Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ڤینۆس فایەق – بەشی دووهەم


ڤینۆس فایەق، شاعیر و ڕۆماننوس، لە بەشی یەکەمی وتووێژماندا باسی لە پێگەی ژن کرد لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا و بەتایبەتیش لەناو دنیای نوسیندا.

لەم بەشەی دووهەمی وتووێژماندا باس لە ئەزمونی نوسین دەکەین لە ڕوانگەی ئەرک و بەهاکانی نوسینەوە.

لەگەڵ خوێندنەوەی شیعرەکانی ڤینۆس فایەقدا، دەگەینە ئەو بەرەنجامەی ئەم شاعیر و ڕۆماننوسەمان ناخوازێت بەناو جوانکارییەکاندا بگەڕێت و بیاندۆزێتەوە، هێندەی ئەوەی دەخوازێت گوزارشتێکی ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە، لە بیرکردنەوە و دنیابینی خۆی بکات و بە زمانێکی تایبەت ئەو گوزارشتانە دەرببڕێت.

لای ڤینۆس، شیعر و نوسین هێز و گوڕێکی بەتینە بۆ بەرەنگاربوونەوە و دەکرێت بڵێم بەر لە هەموو شتێک "بەرەنگاربوونەوەی خودی خۆی" و هەر لەوێشەوە دەستدەکات بە سەفەر بەناو ئازار و ژان و چێژی نوسیندا.

هونەری نوسین، لە داهێناندایە، تێکشکاندنی تابووەکانی دوێنێ و هەوڵەکان بۆ بوون بە خاوەنی دەنگ و ڕەنگێکی جیاواز بەشێکی ئەو داهێنانانەن کە نوسەری ڕژد دەیەوێت بیگاتێ لە ڕێی تێگەیشتنێکی بابەتیانەوە لە قۆناغەکانی ڕۆشنگەرایی و بیرکردنەوە سەردەمیەکانەوە.

نوسین لای ڤینۆس، هەر تەنها لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژندا سنوردار نییە، چونکە ئەو لە ڕوانگە مرۆییەکەوە لەو دۆسێیەدا قاڵ دەبێتەوە و نوسینی ژنانیش بە بەشێکی دانەبڕاو دادەنێت لە ئەدەبی مرۆیی، لەو سۆنگەیەوەی مەرج نییە کاتێک کە ژنێک مرۆڤانە دەنوسێت ئیدی هەموو ژنبوونی خۆی بزر بکات.

لای ڤینۆس، شیعر هەر تەنها پرۆسەیەکی سادەی نوسین نییە، چەند لاپەڕەیەک ڕەش بکرێتەوە و هەرچی بە خەیاڵدا هات بە ناوی شیعرەوە یان بەناوی ئەدەبەوە بخرێتە بەر دیدی خوێنەر، ڤینۆس دەڵێت "شیعر هاتوهاوار نییە، لە بێدەنگیدا لەدایک دەبێت.. شیعر کە ئامادەبوو بێدەنگی دەشکێنێت و رێگە بە دەنگ دەگرێت و پەلاماردانی زمانە و پێکەوە لکاندنی میکانۆکانی خەیاڵ و هزر و فەلسەفە و دنیابینیمانە. باوەشگرتنەوەیە بۆ خوێنەری ڕاستەقینەی شیعر. پەناگەی نائارامەکان و کەناری کەشتیە سەفەرکردووەکانی خەیاڵە."

ئەم شاعیر و نوسەرەمان لەو کاتەوەی ناسیومە، ژیانی پڕە لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ تێگەیشتن و وردکردنەوەی هەموو دیاردەکانی وەک شکۆفتنی گوڵ و هەڵوەرینی، نهێنی نێوان شاخ و درەخت، ترس و بوێری، ئاسمان و زەوی، و چەندان دیاردەی تریش، هەربۆیەشە بەردەوام دەبینیت سەلارانە هەنگاوە شیعری و ئەدەبییەکانی خۆی دەنێت لەناو ململانێی دژەبەرەکاندا و خەریکی دروستکردنی نیشتمانێکە لە وشەی بەژن زراڤ و پرچ درێژ تا شیعر و نوسینەکانی ببنە هاوڵاتی ئەو نیشتمانەی ڤینۆس فایەق.

دەقی بەشی دووهەمی وتووێژی "ژیان لە فەرهەنگدا" لەگەڵ ڤینۆس فایەق، شاعیر و ڕۆماننوس.

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:51 0:00


XS
SM
MD
LG