Accessibility links

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت سەرنەکەوتنی گفتوگۆ ناوکییەکانی ڤیەننا لەوانەیە بژاردەی سەربازی بەدوادابێت 


ڕێکخراوی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لەڕاپۆرتێکی نوێیدا هۆشداری ئەوە دەدات ئەگەر ئێران و زلهێزەکانی جیهان لەگفتوگۆکانی ڤیەننادا، کە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بەڕێوەدەچێت، پێشکەوتنێکی مانادار بەدەست نەهێنن، ئەوا ڕێککەوتنە ناوکییەکە دەگاتە خاڵێک کە ڕێگای گەڕانەوەی نامێنێت و ڕەنگە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، ڕێوشوێنی تر بگرنەبەر کە ڕەنگە بژاردەی سەربازیشی تێدابێت و ئێرانیش زیاتر لە جاران گەشە بە تەنگژە ناوچەییەکان و بەرنامە ناوکییەکانی بدات.

ڕاپۆرتەکەی کە ڕۆژی دووشەممە 17ی ئەم مانگە بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر و پێشکەوتووتر دەبێت.

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت دەسەڵاتدارانی کۆنەپارێزی ئێران گومانیان لە بەهاکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکە هەیە و لەو باوەڕەدان ئابووری وڵاتەکەیان لەو شۆکەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە تووشی بووە، لە ئێستادا ڕزگاری بووە.

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، تێڕوانینی بەرپرسانی ئێران بە هەڵە و لاواز دەزانێت و دەڵێت پێشکەوتنی ناوکی دەتوانێت پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ چین و ڕوسیاشدا لاواز بکات و لە سەرووی هەموو شتێکیشەوە، نزیک بوونەوە لە بەدەستهێنانی توانای چەکی ناوکی واتە بەدەستهێنانی هەموو توخمە پێویستەکانی بەرهەمهێنانی بۆمبێک بەبێ بەرهەمهێنانی، یان وروژاندنی ئەمەریکا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هیچ سودێکی بۆ ئێران نابێت و لەوانەیە کاردانەوەی واشنتنی بەدواوە بێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا، گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ڕێکارەکانی خۆی بۆ بەرەوپێشچونی زۆرتر لە دانوستانەکاندا خستوەتە ڕوو و دەڵێت ئێران و ئەمەریکا دەبێت دوایین دەرفەتەکان بەکاربێنن بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە.

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی هەروەها پێشنیاری ئەوەی کردووە کە لایەنەکانی دانوستانکار لە دەرەوەی چوارچێوەیڕێککەوتنەکە، گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دیکە بکەن، لەوانەش کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و دراوسێ عەرەبەکانی و چارەنووسی ئەو زیندانییانەی کە هاووڵاتی وڵاتانی دیکەن و لە ئێران دەستبەسەرن و هەروەها گفتوگۆش سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ بازرگانی مرۆیی بکەن لەگەڵ ئێراندا هاوتەریب لەگەڵ وتووێژەکانی ڤیەننادا.

عەلی واعێز، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئێران لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای زیاتر لە 50 چاوپێکەوتنە لەگەڵ بەرپرسانی بەشداربوو لە ڕێککەوتنەکەدا و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ئامادەکراوە.

پێشتریش لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی ئەگەر ڕێگای دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران کە بە گوتەی ئەو باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، شکستبهێنێت، ئەوا ئامادەن بۆ ئەوەی ڕوو لە بژاردەی دیکە بکەن.

XS
SM
MD
LG