Accessibility links

ئێران دەڵێت نیازی نیە بەم نزیکانە دان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا بنێت


حکومەتی ئێران لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دووپاتیکردەوە کە تاران بە نیاز نیە لە ئێستادا دان بە حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا بنێت، داواشی لە بزوتنەوەی تاڵیبان کرد کار لە پێناو بە دەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.

سەعید خەتیبزاد وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی دووشەممە گوتی "ئێمە نیازمان نیە بەم نزیکانە بە فەرمی دان بە حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا بنێین".

خەتیبزاد گوتیشی هیوا خوازین بزوتنەوەی تاڵیبان کە دەسەڵاتی لە ئەفغانستاندا هەیە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاوبنێت کە بەهۆیەوە تاڵیبان بتوانێت دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بەدەست بێنێت، هەروەها هەڵوێستی تارانی دووپاتکردەوە کە داوای پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بۆ ئەفغانستان دەکات کە ڕەنگدانەوەی نەژادی و دیمۆگرافی تێدا بەدی بکرێت.

ئێران خاوەنی سنورێکی 900 کیلۆمەترییە لەگەڵ ئەفغانستاندا، لە ساڵانی 1996 تا 2001 کە تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەفغانستان بوو ئەو کاتەش دانیپێدا نەنابوو.

لە ئێستادا نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی ئەفغانستان لە ئێرانن و تاران ترسی ئەوەشی هەیە خەڵکی زیاتری ئەو وڵاتە بچنە ئێرانەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG