Accessibility links

بەهۆی بەفربارینەوە ژمارەیەک هاوڵاتی لە گوندەکانی هەڵەبجە ڕێگایان لێگیراوە و تا ئێستاش نەوتی سپی دابەشنەکراوە


ڕۆژی پێنجشەمە شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین ڕووی لە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی هەورامان کرد، بەهۆی بەفربارینی دوو ڕۆژی ڕابردووە ژمارەیەک هاوولاتی گوندەکان ڕێگایان لێگیراوە و ئامێرەکانی شارەوانی لەکارکەوتوون، هاوکات تا ئێستا نەوت لە ناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە دابەش نەکراوە.

کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە لیدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەگەڵ دەستپێکی شەپۆلی بەفر باریندان تیمەکانمان دەستیان کردووە بە پاکردنەوەی ڕێگا و بانەکان، بەڵام کەمی ئامێر و کۆنی ئامێرەکان تا ئێستا وایکردووە نەتوانین بەدەم هەموو هاوڵاتیانەوە بڕۆین و پەنامان بردووەتە بەر بەکرێ گرتنی ئامێر."

بارینی بەفر لە کاتێکدایە تا ئێستا هاووڵاتیانی هەڵەبجە نەوتیان وەرنەگرتووە، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی شارەکەش هێشتا بەشە نەوتی سپی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، ئاوات محمد ئەندامی لیژنەی سوتەمەنی قائیمقامیەتی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە ئێستادا ڕۆژانە تەنکەرێک نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنێرێت بۆ هەڵەبجە، لەسەر نرخی نەوتەکە گرفت هەیە کە دەگاتە نزیکە 90 هەزار دینار، هەوڵەکان بەردەوامن کە نرخەکە کەمبکرێتەوە و لە یەکشەمەوە نەوت دابەش بکەین، سەرەتا بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی کە نەوتی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە پاشان بەسەر هاووڵاتیانی دیکەدا."

بەهۆی ئەو شەپولە بەفرەی کە ئەمڕۆ جارێکی دیکە ڕووی لە هەڵەبجە کردووەتەوە، بەرێوەبەرایەتی هەڵەبجە ڕۆژی پێنجەشمە 20-1-2022 کردۆتە پشوو، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووشدا بەهۆی بەفر بارینەوە زیانێکی زۆر بەر باخی گشتی و هۆڵی بۆنەکانی هەڵەبجە و ژمارەیەک نەخۆشخانە و شوێنی گشتی دیکە کەوتووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:12 0:00

XS
SM
MD
LG