Accessibility links

گیانلەدەستدانی گوماناوی چالاکوانێکی سیاسی کورد لە شاری هەولێر


ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو ڕایانگەیاندوە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا تەرمی چالاکوانێکی سیاسی کورد بە ناوی ئەحمەد بێ غەم کە خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی شاری هەولێر بووە، لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی ناوبراو بینراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەحمەد، بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە کە تەمەنی ئەحمەد لە نێوان 35 بۆ 40ساڵ بووە.

بەپێی قسەی سەرچاوەکە، ئەحمەد لە هەولێر کرێکاری کردوە و هەفتەی ڕابردوو دوای ئەوەی لەسەر کارەکەی ئامادە نەبووە، خاوەنکارەکەی پەیوەندی پێوە دەکات، بەڵام وەڵامی نابێت و هەر بۆیەش ناسیاوەکانی سەردانی ماڵەکەیان کردوە بۆ ئەوەی هەواڵێکی بزانن، بەڵام تەرمی ناوبراویان لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزیەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت پۆلیسی هەرێمی کوردستان هەتاکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەحمەدەوە ڕایگەیاندوە کە "دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی هەولێر، تەرمی ئەحمەد بێ غەم بۆ توێکاری براوەتە سەنتەری پزیشکی دادوەری و ڕۆژی دواتریش تەرمەکەی بۆ بە خاکسپاردن لە شاری قەڵادزێ، ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە."

سەرچاوەکە دەشڵێت " بڕیارە پزیشکی دادوەریلەماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا، هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەحمەد ڕابگەیەنێت." گوتیشی "لەو وێنانەدا کە لەلایەن کەسوکاری ئەحمەدەوە لەکاتی شوردنی تەرمەکەیدا گیراون و بڵاوکراونەتەوە، نیشانەکانی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی بینراوە."

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ئەحمەد ماوەیەکلەمەوبەر بە هاوڕێیەکی گوتوە کە ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی چاودێری دەکات.

هاوڕێکەی ئەحمەد بەو ڕێکخراوەی ڕاگەیاندوە کە "ئەحمەد بە منی گوت ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی بە ڕەنگی سپی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دوای تەواوبوونی کارەکەم و لە ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە چاودێریم دەکات."

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەحمەد بێ غەملە ساڵی 2003 لە ئێران بە تۆمەتی بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دەستگیرکرا وسزا درا بە نزیکەی پێنج ساڵ زیندانیکردن، ناوبراو ماوەی سزاکەی لە زیندانەکانی سەردەشت و مەهاباددا بەسەربردوە.

ئەحمەد١٠ ساڵ پێش ئێستا بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناچار بووە کوردستانی ئێران بەجێ بهێڵیت و وەکوو پەنابەرێکی سیاسی ڕووی کردوەتە کوردستانی عێراق و لە هەولێر نیشتەجێ بووە.

جێ ئاماژەیە کە ئەحمەد ساڵی 2014 لە کاتی شەڕی کۆبانێدا بۆ ماوەی ساڵێک ڕۆیشتوەتە ناو ڕێزەکانی یەپەگە لە سوریا و دوای برینداربوونی لە شەڕەکەدا گەڕاوەتەوە هەولێر و لە دوای چاکبوونەوەی بووە بە کرێکارێکی بیناسازی لەو شارەدا.

بە پێی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی 2021 دا، بە لایەنی کەمەوە 4 چالاکوانی سیاسی و ئەندامەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی مەهدی ڕەزایی، ئاکۆ فەتحی، بێهرووز ڕەحیمی و موسا باباخانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کراون.

XS
SM
MD
LG