Accessibility links

پاکستان: لایەنی کەم 21 کەس گیان لەدەستدەدەن کە بەهۆی بەفربارین لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردبوو


بەرپرسانی پاکستان ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند بەلانی ‌کەمەوە 21 کەس بەهۆی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلەکان کە ڕێگای سەرەکی هاتووچۆ ی داخستبوو گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس ڕوویان لە شارۆچکەیەک لەناوچەیەکی شاخاوی پاکستان کرد بۆ تەماشاکردنی بەفربارین و خۆشی دەربڕین.

پۆلیس ڕایدەگەیەنێت بەلانی ‌کەمەوە 6 کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا لە سەرما ڕەقبوونەتەوە، لە کاتێکدا ڕوون نیە ئەگەر کەسانی تریش بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە لەو بەستەلەکەدا گیانیان لەدەستدا بێت یانیش بە هۆکاری دیکە.

وەزیری ناوخۆی پاکستان شێخ ڕەشید رایگەیاند لەشکر هەوڵ دەدات رێگاکان لە بەفر پاک بکاتەوە وئەو هەزاران کەسەش ڕزگار بکرێن کە هێشتا لە نزیک ناوچەی مووری گیریانخواردوە، کە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئیسلام ئابادی پایتەختەوە دوورە.

ئەو گرتەی ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن بەفر ئۆتۆمبێلەکانی داپۆشراوە و یەک مەتر بەفر لەسەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە.

عوسمان عەباسی گەشتیارێکە لەو شارۆچکەیە گیریخواردوە لە رێگەی تەلەفۆن بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پڕێسی راگەیاند "هێشتا بەفر کڕێوە دەکات و خەڵکی لە دۆخێکی نالەباردان".

لە ڕۆژانی ڕابردوودا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی پاکستان پڕبوون لە وێنە و گرتە ڤیدیۆ کە خەڵکی لەناو بەفردا یاری دەکەن، لە نزیک شارۆچکەی مووری کە ناوچەیەکی گەشتیاریە، لە سەدی 19دا بەریتانیەکان وەک بنکەیەکی سەربازی بنیاتیان ناوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی پەنجاب ڕایگەیاند مووری ناوچەیەکی مەترسیدارە و داوای لە خەڵکی کرد لەو ناوچەیە دوور بکەونەوە.

سەرۆک وەزیران عومران خان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت " دڵگران بووە بە ڕووداوەکە و دەشڵێت بەفربارینی ئەو ناوچەیە بێ وێنەیە خەڵکی بێ گوێدان بە کەش و هەوا ڕوویان کردۆتە ئەو ناوچەیە، بەڕێوەبەرایەتی و خزمەتگوزاری ناوچەکەش پێشبینی ئەوەیان نەکردوە و ئامادەکاریان نەکردوە."

XS
SM
MD
LG