Accessibility links

د. لەتیف ڕەشید: داوام لە هیچ لایەنێک نەکردووە واژوم بۆ بکات و پشتگیریم بکات


دکتۆر لەتیف ڕەشید، کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت ئەو کە خۆی کاندیدکردووە پرسی بە کەس نەکردووە، وە لەو سۆنگەوەی باوەڕی بە دیموکراسیـیە هەموو کەس مافی هەیە لەو پرۆسەیەدا بەشدار بێت.

دەشڵێت بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی پرۆگرامەکەی پەیوەندی لەگەڵ هەموو هێز و کوتلەکان کردووە و زۆربەیان پشتگیری پرۆگرامەکەیان کردووە.

دکتۆر لەتیف ڕەشید لە سەرەتای وتووێژەکەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی ئامادەنەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا کاندیدی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە یاخود خۆی بەسەربەخۆ خۆی کاندید کردووە، وتیشی" لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەم کردووە بەڵام داوام لە کەسیان نەکردووە واژۆم بۆ بکەن ڕێککەوتنم لە گەڵ بکەن تێگەیشتنی باش هەیە لە نێوان من و هەموو لایەنەکاندا."

"لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەم کردووە"

سەبارەت بەوەی ئایا لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش قسەی کردووە؟ د. لەتیف ڕەشید وتی” وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە، وتم لەگەڵ هەموو لایەکان قسەم کردووە، بە بڕوای من ئەو شتانەش هەمووی بە ڕێککەوتن دەبێت، ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسییە و کەس گەرەنتی پێش وەختە وەرناگرێت دەردەچێت یاخود دەرناچێت."

"بەرنامەی د. لەتیف ڕەشید"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا د. لەتیف ڕەشید چ شتێکی نوێی پێیە کە لە دوای 2003 وە سەرۆک کۆمارەکانی تر نەیانتوانیووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی بکەن؟

لە وەڵامدا د. لەتیف ڕەشید وتی"ئەوە پرسیارێکی زۆر چاکە، ئەوەی کە بە منە، من حەز دەکەم پەیوەندییەکی زۆر توند هەبێت لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقدا، چونکە حکومەتێکی بەهێزی ناوەند و حکومەتێکی بەهێزی هەرێم لە بەرژوەندی هەموو عێراقە بە کورد و عەرەبەوە، وە ئێمە لەو ڕێگایەوە دەتوانین پێشکەوتنێکی باش بکەین لە عێراقدا، هەروەها پێویستە هەوڵبدەین ئەو کێشانە ئەگەر هەیە بە زووی چارەسەر بکەین لە بارەی بابەتی نەوت-بودجە -ماددەی 140 ی دەستوری عێراقیە، بە بەرنامەیەکی ڕێک و پێک خەریکی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بین کە ئەگەر هەبێت، دوایش دەبێت تەرکیز بکەینە سەر خزمەتگوزارییەکان کە بۆ هەموو بەشێکی عێراقی باشتر بکەین، ئەوە هیوا و ئامانجی منە، هەروەها ئەمن و ئاسایش بۆ خەڵکی عێراق دابینبکەین."

"من گوێم لەوە نەبووە هیچ کەس بڵێت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئەو گرنگیەی نیـیە و پۆستێکی تەشریفاتیە"

سەبارەت بەوەی دەوترێت پۆستی سەرۆک کۆماری لە عێراقدا، پۆستێکی تەشریفیە، د. لەتیف ڕەشید دەڵێت" من لەگەڵ ئەوەدا نیم، چونکە بە پێی دەستوری عێراقی، کە دەڵێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراقدا پێکدێت لە سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران."

هەرچەندە هەندێک بۆچونیان هەیە دەڵێن"پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پۆستێکی تەشریفاتیە و دەسەڵات و گرنگی بەو جۆرە نیـیە" بەڵام د. لەتیف ڕەشید ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو خۆی گوێی لەو قسەیە بووبێت و دەڵێت" من گوێم لەوە نەبووە هیچ کەس بڵێت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئەو گرنگیەی نیـیە و پۆستێکی تەشریفاتیە، بە پێچەوانەوە ئەوەی من گوێم لێبووە، هەموو کاتێک خەڵک ئەم پۆستەی( پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق) بە گرنگی داناوە، وە ئەگەر مرۆڤ ئەو پۆستەی وەرگرت دەبێت شانازی پێوە بکات و سەری خەڵک و عێراقیشی پێوە بەرز بکاتەوە."

"پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد گرنگی لەوەدایە"

د. لەتیف ڕەشید زیاتر ڕونیکردەوە" پۆستی سەرۆک کۆمار گرنگی بۆ کورد زیاتر لەوەدایە کە دەتوانیت بەشداری لە حکومەتی عێراق لەو ڕێگەیەوە بکەیت(بەپێی دەستور بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن) بڕیارت لە ناو حکومەتی عێراقدا هەبێت وە خزمەتی کورد و عێراق لەو ڕێگایەوە بکەیت."

"پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هێز و کوتلە و هەتا کەسایەتی کە پێویست بێت کردوومە"

د. لەتیف ڕەشید خولی ڕابردووش خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستەدا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەم جارە گەرەنتی هەیە کە دەنگ بهێنێت؟

د. لەتیف ڕەشید لە وەڵامدا وتی" گەرەنتی چی، خۆ کەس گەرەنتی بە کەس نادات، ئەوە پرۆسەیەکی دیموکراسیەتە و لەو پرۆسەیەدا من خۆم بەشدار دەکەم."

د. لەتیف ڕەشید لەسەر ئەوەی کە پێشتر پرسی بە پارتی و بارزانی کردووە بۆ خۆ کاندیدکردن وتی " من بە ڕاستی پرسم بە کەس نەکردووە، بەڵام خۆم کاندید کردووە چونکە ئیمانم بە دیموکراتیەتە، هەموو کەس مافی هەیە لەو پرۆسەیەدا بەشدار بێت، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هێز و کوتلە و هەتا کەسایەتی کە پێویست بێت کردوومە."

واتە بە پارتی و یەکێتیشەوە؟

د. لەتیف بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی ” کە پێت دەڵێم هەموو هەموو هێزێک و کوتلەیەک پەیوەندیم پێوە کردوون، بەڵام داوای ئەوەم نەکردووە پشتگیرم دەکەن یاخود نا، بەڵکو قسەمان کردووە و باسی پرۆگراممان کردووە من حەزدەکەم بۆ ئەم پۆستانە مرۆڤ بە پرۆگرامێکەوە بچێتە ناوەوە، پشتگیری پرۆگرامەکەی بکەن نەک پشتگیری کەسێتی خۆی وەک تاکە کەس. زۆربەی لایەنەکان کە قسەم لەگەڵ کردوون پشتگیری پرۆگرامەکەیان کردووم."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:52 0:00

XS
SM
MD
LG