دادگایەک لە ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە دەستی کرد بە دادگاییکردنی پزیشکێکی سوری بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، ئەشکەنجەدان و کوشتنی زیندانیان لە زیندانێکی حکومی و دوو نەخۆشخانەی سەربازی لە وڵاتەدا.
داواکارانی گشتی ئەڵمانیادەڵێن ئەو پزیشکە کە بە 'عەلا. م' ناسراو لە مانگی چواری ساڵی 2011 تا کۆتایی ساڵی 2012 لە زیندانێکی هەواڵگری سەربازی لە شاری حومسی سوریا کاری کردووە.
داواکارانی گشتی پزیشکەکە تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی کەسێک و ئەشکەنجەدانی 18 کەسی دیکە، هەروەها دەڵێن ناوبراو لە ڕووی گیانی و دەروونیەوە ئەشکەنجەی سەختی کەسێکی دیکەی داوە، چەندین تاوانی دیکەشی ئەنجامداوە، لەوانە تاوانێک کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسەکە.
تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2015 وە ڕووی لە ئەڵمانیا کردوە، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دوای پشتڕاستکردنەوەی بڕوانامەی پزیشکییەکەی ڕێگەیان پێدا، لە نۆرینگەیەکی نزیک کاسێل لە ناوەڕاستی ئەڵمانیا کار بکات، ئەمەش وایکردوە چەندین خەڵکی سوریا کە کاتی خۆی ئەو پزیشکەکەیان لە سوریا بینیوە، بیناسنەوە، پاشان بە پۆلیسی ئەڵمانیایان ڕاگەیاندوە.
تۆمەتبارەکە کە لە مانگی شەشی ساڵی 2020ەوە بە شێوەی کاتی دەستبەسەرە، هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.
دەستپێکردنی ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردووش، ئەندامێکی پێشووی پۆلیسی نهێنی سوریا بە تۆمەتی ئەنجامدانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەوانە ئەشکەنجەدانی لانی کەم 30 خۆپیشاندەر، لە بنکەی دەستبەسەرکردن لە دۆمای سوریا، تاوانبار کرا.
وەک هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، ئەڵمانیا دەتوانێت بە پێی بنەمای دەسەڵاتی دادوەری جیهانی بۆ جێبەجێکردنی تاوانی جدی تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجامدرابن، دادگایی کەسانی تۆمەتبار بە تاوانی گەورە بکات.