پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە دانێشتنەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا بەڕێوەچوو، و محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و کاندیدی سوننەکان بە زۆرینەی دەنگەکان خولی دووەمی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. ئەلحەلبوسی لە خولی چوارەمی پەرلەمانیش سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە، بەوەش دوو خولی لەسەریەکی پەرلەمانە کە لەم پۆستەدایە.
بردنەوەی ئەلحەلبوسی دوای ئەوە هات کە 200 دەنگی پێدرا، و هاوکات مەحموود مەشهەدانی ڕکابەری لە هاوپەیمانی "عەزم" تەنیا 14 دەنگی بەدەستهێنا، لە کۆی گشتی 228 نوێنەر کە دەنگیان دابوو, 14 دەنگیش پوچەڵ بون و دەنگیان بەهیچکام لەو دو کاندیدە نەدابوو.
پەرلەمانی نوێی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی بۆ ماوەیەکی کاتی دواخست بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر، لەو دەمەی سەرۆکی کاتی پەرلەمان مەحمود مەشهەدانی بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە. بەڵام لەپاشاندا خالید ئەلدەڕاجی، کە لەدوای مەحمود مەشهەدانی بەتەمەنترین پەرلەمانتارە، سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراقی گرتەدەست.
شایانی باسە دوای سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە دەستەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق سوێندی یاساییان خوارد.