پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندیان بە بارمتەگرتنەکەی کەنیشتەی جووەکانی تەکساسەوە هەبووە.
پۆلیسی دژە تیرۆری باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ڕایگەیاند پیاوێکیان لە بێرمینگام و یەکێکی تریان لە شاری مانچستەر لە باکووری بەریتانیا دەستگیرکردوە، لە ئێستاشدا ئەو دوو کەسە دەستبەسەرن و لێکۆڵێنەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت بەردەوامە لە پشتگیریکردنی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بۆ لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ڕووداوی بارمتەگرتنەکەی ڕۆژی شەممەدا.
مەلەک فەیسەڵ ئەکرەم، هاوڵاتییەکی بەڕیتانی تەمەن 44 ساڵ، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی 10 کاتژمێریدا کە بە مردنی خۆی کۆتایی پێهات، چوار کەسی لەناو کنیسەیەکی تێکساس بە بارمتە گرت. ئەو چوار کەسەی بە بارمتە گیرابوون هیچ زیان و ئازارێکیان پێنەگەیشتووە.
پۆلیس وردەکاری لە بارەی ئەو دوو کەسەی کە ڕۆژی پێنجشەممە دەستبەسەرکراون ئاشکرا نەکردووە و دەڵێت ناو و وردەکاری دەستگیرکراوەکان تا ئەو کاتەی تۆمەتبار دەکرێن، بڵاو ناکاتەوە.
دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا (ئێف بی ئای) ڕووداوەکەی بە "بابەتێکی پەیوەندیدار بە تیرۆریزم" ناوبردووە کە کۆمەڵگەی جووەکانی کردووەتە ئامانج.