Accessibility links

هەلەو واشنتن: کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی عێراق


دوا بەدوای یەکەم گرتبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی، چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق کە بەشی کوردە، مشتومڕی زۆر بە دوای خۆیدا بهێنێت، بە تایبەتی ئەوانەی بۆ ئەو پۆستە خۆیان کاندید کردووە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، کە هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمەکە پارتی و یەکێتی لە نێو خۆیاندا بڕاندبوویانەوە.

ئەمساڵ ژمارەی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق زۆرترە. هەرچەندە لە 2018 هەریەکە لە پارتی و یەکێتی کاندیدی خۆیان هەبوو، لە هەڵبژاردنێکی مشتو مڕ ئامیزدا کاندیدەکەی یەکێتی بردیەوە و بەرهەم ساڵح بووە سەرۆکی عێراق.

لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن ئەو مژارە گەرمە تاوتوێ کراوە لەگەڵ هەریەک لە مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەوان عەزیز رەئوف هەروەها مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەوان سامان ساڵح فەرەج، هەردوو لایان پێیان وایە ڕووداوەکان ئەوەندە خێراو پڕ گۆڕانکارییە، ئەستەمە بتوانیت شیکارێکی وردی دۆخەکە بکەیت.

ئەڵبەتە کاندیدەکانی کورد بۆ سەرۆک کۆمار تادێت بەرە و و زیاتر دەروات، بەڵام ئەگەر پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی براوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر کاندیدەکانیان سوور بن کە تاوەکو ئێستا ماوەتەوەو بە فەرمی خۆیان کاندید کردووە کە هەریەکە لە بەڕێزان دکتۆر بەرهەم ساڵح و هوشیار زێباری و دکتۆر لەتیف رەشید خۆیان پاڵاوتووە، جگە لەوانیش هەریەک لە بەڕێزان رێبوار ئەورەحمان لە نەوەی نوێ و حاکم رزگارئەمین و خالید سدیق خۆیان پاڵاوتووە.

لەوتووێژەکەمان لە بەرنامەی هەلەو واشنتن لەگەڵ میوانەکاندا جەخت زیاتر لەسەر ئەگەری دوو کاندیدی بەهێزی ئەم کی بڕکێیە کراوەتەوە، داخۆ بەرهەم ساڵح دەبێتە سەرۆک یان هوشیار زێباری. هەرچەندە بە پێی لێدوانەکانی پارتە هاوپەیمانەکانی پارتی دیموکرات بێت، کە توانیان 200 دەنگ بۆ سەرۆکی پەرلەمان حەلبوسی کۆبکەنەوە، رایان گەیاندووە بردنەوەی هوشیار زێباری مسۆگەرە.

لەو بارەیەوە سامان ساڵح دەڵێت "بەپێی ئەنجامی پێشووی چەند رۆژی رابردووی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان شرۆڤە بکەین، بەپێی ئەو پاکیجەی پارتی و سەدرو عەزم و تەقەدوم کە توانیان 200 دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆبکەنەوە، بەهەمان شێوە ئەگەر هوشیار زێباری داخڵی دەنگدانەکە ببێت، هەمان ئەنجام دوبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە کۆمەڵێک ململانێی ترەوە هەیە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا. من پێم وایە ئیلتیزاماتەکانی پارتیش لە بەرامبەر سەدرو سونەکان دەبێت جێبەجێ بکرێت کە سەرۆک کۆمار لە پارتی بێت، ئەوەش بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پاکێجانەی ئەوان دایان ناوە کە ئەوەش کۆمەڵیک لینکە کە پەیوەندیان بە یەکترەوە هەیە، لەوانەیە سونەو سەدریەکان قبووڵی نەکەن لە خاڵێک لە خاڵەکاندا پارتی بکشێتەوە، بە تایبەتی رەزامەند بن بە سەرۆکێک کە لە یەکێتی بێت و لەو هاوپەیمانە نەبێت".

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە دوای 2003 ەوە پۆستێکی زیاتر تەشریفاتییەو زۆربەی دەسەڵاتەکانی عێراق لە ژێر دەستی سەرۆک وەزیراندا بووە، بەڵام پۆستی سەرۆک کۆمار بەشی کوردەو تا وەکو خوڵی پێشووش بەشی یەکێتی بووە، بە پێی ئەو رێکەوتنانەی رابردوو کە لەگەڵ پارتیدا هەیان بووە. بە بڕوای عەزیز ئەم هەوڵەی پارتی زیاتر هەوڵێکی تەکتیکییە، بۆ بەدەست هێنانی پارێزگاری کەرکوک ، یاخود فشار کردنە سەر یەكێتییە بۆ گۆڕینی بەربژێرەکەیان بەرهەم ساڵح، کە پارتی رایان گەیاندووە کە دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار کە لە یەکێتییە دڵخوازی ئەوانیش بێت، لەو بارەیەوە عەزیز رەئوف دەڵێت "نازانم تاوەکو ئێستا رۆڵی سەرۆکی کۆمار بۆ کورد چی بووە کە لە لای یەکێتی بووە، ئەی ئەگەر لای پارتی بێت چی رودەدات، خۆی لە خۆی دا دۆخەکە شەرم هینە، لە دوای ڕیفراندۆمدا شەر بکەیت لەسەر پۆستەکانی عێراق، ئەم برادەرانە شەریان بوو لەسەر ئەوەی کە دەبنە دراوسێی عێڕاق و جیادەبنەوە و دەوڵەتی کوردی دروست دەکەن.

ئەوەی ئێستا هەیە بەرژەوەندی هێزە سیاسییەکانە، نەک دۆزی کورد و کێشەی خەڵک، کێشەیەکی تەواو حیزبییە، ئەم چەند رۆژەش لە پەرلەماندا دەنگ کڕین دەست پێدەکات، دەزانی دەنگی پەرلەمانتارێک دەگاتە ملیۆنان دۆلار، لیست هەبووە لە دەنگدانیان بە حەلبوسی 50 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە، ئەوەی ئیستا پارتی دەیکات تەنها شەڕێکە بۆ ئەو کاراکتەرەی یەکێتی کە لە 2018 دا قسەی پارتی شکاند، بەڵام لەو باوەریەدام لە دوا ساتدا کاندیدەکەی پارتی بکشێتەوەو پۆستەکە لە بەرژەوەندی یەکێتی یەکلایی ببێتەوە".

پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی هەرێمی کوردستان بوو هەر زوو لە وتاری سیاسییەکان و لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیشدا جەختیان لەسەر یەک وتاری کورد لە بەغدا دەکردەوە، بەڵام ئێستا پارتی لە بەرەیەکە لەگەڵ سەدرو سونەکان، یەکێتیش لەگەڵ بەرەی هاوپەیمانی شیعەکان، ئایا ئەو کێبڕکێیەی نێوان پارتی و یەکێتی کار ناکاتە سەر پەیوەندییەکانیان لە هەرێمی کوردستان کە هەر لایەو زۆنی خۆی هەیە و ناوچەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە.

لەو بارەیەوە عەزیز رەئوف پێی وایە لە ساڵی 2018 کە کێبڕکێی سەخت لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەبوو لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ روینەدا، ئێستاش هیچ رونادات "ئەوسا پێکەوە کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمیان دروست کردوو، ئەم جارەش هەروا دەبێت، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییە ئابورییەکان ئەوەندە فراوان وگەورەن هیچ لایەکیان ریسکی بەو شێوەیە ناکات، ئەو دوو هێزە خاوەنی بەرژەوەندی ئابووری گەورەن، لەو بروایەدا نیم لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بدەن، ئەم دۆخە لە پشتەوە ئیدارە دەدریت، نازانین لە پشتی پەردەوە چی دەگوزەرێت، هەموو بەربژێرەکانیش باش دەزانن کە هەلبژاردنیان بە پرۆسەیەکی دیموکراسی و دەنگدان ناروات بەڕێوە، بەڵکو زیاتر دەبێت رێکەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر پارتی ئەو پۆستە بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە بە دڵنیاییەوە درزێکی گەورە دەکەوێتە نێو پەیوەندیەکانی هەردوو حیزبەکە".

لە رابردوو بەردەوام سونەکان وسەدرییەکانیش تا رادەیەک دژ دەرکەوتوون لە مەڕچارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێ ناکۆکەکان کە لە مادەی 140 ی دەستوردا جێگیر کراوەو کوردیش بەردەوام جەخت لە جێبەجی کردنی ئەو مادە دەستورییە دەکاتەوە، بە تایبەتی دەرهەق بە چارەنووسی پارێزگای کەرکوک، ئەڵبەتە هەر هاوبەندی و دروست کردنی کوتلەیەکی پەرلەمانی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش هاوپەیمانێتیەکە دروست دەکات، ئایا مادەی 140 و ئەو داخوازیانەی تریش کە حیزبە کوردیەکان باسی دەکەن و لە نێویشیاندا پارتی دیموکرات.

ئایا ئەم خولە کە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانیە وەک سەدر دەڵێت، ئەو مادانە شیانی جێبەجێ کردنیان هەیە،؟ لەو بارەیەوە سامان ساڵح دەڵێت "بڕوا ناکەم ئەم حکومەتە حکومەتی جێبەجێ کردنی بەندە دەستورییەکان بێت، وەک لەوەی زیاتر حکومەتێکی خزمەت گوزاری دەبێت وحکومەتێک هەوڵ بدات رێژەی بێ کاری کەم بکاتەوەو هەلی دامەزراندن وچاکسازی بکات، بە تایبەتی لە عێڕاقدا ئاستی خزمەت گوزارییە گشتییەکان لە ئاستێکی زۆر خراپ دایە، ئەزانی سەدر باس لە حکومەتێکی باوکایەتی دەکات، هەرگیز ئەو جۆرە دەسەڵاتە هی ئەوە نییە داوای جێبەجێ کردنی ئەو کێشانە بکات کە ساڵانێکە کورد بە دوایدا دەگەڕێت".

بۆ درێژەی بەرنامەکە کرتە لەم فایلە دەنگیەی خوارەوە بکە

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:35:29 0:00


XS
SM
MD
LG