Accessibility links

ئەمەریکا هەوڵ دەدات گەیاندنی فڕۆکە جەنگیەکانی بۆ تایوان خێراتر بکات


بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەمەریکا هەوڵ دەدات ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ خێراکردنی گەیاندنی نەوەی نوێی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 بۆ تایوان، ئەمەش بەمەبەستی پتەوکردنی توانای هێزی ئاسمانی تایوان دژی " زیادبوونی چالاکییە تۆقێنەرەکانی سوپای چین."

بەرپرسەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن وتییان تاوەکو ئێستا چارەسەرێکیان نەدۆزیوەتەوە لەسەر ئەوەی چۆن گەیاندنی بلۆک 70 ئێف-16 بۆ تایوان خێراتر بکەن، کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە بەرهەم هێندراوە و توانای نوێی بۆ زیادکراوە. لە ئێستادا بڕیارە فڕۆکەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بگەنە تایوان.

بەرپرسێکی باڵای تایوان وتی حکومەتی تایوان بەتایبەتی بە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیان وتووە هیواخوازن فڕۆکەکان خێراتر بگەنە دەستیان.

بەرپرسەکەی تایوان وتی " بابەتەکە پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانەوە هەیە، زۆر ڕوونیشە مەترسییەکان لەکوێوە دێن." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گرژییەکانی تەنگەی تایوان کە دورگەکە لە چین جیادەکاتەوە.

لە ساڵی 2019 دا ئەمەریکا و تایوان گرێبەستێکی 8 ملیار دۆلارییان واژۆکرد، بەپێی گرێبەستەکە ئەمەریکا 66 فڕۆکەی جەنگی نوێی ئێف-16 سی دی بلۆک 70 بە تایوان دەفرۆشێت، بەمەش تاوەکو ساڵی 2026 تایوان دەبێتە خاوەنی زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی ئێف-16، بە جۆرە کۆنەکانیشەوە.

بەپێی شارەزایانی سیاسیی، هەر جوڵەیەک بۆ خێراکردنی گەیاندنی فڕۆکە نوێیەکان بۆ تایوان لەکۆتاییدا پەیوەست دەبێت بە سووربوونی ئەمەریکاوە لەوەی پێویستیەکانی بەرگری تایوان زۆر بەپەلەترە لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمەریکا.

سەرۆکی ئەنجومەنی کاری ئەمەریکا و تایوان ڕوپەرت هامۆند چامبەرز کە هانی پەیوەندیی بازرگانی و کار دەدات لەنێوان ئەمەریکا و تایواندا وتی " ئەوە بڕیاری بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنە. دەبێت بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی هەڕەشەکانی چین زۆر گرنگترن لە هەڕەشەکانی ئێران یاخود هەڕەشەکانی ڕووسیەکان."

بەرپرسێکی باڵای پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئابراهام دێنمارک وتی خێراکردنی گەیاندنی فڕۆکەکان " نیشانەیەکی ڕوونی دیکەی سووربوونی ئەمەریکایە بۆ پشتیوانیکردن لە تواناکانی تایوان تاوەکو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG