Accessibility links

ئاوڕێک لە پێگەی پەرتەو کرماشانی لە ئەدەبی کوردیدا


عەلی ئەشرەف نۆبەتی، ناوسراو بە پەرتەو کرماشانی، شاعیری دیاری کورد کە بە زمانەکانی کوردی و فارسی شیعری هەیە، 24ی ئەم مانگی یەکە لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
شاعیری دیاری کرماشان، مانگی نۆی ساڵی 1931 لە کرماشان لەدایکبووە. باپیری باوکی پەرتەو کرماشانی لە بنەڕەتدا لە لۆڕەکانی بەختیاری بووە کە لە ساڵی 1833 لە سەردەمی بەهرام میرزای قاجاڕدا ناچاردەکرێن کۆچ بکەن بۆ کرماشان و لەوێ نیشتەجێ بن.
کۆکراوەی شیعرەکانی پەرتەو کرماشانی لە ساڵی 1998دا لە ژێر ناوی 'کوچە باغیها' بە هەوڵی محەمەد عەلی سوڵتانی بڵاوکرایەوە و تاکو ئێستاش چەندین جار چاپ کراوەتەوە.
یەکێک لە شیعرە بەناوبانگەکانی ئەم شاعیرە، شیعری ئەرمنییە کە لەلایەن چەند کەسێکەوە وەک گۆرانی گوتراوەتەوە.
پەرتەو لە باپیری دایکیەوە فێری زمانی کوردی دەبێت و وەک خۆی پێشتر باسی کردووە، باپیری هاندەرێکی سەرەکی دەبێت لە چوونە ناو بواری ئەدەب و زمانی کوردی ناوبراودا.
محەمەد موەفەقی شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا لەبارەی پێگە و کاریگەری بەرهەمەکانی پەرتەو کرماشانییەوە دەڵێت کە شیعرەکانی ئەم شاعیرە بە زمانی دایکی جۆرێک بەرەنگاری بووە دژ بە سیاسەتی توانەوەی کولتور و زمانی کوردی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەردەمەوە.
زۆربەی بەرهەمەکانی پەرتەو کرماشانی لە شێوە و فۆرمی غەزەڵە و زۆر کەس بە سەعدی هاوچەرخ وەسفی دەکەن. محەمەد موەفەقی دەڵێت تایبەتمەندیی غەزەڵەکانی پەرتەو لەوەدایە کە جیا لە بابەتی خۆشەویستی، کۆمەڵێک بابەتی کۆمەڵایەتیشی وروژاندوە لەناو شیعرەکانیدا.
وەک ڕێزگرتنێک لەم شاعیرە دیارەی خەڵکی کرماشان، بە پاڵپشتی کۆمەڵێک لە چالاکوانان و ئەدب دۆستانی کرماشانی، لە ساڵی2014وە، رۆژی 18ی مانگی پێنجی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی ئەو شاعیرە لە کرماشان دەستنیشانکراوە و یادی خۆی و بەرهەمەکانی دەکرێتەوە.

موەفەقی دەڵێت لە ئەمڕۆدا بە پێچەوانەی ڕابردوو، سنووری کولتوری و ئەدەبی نێوان زمانە جیاوازەکانی کوردی هەتا دێت کاڵتر دەبێتەوە و پەیوەندییەکان نزیکتر دەبنەوە.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 27ی ئەم مانگە، لە ڕێوڕەسمێکدا و بە بەشداری هۆگرانی ئەدەب و شیعر و زمانی کوردی تەرمی ئەم شاعیرە لە گۆڕستانی 'باغی فردۆسی' کرماشان بەخاک بسپێردرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:57 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG