Accessibility links

وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نزیکە و ڕێککەوتن لەسەر پۆستە باڵاکان نەکراوە


لە کاتێکدا سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی 9 ی ئەم مانگەی بۆ دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی نوێی عێراق دیاریکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچکام لە پێکهاتەکانی شیعە، کورد و عەرەبی سونە، لە نێو خۆیاندا لەسەر پۆستە باڵاکان( سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆک پەرلەمان) ڕێکنەکەوتوون.

پۆستی سەرۆک پەرلەمان، دەبێت لە دانیشتنی یەکەمدا لەگەڵ دوو جێگرەکەی یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا کوتلەی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی سەر بە محەمەد حەلبوسی و کوتلەی عەزم ی سەربە خەمیس خەنجەر ڕێکنەکەوتوون، گەرچی گفتووگۆی نێوانیان بەردەوامی هەیە.

گەر تا ساتی دەستپێکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان، عەرەبی سونە لەنێوخۆیاندا لەسەر پۆستی سەرۆک پەرلەمان ڕێکنەکەون، ئەوا دەبێت بە کاندیدی جیاوە بچنە ڕکابەریەوە، یاخود دەرەچەیەکی یاسایی بۆ دواخستنی دانیشتنەکە بدۆزرێتەوە، کە پێدەچێت ناوی بنرێت (جلسە مستمرە).

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک وەزیرانیش، کێشمەکێش لە نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعیەکانی تریش بەردەوامە، سەدرۆ داوای پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکات، لە کاتێکدا لایەنە شیعەکانی تر هەڕەشەی پێکهێنانی کوتلەی گەورە دەکەن، گەر سەدر پێداگیربێت لەسەر خواستەکانی.

پۆستی سەرۆک کۆماریش کە پشکی کوردە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەمەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دا کە لە کەرکوک ئەنجامدرا، دکتۆر بەرهەم ساڵەح لەلایەن ئەو حیزبەوە جارێکی تر کاندیدکرایەوە و بڕیارە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا گفتووگۆی لەبارەوە بکەن.

دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ڕێککەوتن ئاسان نیە، مەرج نیە لەیەکەم کۆبوونەوەدا سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان بکرێت."

بەپێی ب ەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، کوتلەی هاوپەیمانێتی پێشکەوتن بەسەرۆکایەتی حەلبوسی و هاوپەیمانێتی عەزم بەسەرۆکایەتی خەنجەر لە گفتووگۆدان، حەلبوسی سورە لەسەر هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی پەرلەمان و پێشنیاری جێگری سەرۆک کۆماری بۆ خەنجەر کردووە، بەڵام تا ئێستا ڕێکنەکەوتوون، گەر ڕێکیشنەکەون، بە کاندیدی جیاوە ڕکابەری بەدەستهێنانی پۆستەکە دەکەن.

کوتلە شیعەکانیش تا ئێستا لە مشت و مڕدان، ڕەوتی سەدر کە زۆربەی کورسیەکانی بەدەستهێناوە، پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، لەکاتێکدا هێزە شیعیەکانی تر ئەمە ڕەتدەکەنەوە و داوای حکومەتی شەراکەت دەکەن.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، یەکێشتی نیشتیمانی کوردستانیش کە پۆستی سەرۆک کۆمار بە پشکی خۆی دادەنێت، لەکۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەمەی مەکتەب سیاسیدا لەکەرکوک، بڕیاریانداوە بە کاندید کردنەوەی بەرهەم ساڵەح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەمەیان بەفەرمی ڕانەگەیاندووە، تا ئەوکاتەی لەگەڵ پارتی دیموکرات دا گفتووگۆی لەسەر دەکەن.

ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"یەکێتی بڕیاریداوە دکتۆر بەرهەم کاندید بکاتەوە، ئەوە مەرجی ئێمەیە بۆ بەشداریکردن لەحکومەت و هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ هەر لایەک."

گەر یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەون، ئەوا هاوشێوەی خولی ڕابردوو، بەکاندیدی جیاوە دەچنە نێو پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت پارتی تێبینی لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەح هەیە، بەڵام بەرپرسانی هەردوو حیزبەکە جەخت لەسەر پێکەوەیی و ڕێککەوتن دەکەنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:29 0:00


XS
SM
MD
LG