Accessibility links

ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا ڕادەگرێت


بەرپرسانی کەرتی گاز لە تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە ئێران بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە تا 10 ڕۆژ هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا ڕاگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمان بدەن بە کارگەی سوتەمەنی گاز بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز بە ڕێژەی 40%.

بەرپرسانی تورکیا دەڵێن داوایان لە دابەشکارانی گازی سروشتی وڵاتەکەیان کردووە کە دابینکردنی گاز بۆ ڕێژەی %60 کەم بکەنەوە بۆ کاربەرە گەورەکان جگە لەوەی بۆ گەرمکردنەوە نەبێت، هەروەها بەرپرسانی ئەو وڵاتە گوتیان بڕیارەکە خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان ناگرێتەوە.

بەرپرسانی تورکیا دەڵین ئێران ئەو وڵاتەی ئاگادارکردوەتەوە کە بۆ ماوەی 10 ڕۆژە، ناردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا ڕادەگرێت و دەڵێن بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ماوەکە کەمتر ببێتەوە.

تورکیا بۆ دابینکردنی گازی وڵاتەکەی پشتی بە هاوردەکردنی گاز لە ڕوسیا و ئازەربایجان و ئێرانەوە بەستەوە.

بەپێی دوایین داتا فەرمییەکان، ئێران تەنیا لە دە مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا 16٪ ی پێداویستی گازی سروشتی تورکیای دابینکردووە.

نرخی سووتەمەنی لە تورکیا بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکییەوە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکادا، بە شێوەیەکی بەرچاوە بەرزبووەتەوە.

XS
SM
MD
LG