Accessibility links

ئۆکرانیا تۆمەتەکان چڕتر دەکاتەوە لەسەر ئێران سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فرۆکە ئۆکرانیاکە لە ساڵی 2020


ئۆکرانیا تۆمەتەکانی خۆی چڕکردۆتەوە لە بەرامبەر ئێران و دەڵێت ڕۆڵێکی خراپی بینیوە لە خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرانیا لە ساڵی 2020 بەسەر تاراندا، لە کاتێکدا جیهان یادی دووەمین ساڵی ئەو کارەساتە دەکاتەوە.

ئۆلیکسی دانیلۆڤ سکرتێری ئەنجومەنی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکای بەشی فارسیدا گوتی: "ئەوەی لە 8ی مانگی یەکی ساڵی 2020 ڕوویدا کارێکی تیرۆریستی بوو دژی فڕۆکەیەکی مەدەنی."

دانیلۆڤ هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی هاوکاری ئێران لە لێکۆڵینەوە و دابینکردنی قەرەبوو بۆ دابەزینی گەشتی ئاسمانی ئۆکرانی پی ئێس 752.

ئێران دانی ناوە بەوەی کە مووشەکێکی هەڵداوە و بەر فڕۆکەکە کەوتووە، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی هەر 176 سەرنشینەکەی فرۆکەکە، بەڵام ڕووداوەکەی بە نەخوازراو وەسفکرد و گوتی بەهۆی ناکۆکی لە سیستمی بەرگری ئاسمانی و هەڵەی مرۆیی بەکارخەرانی مووشەکدا بووە، فڕۆکەکە ئۆکرانیەکە چەند خولەکێک بەر لە ڕووداوەکە لە تاران دەرچوو بوو، کە زۆربەی سەرنشینەکان ئێرانی و کەنەدی بوون لە کیڤەوە گەشتیان دەکرد بۆ کەنەدا.

ئەو هێزە ئێرانیانەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیایان خستە خوارەوە لە ئامادەباشیدان بوون بۆ وەڵامدانەوەیەکی ئەمەریکا و هێرشێکی موشەکی کە چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕووداوەکە ئێران دەستی پێکردبوو بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق، ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر سەربازانی ئەمەریکا و دەیان برینداری لێکەوتەوە.

لە تۆڵەی ئەوەی پێنج ڕۆژ پێشتر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی لە فرۆکەخانەی بەغدا کردە ئامانج.

دانیلۆڤ، باسی لەوەش کرد، کە پێشتر و دوای مووشەکی پێش بەرەبەیانی ئێران بۆ گەشتی ئاسمانی پی ئێس 752، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەیان بە فڕۆکەکانی دیکەی مەدەنی دابوو لە فڕۆکەخانەی تارانەوە دەربچن، ئێمە دەتوانین وای دابنێین کە ئەوان (ئێرانییەکان) بە تایبەتی چاوەڕوانی فڕۆکەکەی ئێمە بووبن."

دانیلۆڤ گوتی ئەوانەی کە گوایە چاوەڕێی لێدانی فڕۆکەی یو ئای ئەی بوون گەورە بەرپرسانی ئێرانی بوون، گوتیشی "دەبێت فەرمانێک بێت لە بەڕێوەبەرایەتی باڵاوە درابێت، ئەگەرنا هیچ کارپێکەرێکی بەرگری ئاسمانی ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات."

تۆمەتەکانی بەرپرسی ئاسایشی ئۆکرانیا سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە ڕووداوەکە توندتر و وردتر بوو لە تۆمەتەکانی پێشووی.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG