Accessibility links

دەنگی ئەمەریکا سیناریۆ جیاوازەکان لەبارەی ناکۆکی نێوان لایەنە عێراقیەکان بڵاودەکاتەوە


بڕیارە سبەینێ، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر پۆستە باڵاکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت ئەنجام نەدراوە، هەرچەندە لایەنە سونیەکان لەسەر کاندیدکردنی محەمەد حەلبوسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتوون، بەڵام هێشتا ناوبراو لە نێو پێکهاتەکەیدا ڕکابەری هەیە.

لە دانیشتنەکەی سبەینێ یەکشەممەی پەرلەمانی عێراق دا، پەرلەمانتارانی عێراق سوێندی یاسایی دەخۆن و دانیشتنەکە لەلایەن مەحمود مەشهەدانی وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەبرێت، ڕەنگە هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت، بەو پێیەی

سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق یەک پاکێجن و گەرچی محەمەد حەلبوسی کاندیدی سونەیە، بەڵام کورد و شیعە لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ڕێکنەکەوتوون.

لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کە یەکێکە لە ئەگەرەکان، ئەوا لەنێوان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەردا ڕێککەوتن کراوە، حەلبوسی بۆ سەرۆک پەرلەمان و خەنجەر بۆ جێگری سەرۆک کۆمار، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارە سونەکانی نێو هاوپەیمانێتیەکەی خەنجەر ناچنە ژێر باری ئەم ڕێککەوتنەوە، بەو پێیەی سونەکان گروپ گروپ و پەرتەوازەن، ڕەنگە مەشهەدانی یەکێک بێت لە ڕکابەرەکانی حەلبوسی و بەشێک لە شیعەکانیش دەنگی پێبدەن و ڕکابەری دروست ببێت.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی نێوان شیعەکان دۆخی عێراقی بەرەو گرژی بردووە، لەکاتێکدا سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانە، کەچی دەرچەیەک بۆ ڕێککەوتن نەدۆزراوەتەوە، وتی"بۆیە ڕەنگە دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، تا ئەوکاتەی لەسەر پۆستەکان ڕێککەوتن دەکرێت."

بەپێی بڕیارە یاساییەکانی عێراق، گەر ڕێککەوتنیش نەکرێت لەسەر پۆستەکان، نابێت دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، بۆیە ڕەنگە ناوی "بەردەوامبوونی دانیشتن" یاخود "درێژکردنەوە" وەکو دەرەچەیەکی یاسایی بەکاربهێنن.

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی پەنجا کۆی یەک ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەکەی سبەینێ ی پەرلەمانی عێراق دا، سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لەماوەی یاساییدا، ڕێککەوتن لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک حکومەت نەکرێت، ئەوا گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، پۆستەکانی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمان وەکو یەک پاکێجی لێهاتووە، بۆیە دوور نیە گەر کورد و شیعە لە سەر پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ڕێکنەکەون، ڕەنگە لەدانیشتنەکەدا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت، وتی"سەدر داوای حکومەتی زۆرینە دەکات، لەکاتێکدا نابێت لەحکومەتی زۆرینەدا پێکهاتە و ژمارەی کورسی لەبەرچاو بگیرێت."

ڕوونیشیکردەوە، دانیشتنەکە لەلایەن مەحمود مەشهەدانیەوە وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەبرێت، ئەوانەی شارەزای سایکۆلۆژیا و ئەدای ئەو پیاوەن، ئاگادارن لەوەی حەزی بە درێژکردنەوەی دانیشتنەکان و مانەوەیەتی لە پۆستەکەی، چونکە سەرۆکی کاتی ڕۆڵی دەبێت لە ئاراستەکردنی دانیشتنەکان.

کوتلەی هاوپەیمانێتی حەلبوسی و عەزمی خەنجەر لەسەر کاندیدی هاوبەش ڕێککەوتوون و ڕەنگە هەندێک لەپەرلەمانتارەکانیان بەڕێککەوتنەکەوە پابەند نەبن، بەڵام پارتی و یەکێتی وەکو دوو لایەنی کوردی تائێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون، بەو پێ یەی پارتی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵەح ڕەتدەکاتەوە.

گەر پارتی دڵنیا نەبێت لە سەرکەوتنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەنێو پەرلەمان دا، کاندیدی نابێت و هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی دەدات، ڕەنگە داوای کاندیدکردنی کەسێکی تر بکات لەجێگەی بەرهەم ساڵەح، یەکێتیش تا ئێستا بەم خواستە ڕازی نەبووە و بەیەکجاریش ڕەتینەکردووەتەوە.

بەڵام شوان محەمەد جەختیکردەوە"کورد ڕێکە لەنێو خۆیدا، بۆیە وەفدی هاوبەشی پێکهێناوە بۆ گفتووگۆکن لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا."

هەموو لایەنە عێراقیەکان بەهەموو پێکهاتەکانەوە لە نێو گێژاوی قەلەقی و کێشەدان، سەدر گیرۆدەی دەست بەڵێنەکانی بووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و ناشتوانێت هێزە شیعە خاوەن چەکەکان پەراوێز بخات، ئەمەش کێشمەکێشی نێو ماڵی شیعەی قوڵتر کردووەتەوە، بەڕای چاودێران، گەر سەدر نەبێتە ئۆپۆزسیۆن و ڕازی بێت لایەنە شیعەکان بەشداری پێبکات، دەبێت پاساوێک بدۆزێتەوە، ڕەنگە تۆمەتبارکردنی کورد و سونە بێت بەوەی حکومەتی زۆرینەیان لەگەڵ پێکنەهێناوە.

عەرەبی سونەش سەرباری ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان، هێشتا گرفتاری کێشەی قوڵن، بەو پێ یەی هەندێک لەپەرلەمانتارەکان پابەند نابن و ڕکابەری دەکەن، ئەمە جگە لەوەی ناتوانن ببنە بەشێک لە کێشەکانی نێو شیعە و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەکیان ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە هێزە کوردیەکانیش، گەرچی پارتی لەیەکترنزیکبوونەوەی لەگەڵ سەدر هەیە، بەڵام دوو دڵە لەوەی ببێتە بەشێک لە کێشەی نێوان شیعە ولەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماریش، هێشتا لەگەڵ یەکێتیدا گرفتی هەیە.

بەبڕوای بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، حیزبە کوردیەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پاراستنی دەستکەوتەکان بکرێتە پێوەری ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان، وتی"کورد هەوڵیداوە خۆی بەدوور بگرێت لە کێشەی شیعە و شیعە، سونە و سونە."

لەکاتێکدا هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە ئەوەی گرفتی بۆ سەدر دروستکردووە، خواستیەتی بۆ بەشداریکردنی زۆرینەی کورد و سونە لە حکومەتدا، لەکاتێکدا دەیەوێت زۆربەی لایەنە شیعەکان بخاتە دەرەوەی چوارچێوەی حکومەتەوە، ئەمەش قورسە بۆی و ناهاوسەنگی دروست دەبێت.

هۆشیار عەبدوڵا وتی"کوردیش تائێستا لەسەر سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتووە و پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵەح ی قەبوڵ نەکردووە، سونەکانیش ڕووبەڕووی ئیحراجی بوونەتەوە، چونکە حەلبوسی لەدەرەوەی عێراقەوە سەپێنراوە و خەنجەر ڕازیکراوە."

جەختیشیکردەوە"لەم خولەی پەرلەماندا، ئەوانەی چەک و هێزیان لایە کەمینەن لە نێو پەرلەمان، بۆیە ڕەنگە پەرلەمان ئیفلیج بکرێت یاخود سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوەخت دووبارە بێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:36 0:00


XS
SM
MD
LG