Accessibility links

سیناریۆکان لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوە یاخود بەردەوامبوونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق


دوای تێپەڕبوونی 4 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دا، دادگای فیدراڵی هەموو دەسەڵات و کارەکانی ئەو دوو دەستە سەرۆکایەتیە تازە هەڵبژێردراوەی ڕاگرت، بەهۆی تۆمارکردنی دوو سکاڵا لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی دەستەکە.

پەرلەمانی نوێی عێراق لە ڕۆژی 9/1 یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا، دانیشتنەکە لەلایەن مەحمود مەشهەدانی بەتەمەنترین پەرلەمانتارەوە بەڕێوەبرا، بڕیاربوو خۆی یەکێک بێت لەکاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لەپڕ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بەبیانووی ئەوەی دۆخی تەندروستی تێکچووە.

گواستنەوەی مەشهەدانی بۆ نەخۆشخانە ئیش و کارەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی ڕانەگرت، بەو پێ یەی بەشێک لە هێزەکان نەخۆشکەوتنی کوت و پڕی مەشهەدانیان بە "سیناریۆ" دانا، بۆیە هەریەک لە ڕەوتی سەدر و پارتی دیموکرات و عەرەبی سونە درێژەیان بە دانیشتنەکەداو بەسەرپەرشتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دوای مەشهەدانی، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان هەڵبژارد.

دواتر لە دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یاسایی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تۆمارکرا، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن مەحمود مەشهەدانیەوە تۆمارکراوە، بە بیانووی نایاسایی بوونی درێژەدان بە دانیشتنەکە، لە غیابی ئەو و لەکاتی نەخۆشکەوتنە کوت و پڕەکەیدا.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژێک پێش دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو"ئەوانەی شارەزای کەسایەتی مەشهەدانین، تێدەگەن لەوەی مەشهەدانی کار بۆ درێژەدان بەدانیشتنەکانی پەرلەمان لە ژێر سەرپەرشتی خۆی دەکات."

کاتژمێر 3 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجەشەممە، دوا وادە بوو بۆ پڕکردنەوەی داواکاری خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و کەسایەتی جیاواز فۆرمی خۆ کاندیدکردنیان پڕکردەوە، بەڵام ڕاگرتنی ئیش و کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیش ڕاگرت.

زانا ڕۆستایی شارەزای بواری یاسایی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەموو دادگایەک بەپێی یاسا بۆی هەیە، کاتێک سکاڵایەکی گرنگ یان کارێکی بەپەلە دێتە پێش، هەر کارێک ڕابگرێت تا سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە."

ڕوونیشیکردەوە، دەبێت دادگای فیدراڵی بەپەلە ئەو دوو سکاڵا یەکلایی بکاتەوە کە لەسەر دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراون، چونکە وەک ئەو دەڵێت"گەر لە ماوەی 15 ڕۆژدا، پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی نەکرێتەوە بەپێی دەستور، ئەوە دەستور پێشێل دەکرێت."

لە دەستوری عێراق دا، ئاماژەبەهیچ دەرچەیەکی یاسایی نەکراوە، تا لە حاڵەتی درێژبوونەوەی یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان دا لەلایەن دادگاوە، هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی حکومەت دوابخرێت، بۆیە گەر دادگا خێرا ئەنجامی سکاڵاکان یەکلایی نەکاتەوە و هەڵبژاردنی ئەو دوو پۆستە باڵاو سیادیە دوابکەوێت لە وادەی دیاریکراو، ئەوا گرفتی دەستوری دروست دەبێت.

گەر دادگای فیدراڵی ئەنجامی دوو سکاڵاکە ڕەتبکاتەوە، ئەوا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەست بەکار دەبێتەوە، بەڵام گەر سکاڵاکان لەبەرژەوەندی سکاڵاکارەکان کۆتاییان هات، ئەوا مەشهەدانی دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنی کاتی پەرلەمان.

زانا ڕۆستایی ئاماژەی بەوەشکرد، گەر مەحمود مەشهەدانی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری عێراق، لەدادگای فیدراڵی سکاڵاکە بباتەوە، ئەوا دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە و مەشهەدانی دەبێتەوە سەرۆکی کاتی پەرلەمان، جارێکی تر دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکاتەوە.

تۆمارکردنی سکاڵا کتو پڕەکان و ڕاگرتنی دەسەڵاتەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە، لە کاتێکدایە هەڵبژاردنی ئەو دەستەیە کێشمەکێشێکی قوڵی لەنێوان لایەنە سیاسیەکان دروستکردووە و عێراقی بەرەو لێواری ئاڵۆزی بردووە، بۆیە بەشێک لە بەرپرسان "گومان"ی سەفقەی سیاسیش بەدوور نابینن.

XS
SM
MD
LG