کاربەدەستان ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند بەهۆی تەقینەوەی سێ بارهەڵگری سووتەمەنی 3 کەسێک کوژراون و ئاگرێک لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی کەوتەوە، لە کاتێکدا گروپی حوسەیەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن دەڵێن ئۆپراسیۆنی سەربازیان لەناو قوڵایی خاکی ئیماراتدا دەستپێکردووە.
بزوتنەوەی حوسی کە شەڕی هاوپەیمانی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەکات و میرنشینی عەرەبیش دەگرێتەوە، چەندین جار هێرشی موشەکی و فرۆکەی بێ فرۆکەوان لە سنووری عەرەبستانی سعوودی ئەنجامداوە، بەڵام چەندین هێرشی لەو جۆرەی بۆ سەر ئیمارات کردووە، کە زۆربەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیماراتەوە بەرپەچ دراونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەت WAM ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی سێ بارهەڵگری سووتەمەنی لە ناوچەی پیشەسازی موسافە لە نزیک عەمبارەکانی کۆمپانیای نەوتی ئەدنۆک سێ کەس کوژران و شەش کەسی دیکەش برینداربوون، ئەو کەسانەی کە کوژراون دەوترێت دوو هیندی و یەکێکیان پاکستانیە.
لە گرتە ڤیدیۆیەک کە پشتڕاستنەکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە نیشانی دەدات دووکەڵێکی زۆر لە ناوچەی موسافە بەرزدەبێتەوە.
پۆلیسی ئەبوزەبی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەشێکی فڕۆکەیەکی بچووکیان دۆزیوەتەوە کە پێدەچێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بێت لەو دوو ناوچەیە کەوتوون و بوونەتە هۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە."
وتەبێژی سەربازی حوسیەکان یەحیا سەریع لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت گرووپەکە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی "لە قوڵایی ئیمارات" دەستپێکردووە و لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا وردەکارییەکان ڕادەگەیەنێت.
هێزەکانی هاوپەیمانانی لایەنگری ئیمارات بەم دواییانە چوونە پاڵ شەڕی دژی حووسییەکان لە هەرێمەکانی بەرهەمهێنانی وزەی یەمەنی شەبوا و ماریب.
حوسییەکان بەم دواییانە داواکارییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕەتکردەوە بۆ ئازاد کردنی کەشتییەک کە ئاڵای ئیماراتی پێوەیە و لە سەرەتای ئەم مانگە دەستیان بەسەردا گرت و دەڵێن ئەو کەشتییە چەکی تێدابووە.
جەنگی یەمەن بۆتە کارەساتێک بۆ ملیۆنەها هاوڵاتی کە لە ماڵەکانیان هەڵاتوون و زۆرێکیش لە لێواری برسیەتیدان، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهان ناوی دەبات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز