Accessibility links

لە عێراق، حکومەتی ململانێی زۆرینە یان سیاسەتی بەش بەشێنە


نە مەترسییەکانی تێرۆریزم و نە قەیرانی ئابوری و نە قەیرانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و هتد، نەیانتوانیوە کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕوانینی لایەنە سیاسییەکانی عێراق تا لە ئاوەها هەلومەرجێکدا لەبەردانەواندن بۆ یەکتر بکەن و دەروازەیەک بە ڕووی ئارامکردنەوەی ڕەوشە هەڵچووە سیاسییەکەی وڵاتەکەیاندا بکەنەوە.
نە هەر ئەوەندە، بەڵکو لە ناواخنی وتووێژەکانی ئەم لایەنە ناکۆکە سیاسیانەشدا، جێیەکیش نییە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی گەلی عێراق لە زاخۆوە بۆ فاو.
تەها هاتف موحێدین، سیاسەتمەداری سەربەخۆ؛
*ڕەوشەکە ئاڵۆزە و پڕە لە پشێوی و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانیش نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بگوترێت وێنەیەکی ڕوون لەبەردەستدایە و نەک هەر گەلی عێراق بەڵکو خودی سیاسییەکانی وڵاتەکەش نازانن پرۆسەی سیاسی بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات.
*پێویستە هەوڵ بدرێت زەمینەیەک بۆ حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بڕەخسێندرێت تا تێگەیشتنێکی تەواو بێتە ئاراوە لەسەر چەمکەکانی فەرمانڕەوایەتی و ئۆپزسیۆن بوونەوە.
*هێزە سیاسییەکان بەشوێن بەرژەوەندی خۆیانەوەن و هەر لایەنەش بەشوێن دەستکەوتەکانی خۆیانەوەن لە حکومەتی نوێدا.
مەنار ئەلعوبەیدی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیمتیداد؛
*هێشتاش ڕووکارەکانی بەش بەشێنە و ڕیککەوتنە سیاسییەکان دەبینرێن لەکاتێکدا ئەم جۆرە فەرمانڕەوایەتیکردنە کێشەی گەورەی عێراق بووە لە 18 ساڵی ڕابردوودا.
*هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دووبارەبوونەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتەکانی پێشووە و ئەوەی پێشتر پێی دەگوترا حکومەتی بەش بەشێنە، ئێستا پێی دەگوترێت حکومەتی زۆرینە.
*درێژەدان بە شێوازی فەرمانڕەوایەتی پێشوو، یانی درێژەدان بە شکستەکان و ڕێگەگرتن لەوەی حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت.
زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان هیچ لایەنێک لە عێراقدا نایەوێت ببێتە ئۆپزسیۆن و هەر هەموویان بەشێکیان دەوێت لە کێکی دەسەڵاتی وڵاتەکەدا؛ ئەمەش وەک دەگوترێت ڕێگرە لەوەی سیستەمێکی دروستی چاودێری و سیاسی و فەرمانڕەوایەتی لە عێراقدا بێتە ئاراوە.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ مەنار ئەلعوبەیدی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیمتیداد و هەروەهاش تەها هاتف موحێدین، سیاسەتمەداری سەربەخۆ، بەڵێن ساڵح ئەم ڕاپۆرتەی ئامادەکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:59 0:00

XS
SM
MD
LG