Accessibility links

کاروانێکی کۆچبەرانی هندوراس لە گواتیمالا ڕێگەیان لێدەگیرێت بۆ ئەمریکا بچن


سەدان کۆچبەر کە ڕۆژی شەممە لە شاری سن پێدرۆ سۆلای ھندوراسەوە بە هیوای گەیشتن بە ئەمریکا کۆچیان کردبوو، لە ئێستادا گەیشتوونەتە ناو خاکی گواتیمالا و لەوێ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕێگریان لێ کراوە، و دەستیان کردوە بە گفتوگۆ بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، 300 کۆچبەری کە بە زۆری خەڵکی ھندوراس و نیکاراگوا بوون، خۆیان گەیاندبووە کۆرینتۆ و هندوراس، و ڕۆیشتبوونە ئیزابال لە پارێزگای گواتیمالا، و لەوێ لەگەڵ پۆلیس و پاسەوانانی سەرسنووردا ڕووبەڕووبوونەوە، و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بووە.

دەزگای کۆچبەرانی گواتیمالا ڕایگەیاندوە کە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کۆچبەراندا سەبارەت بە گەڕانەوەیان بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوون دەلێت ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە گواتیمالا بمێننەوە، دەبێت ناسنامە و کارتی کوتان و تاقیکردنەوەیەکی نەرێنی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەشی ئەو دەزگایە بکەن.

کارلۆس ئێمیلیۆ مۆرالیس، بەڕێوبەری گشتی دەزگاکە گوتی "ئێمە خەڵک بە شێوەیەکی مرۆیی دەگێڕینەوە، ئێمە سنوورەکانی خۆمان دەپارێزین، ئێمە تەندروستی هەموو گواتیماڵاییەکان دەپارێزین".

حکومەتی گواتیمالا ڕایگەیاندوە تاکو ئێستا 36 کەس دیپۆرتکراونەتەوە بۆ هندوراس، چونکە مەرجەکانیان جێبەجێ نەکردووە و ڕێگە بە گروپێکی 10 کەسیش دراوە کە مەرجەکانیان جێبەجێکردوە، لەوێ بمێننەوە و مافی کارکردنیان پێدراوە.

ئەم کۆچبەرانە کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە سن پێدرۆ سۆلا گەشتەکەیان بەرەو ئەمەریکا دەستپێکردبوو، بەرەو سنووری گواتیمالا دەڕۆیشتن بەو هیوایەی کە لە گەشتێکی هەرزان و سڵامەتدا خۆیان بگەیەنن بە شوێنی مەبەست.

فابریکیۆ ئۆردۆنێز، گەنجێکی کرێکاری هندوراس کە بە هیوای دابینکردنی ژیانێکی نوێ بۆ خێزانەکەی لەگەڵ گرووپی کۆچبەراندا دەستی داوەتە ئەو گەشتە، دەڵێت "خەونی ئەوەیە لە ئەمەریکا بێت، کە بتوانێت لەوێوە زۆر شت بۆ هندوراس ئەنجام بدات".

ئەو کاروانەی کۆچبەران کە ئەمساڵ تۆمارکران، یەکەم جار نزیکەی 600 کەسی تیابووە، بەڵام بەسەر چەند گروپێکدا دابەشکراون بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە حکومەتی گواتیمالا بدزنەوە و لە ڕێگای نایاساییەوە بۆ ئەمەریکا تێپەڕن.

ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران کە ژمارەیەکی زۆریان لە ئەمەریکای ناوەندی و هایتی بوون، لە ماوەی ساڵی ڕابڕدوودا گەیشتوونەتە سنووری ئەمریکا و سەرئێشەیان بۆ بەڕێوبەرایەتیی سەرۆک جۆو بایدن دروست کردووە.

لە مانگی 12دا، کاتێک بارهەڵگرێک کە زیاتر لە سەد بیانی هەڵگرتبوو، لە باشوری مەکسیک هەڵگەڕا و تیایدا، 56 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

بنکەی سنووری ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە لەنێوان مانگی نۆی ساڵی 2020 تا مانگی نۆی ساڵی 2021 ، لەگەڵ زیاتر لە 1.6 ملیۆن کۆچبەردا ڕووبەڕوو بوونەتەوە و ئەم ژمارەیەش چوار جار زیاترە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

بایدن پشتگیری لە یارمەتییەکی 7 بلیۆن دۆلاری بۆ گواتیمالا و ئێل سالڤادۆر و هندوراس کردووە، بەو هیوایەی کە بارودۆخی ئابوری ئەو وڵاتانە باشتر بێت و کۆچکردنی خەڵکەکەی کەمتر ببێتەوە.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئەمەریکا سیاسەتێکی کۆچبەری کاراکردەوە کە رێگە بە کۆچبەران دەدات لە مەکسیک چاوەڕێی بکەن. وەزارەتی دەرەوەی مەکسیک بەرنامەکەی ئەمەریکای پشتڕاست کردۆتەوە، و ڕایگەیاندوە کە بە هۆکاری مرۆیی، ڕێگە بە کۆچبەران دەدەن بە شێوەیەکی کاتی بمێننەوە و نایانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

XS
SM
MD
LG