە بەردەوام ڕۆژانە بەهۆی نەبوونی مەرجی یاساییەوە کاندیدەکان دوردەخرێنەوە، هەیانە تەمەنی یاسایی تەواو نەکردووە(چل ساڵ)، هەشیانە تەنها بۆ ئەوە خۆی کاندید کردووە کە تەنها بناسرێت لە گۆڕەپانی سیاسی، دەشڵێت" ڕێژەی یاسایی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەواو دەبێت و کێشە لەو ڕووەوە دروست نابێت، چونکە زۆربەی لایەنەکان خۆیان کاندیدییان هەیە، هەر کەس بۆ ئەوەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەرچوێنێت. "

" وەک دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕێککەوتنمان کردووە کە دەرفەت بدەینە لایەنە سیاسیەکان"


د. شاخەوان عەبدوڵا وتی" ئێمە وەک پەرلەمانی عێراق لە دوای یەکەم دانیشتنەوە بە پێی ماددە 72 ی دەستوری عێراقی مولزەمین بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، وەک دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕێککەوتنمان کردووە کە دەرفەت بدەینە لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەوەی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون، بۆیە بە پێی ماددە 72 یەک مانگمان لەبەر دەستە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بۆیە تا ڕۆژی 8 ی شوباتمان لەبەر دەستە تا لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، دواتر وەک دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری دەکەین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق. "


"ڕۆژانە هەندێک کاندیدی سەرۆک کۆمار دوردەخرێنەوە"


سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە؟ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی" هەڵبەت من کۆی ئەو ژمارانە ڕاناگەیەنم، چونکە ڕۆژانە کاتێک لێپێچینەوە دەکرێت هەندێکیان دوور دەخرێنەوە، چونکە بە پێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت کۆمەڵێک مواسەفات هەبێت لەناو سەرۆک کۆماردا، هەیە تەمەنی شمولی ناکات، هەیە کێشەی تری هەیە، هەیە بڕوانامەکەی هاوتای ئەو یاسایە نیـیە، بۆیە ئێمە لیژنەیەکمان دروستکردووە کە پێکهاتووە لە سەرۆکی کۆمار و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی ناو دیوان. "


کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەیە دوورخرابێتەوە؟

لە وەڵامدا د.شاخەوان عەبدوڵا وتی" ئەی چۆن زۆرن کە دوورخراونەتەوە، بەڵام بۆ ژمارەکانیان هێشتا لام نین، چونکە ژمارەکان لە گۆڕانکاریدا، لە قۆناغی یەکەمدا زۆرێکیان هەر دوورخرانەوە، هەیە تەنها بۆ ئەوە خۆی کاندیدکردووە کە بناسرێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی چونکە هیچ مەرجێکی یاسایی تێدا نەبوو، هەیە تەمەنی نەبۆتە چل ساڵ کە بە پێی یاسا دەبێت تەمەنی لە چل ساڵ کەمتر نەبێت، بۆیە لیژنەکە دوورییان دەخاتەوە چونکە ئەو لیژنەیە کاری لێکۆڵینەوەیە کە لە شەرعی و ناشەرعی مەرجەکان بکۆڵێتەوە ئەگەر لە هەر کاندیدێکدا نەبوو ئەوا ناوی دەردەهێنرێت لە لیستی پێشکەشکاران بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق."


"باشتر وابوو کە کورد یەک کاندیدی هەبێت "


دەربارەی ئەوەی بوونی چەند کاندیدێکی جیاوازی کورد، بە تایبەت کە هەر یەک لە پارتی و یەکێتی کاندیدی جیاوازییان هەیە؟

لە وەڵامدا د. شاخەوان عەبدوڵا وتی" ئەو پۆستە لەبەر ئەوەی ئیستحقاقی کوردە، باشتر وابوو کە کورد یەک کاندیدی هەبێت، بەڵام ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی کردی کە لە 2018 ش کردی، نەدەبوو دووبارەی بکەنەوە، دەبوو لەگەڵ پارتی دیموکرات ڕێکبکەون پێش ئەوەی کاندیدییان دیاری بکەن یان سووربن لەسەر کاندیدەکەیان، بە هەرحاڵ ئەوە وتووێژی سیاسی لە نێوان خۆیان هەیە و زیاتر ئەو بابەتە سیاسیە دەتوانن وەڵامی بدەنەوە. "

هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە پێشتر ئەوان پرسیان پێ نەکراوە لەسەر کاندیدکردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق(د. شاخەوان عەبدوڵا)؟

بەڵام لە وەڵامدا د. شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت" ئەوان (یەکێتی ) کاندیدی نەبووە بۆ ئەو پۆستە وە دەبوو بە پێچەوانەوە دڵخۆش بوونایە کە پارتی کاندیدی هەبوو، بەڵام بابەتی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشانکردنی لە لایەن یەکێتیەوە بێ تەوافوقی لایەنە کوردستانیەکان کێشەیەکی گەورە بوو بە داخەوە نەدەبوو وابکەن. "

"ڕێژەی یاسایی تەواو دەبێت"


دەربارەی ئەو بۆچونانەی کە هەندێک پێیان وایە (ڕێژەی یاسایی) دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تەواو نابێت بە هۆی ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان؟

د. شاخەوان عەبدوڵا بە دوری زانی و وتی" ڕێژەی یاسایی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەواو دەبێت و کێشە لەو ڕووەوە دروست نابێت، چونکە زۆربەی لایەنەکان خۆیان کاندیدییان هەیە، هەر کەس بۆ ئەوەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەرچێت بەشداری کۆبونەوەکە دەکات، بەوەش ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە تەواو دەبێت. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:27 0:00

XS
SM
MD
LG