Accessibility links

پەرلەمانی عێراق بە کێشەی قوڵ و هەڵواسراوەوە یەکەم دانیشتنی ئەنجام دەدات


ئەندامانی نوێی پەرلەمانی عێراق بە ڕێکنەکەوتن و کۆمەڵێک گرفتی هەڵپەسێردراوەوە، چوونە نێو یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، بۆیە دانیشتنەکە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەنەچوو، کە بڕیاربوو لە کاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ ئەنجام بدرێت، چەند کاتژمێرێک دواخراو خرایە کاتژمێر 3 ی پاشنیوەڕۆ.

هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق کێشمەکێش و ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان بوو، بەتایبەت لەسەر پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لایەنە شیعەکان کۆک نەبوون و کێشەیان هەبوو.

هەرچەندە عەرەبی سونە لەسەر کاندیدکردنی محەمەد حەلبوسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتبوون، بەڵام مەحمود مەشهەدانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی عەزم پابەند نەبوو بەڕێککەوتنەوە و جەختیکردەوە خۆی کاندید دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەفەرمی شاخەوان عەبدوڵای بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد، لەکاتێکدا هەریەک لە موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی و سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بڕیاری خۆ کاندیدکردنیان داوە.

لایەنە شیعەکانیش بێ گرفت نەبوون، حاکم زاملی لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدکرا، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دژی کاندیدکردنی بوون، بۆیە کێشمەکێشی نێوان لایەنەکان هۆکاری دووجار دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بوو.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دواخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بەڵگەیە بۆ دۆخی شڵەژاو و ناسەقامگیری عێراق."

وتیشی"پرۆسەی سیاسی لەسەر ڕێچکەی خۆی نیە، هێزێک دەیباتەوە حکومەت پێکبهێنێت و ئەو هێزانەش دەیدۆڕێننن ببنە ئۆپۆزسیۆن، هەمووان دەیانەوێت لەحکومەت دا بەشداربن، دۆخی سیاسی هاوشێوەی لوبنان حکومەتێکی پێ قەبوڵ ناکرێت هەندێک لایەن پەراوێز بخرێت."

هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن لە دۆخەکە، پێیانوایە ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە و کورد و بەدیاریکراوی پارتی ڕێککەوتوون، هۆکاری ئەم ڕێککەوتنەش بۆ ئەجێندای دەرەکی دەگێڕنەوە، گەرچی ئەم هێزانە ڕەتیدەکەنەوە هیچ ئەجێندایەکیان لە پشت بێت.

گرفتی گەورەی بەردەم دانیشتنەکەی پەرلەمان هێزە شیعە ناڕازیەکانن، ئەگینا سونە خۆی یەکلایی کردووەتەوە و حەلبوسی کاندیدکردووە، پارتی و یەکێتیش شاخەوان عەبدوڵایان بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدکردووە، بەڵام شیعەکان ناکۆکن.

شوان محەمەدی پەرلەمانتاری پارتی ڕوونیکردەوە، پارتی و یەکێتی وەرەقەیەکی هاوبەشیان هەیە و لەسەر پرسە ستراتیژیەکانی پەیوەندیدار بە خەڵکی کوردستان ڕێککەوتوون، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی وەرەقە هاوبەشەکە ئاشکرا بکات.

هەرچەندە گومان لە ڕێککەوتنی نێوان پارتی بەدیاریکراوی لەگەڵ ڕەوتی سەدر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا کورد نایەوێت بەزەقی ببێتە بەشێک لە کێشەی نێو ماڵی شیعە، لەکاتێکدا گەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجام بدرێت، دەبێت کورد خۆی یەکلایی بکاتەوە و دەنگ بەکاندیدێکی شیعە بدات، گەر ئەوان لەنێو خۆیاندا ڕێکنەکەون.

شێرکۆ میروەیس ی سەرکردەی یەکێتی جەختیکردەوە"کورد نایەوێت ببێتە بەشێک لەکێشەی نێو شیعە، باشتریشە نەبێتە بەشێک لەو کێشە."

ناکۆکی نێوان شیعەکان گەیشتووەتە ئاستێک، پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر بەجلی سەربازی و کفنەوە چوونە نێو پەرلەمان، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی گەر بیشکوژرێن لە "حەق"لانادەن، هەروەها پەرلەمانتارانی ئیمتیداد بە توکتوک گەیشتنە پەرلەمان وەکو هێمایەک بۆ لەبیرنەکردنی خوێنی خۆپیشاندەرانی تشرین و لانەدان لەڕێچکەی هەژاران، پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتیش بەجلی کوردیەوە وەکو ئاماژەیەک بۆ شەڕی نەتەوەیی، ئەمەش ڕەخنەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەوەی پەرلەمانتاران یەکەم دانیشتنیان بە "موزایەدە"دەستپێکرد.

شوان محەمەد ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی کە بەجلی کوردیەوە بەشداری یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کردووە، دەڵێت"لەبەرکردنی جلی کوردی پەیوەندی بە نەتەوەپەرستیەوە نیە، جلی کوردی جلێکی فەرمیە و ئێمەش کوردین، بۆیە حەزمان کرد لەیەکەم دانیشتنی پەرلەماندا، بەجلی کوردیەوە بەشداری بکەین."

هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی پەنجا کۆی یەکی پەرلەمانتارانە، گەر شیعەکان لە نێو خۆیاندا ڕێکنەکەون و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، ئەوا جیا لە قوڵتربوونەوەی ناکۆکیەکان، لەکاتی دەنگدانیشدا کێشمەکێشی قوڵ ڕوودەدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:54 0:00


XS
SM
MD
LG