Accessibility links

خۆپیشاندەرانی سودان پێشنیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وتووێژ لەگەڵ سوپا ڕەتدەکەنەوە


گروپێکی سەرەکی خۆپیشاندەرانی سودان ڕۆژی یەکشەممە دەستپێشخەرییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕەتکردەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سوپادا، کە ئامانجیان گێڕانەوەی گواستنەوەی دیموکراتی ئەو وڵاتەیە لەدوای کودەتاکەی مانگی دەوە.

ئەم هەنگاوە هەوڵە نێودەوڵەتیەکان پەك دەخات کە بەدوای کۆتایی هاتن بە بنبەستی سیاسی سوداندا دەگەڕێن و پێشنیاری ئەوەش دەکات کە خۆپیشاندان بەردەوام بێت. زیاتر لە 60 کەس لە وەتای دەست بەسەردا گرتنی سوپا بەسەر وڵاتەکەدا کوژراون.

پێشنیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی شەممەدا هەفتەیەک دوای ئەوە هات کە سەرۆک وەزیران عەبدوللا حەمدۆك دەستی لەکار کێشایەوە و ئاماژە بە شکستهێنان بۆ گەیشتن بە سازانی نێوان جەنەڕاڵەکان و بزووتنەوەی دیموکراسیخواز کرد.

لە راگەیەندراوێکدا، کۆمەڵەی پێشوەرانی سودان، کە پێشەنگایەتی ڕاپەڕینیان لە دژی سەرۆکی پێشوو عومەر ئەلبەشیر کردبوو، ڕایگەیاند کە "تاکە رێگا" بۆ دەرچوون لەو قەیرانە لە ڕێگەی لابردنی جەنەڕاڵەکان لە دەسەڵاتەوە دێت. ئەوان بە دوای پێکهێنانی حکومەتێکی تەواو مەدەنیدا دەگەڕێن بۆ بەڕیوەبردنی گواستنەوەکە، و دروشمی "هیچ دانوستانێک، هیچ سازانێک، هیچ هاوبەشکردنێک لەگەڵ سوپا" یان هەڵگرتووە.

خۆپیشاندەران ڕۆژی یەکشەممە لە خەرتوم بەردەوامبوون لە ڕێپێوانەکانیان، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی بەکارهێنا، هەروەها هێزە ئاسایش لە ناوچەی بەحری تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، و بەلایەنی کەمەوە خۆپیشاندەرێک برینداربوو.

XS
SM
MD
LG