Accessibility links

ئاگرکەوتنەوە لە کارگەیەکی پترۆکیمیایی ئێران قوربانی لێدەکەوێتەوە 


ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئێران ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە رایانگەیاند ئاگرێکی کوشند لە کارگەی پترۆکیمیایی شازەند لە شاری ئەراک کەوتووەتەوە.

حەمید غیاسی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای مەرکەزی، بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ڕاگەیاندووە بە هۆی ئاگرکەوە، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

غیاسی بە ئیسنای ڕاگەیاند هەردوو بریندارەکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و جەستەیان بە ڕێژەی نزیکەی لە سەدا 40 سوتاوە و لە بارەی ڕووداوەکەشەوە گوتی یەکێک لە عەمبارەکانی پترۆکیمیایی شازەند، دزەیەکی هەبووە کە لە کاتی هەوڵی ستافەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردن و چاککردنی کەموکوڕییەکە، ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای مەرکەزی گوتیشی خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترین لەسەر هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە و ڕایشیگەیاند ئاگرەکە بەتەواوەتی کونتڕۆڵکراوە و کوژاوەتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ئاگرکەوتنەوە، لەوانە لە دامەزراوە ناوکی و دەزگا سەربازییەکانی ئێراندا ڕوویداوە و هەندێک کەس گومانیان هەیە بە مەبەستی تێکدەرانە بووبێت، هەرچەندە هەندێکیش پێیانوایە کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنیزۆر هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکان بووبێت.

XS
SM
MD
LG