Accessibility links

دایکێکی کۆچبەری ئەفغانی لە سنووری نێوان تورکیا و ئێران لە سەرما گیان لە دەستدەدات


دایکێکی کۆچبەری ئەفغانی لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە سنووری ئێران بۆ ناو تورکیا، لەگەڵ دوو منداڵەکەی ڕووبەڕووی سەرماو سۆڵەی زستان دەبێتەوە، دایکەکە منداڵەکانی لە سەرما پاراست، بەڵام ژیانی خۆی لە دەستدا.

لە شارۆچکەی قەلقلییەی وان لەسەر سنووری نێوان تورکیا و ئێران، ژنێکی ئەفغانی لە سەرما گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ئاژانسی جین نیوز، دایکانی ئەفغانی ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی زستان دەبنەوە کاتێک دەیانەوێت لەگەڵ منداڵەکانیاندا لە ئێرانەوە بەرەو شاری وان لە تورکیا بپەڕنەوە.

ئەو دایکە کۆچبەرە پێش ئەوەی گیانلەدەست بدات، هەردوو گۆرەویەکەی پێی داناوە و خستوویەتیە دەست منداڵەکانی بۆ ئەوەی منداڵەکانی لە سەرما بپارێزێت.

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو دوو منداڵە خۆیان گەیاندۆتە گوندێکی سەر بە شارەدێی قەلقەلی و داوای هاوکارییان لە هاوڵاتیان کردووە، پاشان بە هاوکاری گوندنشینان توانراوە تەرمی دایکەکە بدۆزرێتەوە.

دوا بەدوای ئەو ڕووداوە ژمارەیەک لە پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئەو دایکە ئەفغانیە و منداڵاکانیان بڵاوکردەوە و هاوخەمی خۆیان دەربڕی، پارێزگای وانیش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان هیچ زانیارییەکیان لە بارەی ڕووداوەکەوە نییە.

سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە وان مەهمەتی کاراتاش ڕایگەیاند زۆر دڵتەنگ بوون کاتێک وێنەی ئەو دایکە کۆچبەرەیان بینیوە، وتی ئەوە شەرمەزاریەکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، کە بەداخەوە هەموو ساڵێک لە سنوری نێوان وان و ئێران ئەم جۆرە ڕووداوانە دووبارە دەبنەوە و هیچ چارەسەرێکیشی بۆ ناکرێت".

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەساڵی 2021دا 67 هەزار و 815 پەنابەری ئەفغانی دەستبەسەرکراون، کاراتاش، وتیشی: شەپۆلی کۆچبەرانی ئەفغانی بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان زیادی کردووە و لە هەموو ڕووێکەوە کۆچبەران مافەکانی ژیانیان پێشێلکراوە.

"کاتێک پەنابەران دێنە سنووری تورکیا یان سنوورەکانی ئەوروپا دەبەزێنن، سەرەتاییترین مافی ژیانیان پێشێل دەکرێت هەموو ڕێگاکانی کۆچبەریان لێ دادەخرێت و بە ناچاری ڕێگای بە قاچاخبردن دەگرنە بەر تا بگەنە شوێنە ئارامەکان، لە مانگەکانی هاویندا پەنابەران بە ڕووداوی هاتوچۆ و پەلاماری گورگەکان گیانیان لە دەستدا، لە زستانیشدا سەرما و بەفر.

جێگای ئاماژەیە، کە مانگێک پێش ئێستا، بەهۆی پەلاماری گورگەوە لە سنووری نێوان وان و ئێران، چەند کۆچبەرێک گیانیان لەدەستدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:51 0:00


XS
SM
MD
LG