Accessibility links

هاوکاتی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ روسیادا سەربازێکی ئۆکرانیا دەکوژرێت


ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند یەکێك لە سەربازەکانی لە شەرێکدا لەگەڵ جوداخوازەکانی سەر بە مۆسکۆ کوژراوە، لە کاتێكدا ئەمەریکا هۆشداری داوە بە روسیا دژ بە هەر هێرشێک بۆ سەر ئۆکرانیا.

بڕیارە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا قسە بکات، پاش ئەوەی بۆ دووەمجار هۆشداری دایە سەرۆکی روسیا ڤلادمێر پوتن کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئۆکرانیا "وەڵامێکی توندی لێدەکەوێتەوە".

لە وتارەکەی شەوی سەری ساڵیدا زیلینسکی گوتی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی "ئامانجی سەرەکی دەبێت".

لە شکریش لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاند یەکێک لە ئەندامانی هێزە لە شکرییەکان زۆر بە سەختی بریندار بووە، هەروەها ڕاشیگەیاند جوداخوازەکان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 3 هێرشیان ئەنجامداوە کە تێیدا چەکی سوک و نارنجۆک بەکارهاتوون.

لەشکر هیچ زانیاریەکی لەسەر ئەوە نەداوە کە سەربازەکە چۆن کوژراوە.

گرژی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ مۆسکۆ لە چەند مانگی ڕابروودا پەرەی سەند کاتێک ڕوسیا هێزێکی زۆری لە سەر سنوری ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا کرملن بە پلانی داگیرکاری تۆمەتبار دەکەن.

لەم هەفتەیەدا بایدن بۆ دووەمجار لە ماوەی 3 هەفتە لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتن قسەی کرد، لەو پەیوەندییەدا هۆشداری داوەتە مۆسکۆ کە ئەگەر هێرش بکات ئەوا "سزایەکی گەورەی ئابووری لێدەکەوێتەوە".

سەرۆکی روسیاش دەڵێت هەر سزاییەکی دژ بە مۆسکۆ "هەڵەیەکی گەورە دەبێت".

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG