Accessibility links

بڕیاری سزای زیندانیکردنی زارا محەمەدی، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


زارا محەمەدی، لە ئەنجومەنی ئەدەبی و کولتوری نۆژین
زارا محەمەدی، لە ئەنجومەنی ئەدەبی و کولتوری نۆژین

بڕیاری سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی زارا محەمەدی، چالاکوان و مامۆستای زمانی کوردی ڕەوانەی نوسینگەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان دەکرێت بۆ ئەوەی سزای زیندانیکردنی ئەو چالاکوانە جێبەجێ بکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیندانی بکرێت.

ماڵپەڕەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها ماڵپەڕی هەنگاو ڕایانگەیاندوە کە داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی زارا بە پێی ماددەی 477ی یاسای سزادانی ئێران لە لایەن دادوەری گشتی پارێزگای کوردستانەوە ڕەتکراوەتەوە و بڕیاری زیندانیکردنی ناوبراو ڕەوانەی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە.

زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی نۆژینە لە شاری سنە.

کۆمەڵەی نۆژین دامەزراوەیەکی مەدەنییە کە بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شاری جیاوازەکانی کوردستانی ئێران خولی فێرکردنی زمانی کوردیان بەڕێوەبردوە.

زارا یەکەمجار ساڵی 2019 دەستبەسەرکرا و دوای نزیکەی شەش مانگ لێکۆڵینەوە بە کەفالەت ئازاد کرا.

پێشتریش لە ماوەی دەستبەسەربوونی زارادا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 دا، بانگەوازییەکی بەپەلەی بۆ ئازادکردنی زارا بڵاوکردەوە کە تیایدا داوای ئازادکردنی بێ مەرجی زارای کردبوو.

دوای چەند مانگێک لە ئازادبوونی زارا،هەمان ساڵ ناوبراو بە تۆمەتی "پێکهێنانی گروپ و دەستە بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لە لایەن لقی 2ی دادگای ئینقلابی سنەوە بە 10 ساڵ زیندان سزا دەدرێت.

ساڵی ڕابردوو سزای 10ساڵ زیندانیکردنی زارالەلایەن لقی 4ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستانەوە گۆڕدرا بۆ5 ساڵ زیندانیکردن.

پارێزەرانی زارا محەمەدی بە پێی مادەی 477ی یاسای سزاکان، لە دژی سزای 5 ساڵ زیندانکردنی زارا،داوای دادگایکردنەوەی ناوبراویان کردبوو کە داواکەیانلەلایەن بەڕێوبەری گشتیی دادگای سنە ڕەتکرایەوە و وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێکردوە، سزاکەی بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.

شایانی باسە کە کانی محەمەدی، خۆشکی زارا، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە زارا بە تاوانی فێرکردنی زمانی کوردی ڕووبەڕووی ئەو سزایە بووەتەوە و هەروەها ڕایگەیاندبوو کە سزاکەی زارا بەپێی یاسا و دەستور نەبووە و لە ڕاستیدا بڕیاری دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بووە، نەوەک دەزگای دادوەری ئێران.

XS
SM
MD
LG