Accessibility links

هەلەو واشنتن: چارەنووسی کەرکوک لە دەستی یەکێتی و پارتی بە کوێ دەگات


کەرکوک-بە کامێرای دڵشاد ئەنوەر
کەرکوک-بە کامێرای دڵشاد ئەنوەر

هەردوو لایەنی کوردی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی، لە بەغدا پێکەوە بەشداری دانوستانەکانی دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق دەکەن، سەرەڕای کێ بڕکێی شاراوە و ئاشکراکانیان لە هەمبەری یەکتری، پرسی کەرکوک و دەست نیشان کردنی پاریزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، کەوتووەتە نێو گفتوگۆکانیانەوە.

لەم بەرنامەیەی ئەم هەفتەیەی هەلەو واشنتن تاوتوێی چارەنوسی ئەو شارە و پێشهات و ئەگەرەکانی دەکەین، لەگەڵ هەریەک لە میوانانی بەرنامە شوان داودی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێڕاق لەسەر پشکی یەکێتی و کاوێز مەلا پەروێز نوسەر و کادری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک.

ساڵانێکە ڕروداوەکانی ناو کەرکوک وامان پێ دەڵێن کە کورد سەردەمانێک زۆربەی پۆستە ئیداری و گرنگەکانی شارەکەی بەدەستەوە بووە، بەڵام نەیان توانیوە چارەنوسی سیاسی شارەکە بگەیەننە ئاستی ئەو داخوازیە سیاسی و دروشمە گەورانەی هەردوو پارتەکە بەرزیان کردبۆوە کەکەرکوک کوردستانییە و ویستویانە لە رووی ئیدارییەوە کەرکوکیش بەشێک بێت لە هەرێمی کوردستان.

شوان داودی دەڵێت "وا دانراوە کەرکوک پرسێکی ستراتیژی کوردە، بەڵام ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو بینیمان، ئەوەی لەناو ستراتیژی کوردا بوونی نەبێت، پرسی کەرکوکە. ئەو دۆخەی کەرکوکی ئێستا دەرئەنجامی سیاسەتی نا واقیع بینانەی سەرکردایەتی سیاسی کوردە، هەموو چوار ساڵ جارێک کە پرسی پیکهێنانی حکومەتی عێراقی دێتە کایەوە، باسی پرسی کەرکوک دەکەن و دەکرێتە کارتێکی دانوستانەکان، تاوەکو فشار لەسەر یەکتری بکەن، کەرکوک وەک کارتێکی فشاری دانوستانەکان بەکار دەهێنن، تاکە زەرەر مەندیش خەڵکەکەی کەرکوکە بە گشتی و کورد بە تایبەتی".

لە دوای پرۆسەی روخانی سەدام حسێن، کوردیش لە کەرکوک و زۆربەی ناوچە جێ ناکۆکەکان کە ناوچەی زۆر فراوانن و یەکلایی نەکراونەتەوە و ناوی ناوچەی جێ ناکۆکیان لێ نراوە، ئەوەش بە هۆی سیاسەتی بە عەرەب کردنی ناوچە کورد نشینەکانی پارێزگای کەرکوک و تکریت و موسڵە، لەسەردەمی رژێمی رابردوودا. بەڵام کورد لە دوای گەرانەوەیان بۆ ئەو ناوچانە لە رووی سیاسیەوە توانیویانە ئەو مافانە بگەڕیننەوە کە لە دەستوری نوێی عێڕاقیشدا ئاماژەیان بۆ کراوە.

لەو بارەیەوە کاوێز مەلا پەروێز دەڵێت "تێگەیشتنی حیزبی ئێمە بۆ مەسەلەی کەرکوک زیانی یەکجگار زۆری بە پرسی کەرکوک گەیاندووە، ئەو ململانێیانەی نیو ماڵی کوردی خزمەتی سەرەکی بەلایەنی بەرامبەر گەیاندووە کە عەرەب وتورکمان بووە. فرسەتی زۆر گەورەمان هاتە پێش، بەڵام ئەم تێگەیشتنە حیزبییە، دۆخێکی وەهای هێناوەتە پێش پرسی کەرکوک زۆر بچووک بکەینەوەو تەسلیمی قەدەری بکەین، لەو سەردەمانەی کە دەسەلاتیشمان هەبووە، نەمان توانیوە لایەنەکانی تری وەک عەرەب و تورکمان لە خۆمان رازی بکەین، وەک چۆن ئێستا لایەنی کوردی لە شارەکە هەست بە نادادی دەکەن، حیزبەکان بە حیزبەکەی خۆشمەوە هیچیان لە ئاستی بەرپرسیاریتیدا نەبوون، پارتی ویەکێتی وەک یەک کەم تەرخەمن لەسەر مەسەلەی کەرکوک".

مادەی 140 ی دەستوور دانراوە بۆ چارەسەرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لەوەڵامی پرسیارێکدا لە شوان داودی کە خۆی ئەندام پەرلەمان بووەو نوێنەری کەرکوکیش بووە لەو پەرلەمانەدا، بۆچی لە پەرلەمانەوە کار بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادەیە نەکراوە، لەو بارەیەوە شوان دەڵێت "لە بنچینەدا کێشەو گیروگرفتە کەڵەکە کراوەکانی ئەم ناوچانە بە مادەی 140 سڕ کرا، نەوەکو چارەسەریان بکات، ببینە شارێکی وەکو کەرکوک 40 ساڵ زیاتر تەعریب کراوە بە بەرنامەو بەشێوەیەکی مەنهەجی. مومکین نییە بتوانیت بە دوو ساڵ چارەسەری بکەیت وەک لە دەستووردا هاتووە، ئێمە وەکو کورد دەرهەق بەکەرکوک بەر لەوەی گلەیی لە نەیارەکانمان بکەین با گلەیی لە خۆمان بکەین، هیچ پارتێکیان کاریان بۆ کەرکوک نەکردووە، ئەوەندەی ویستویانە خۆیان زاڵ دەربکەون و دەستیان بە زۆرترین پۆست و پرۆژەکانی شارەکەدا بگات، ئاستی ململانێکانیش ململانێیەکی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو ململانێیەکی حیزبی بووە، لە پەرلەمانیش هەندێک مادە کورد لەگەڵیدا نەبووە، لای بەرامبەریش هەروا بووە، هەندێک مادە ئێمە ویستومانە ئەوان لەگەڵیدا نەبوون".

لە دوای 16 ئۆکتۆبەرو دوای شکستهێنانی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لەو ناچانەی هێزی کوردی تێدا بوو، کەوتەوە دەستی حکومەتی عێراقی و تاوەکو ئێستاش بەو شێوەیە ماوەتەوە

ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرینەی کورسیەکانی هەرێمی بەدەستەوەیەو هەروەها لەگەڵ یەکێتیدا هاوپەیمانیەتیەکیان دروست کردووە، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حیزبە عێراقیەکاندا لە چاو رابردوو بەرەو باشتر دەچێت، ئایا دەتوانن وەبەرهینان لەو پەرەسەندنانەدا بکەن، لەو بارەیەوە کاوێزی مەلا پەروێز دەڵێت "پێویستە مەلەفی کەرکوک لە دەستی حیزبەکاندا دەربهێنرێت، ئەگەر کەرکوک بەلایانەوە مەسەلەیەکی نەتەوەیی بێت، دەبێت بدریتە دەستی دامەزراوە، نەوەک حیزب و میزاجی سەرکردەکانی، تا ئێستاش روون نییە پارتی ویەکێتی چیان لە کەرکوک دەوێت، تۆ لە دروشم گەڕێ کەرکوک کوردستانییە، ئەبێت بەرنامەیەکی رۆشن هەبێت، ئەوەش بە پارتی ویەکێتی ناکرێت، ئەو بەرنامەیە دەبێت لەدەرەوەی ئۆرگانەکانی حیزبەوە بن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:31 0:00


XS
SM
MD
LG