Accessibility links

باوکان و دایکانی ئەفغانی بەهۆی هەژاری و بێ هیواییەوە منداڵەکانیان دەفرۆشن


لە ئۆردوگایەکی نیشتەجێبوون کە شوێنی مانەوەیان لە قوڕ دروستکراوە لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان بەهۆی وشکەساڵی و شەڕەوە ئاوارەبووەن و لەوێ ماونەتەوە، هەر لەوێ ژنێک بۆ ڕزگارکردنی کچەکەی هەوڵ و کۆششێکی زۆر دەدات.

هاوسەرەکەی ئەزیز گول کچە 10 ساڵانەکەی فرۆشتووە بەبێ ئەوەی ژنەکەی ئاگادار بێت، سەرەتا وەکو پێشەکی پارەیەکی کەمی وەرگرتووە بۆئەوەی بتوانێت خواردن دابین بکات بۆ خێزانەکەی کە پێنج منداڵی هەیە. سەرباری ئەوە ئەو وتی ئەگەرنا هەموویان لە برساندا دەمرن. ئەو دەبوایە یەکێکیانی بکردبایە قوربانی بۆئەوەی ئەوانی تر ڕزگار بکات.

زۆرێک لە هەژارانی ئەفغانستان کە تا دێت لە زۆربووندان بڕیاری بێ هودە دەدەن، لە کاتێکدا وڵاتەکەیان کەوتووەتە نێو بازنەیەکی داخراوی هەژارییەوە.

ڕێکخستنی هاوسەرگیری بۆ کچانی گەنج لەهەرێمەکەدا شتێکی باوە، خێزانی زاواکە پارە دەدەن بۆئەوەی مامەڵەکە بکەن و منداڵەکەش بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ دایک و باوکی دەمێنێتەوە تا تەمەنی بەلایکەمەوە دەگاتە 15 ساڵ.

لەگەڵ ئەوەشدا، هاوکاتی ئەوەی زۆرێک توانای ئەوەیان نییە تەنانەت ژەمە خۆراکی سەرەتایی بۆخۆیان دابین بکەن، هەندێک دەڵێن ڕێگە بە زاوایەکی چاوەڕوانکراو دەدەن کە کچانی زۆر منداڵ ببەن یان تەنانەت هەوڵ بدەن منداڵەکانیشیان بفرۆشن.

گول بە شێوەیەکی نائاسایی لەم کۆمەڵگا پیاوسالاریەدا کە بە تەواوی پیاوەکان دەسەڵاتیان هەیە بەڕەنگاری ئەو دۆخە دەبێتەوە، ئەو هەر لە تەمەنی 15 ساڵیەوە هاوسەرگیری کردووە و دەڵێت ئەگەر کچەکەی قەندی گول ببەن خۆی دەکوژێت.

کاتێک کە مێردەکەی پێی وتووە کە قەندی فرۆشتووە، لەوکاتەدا کە قەندی بە شەرمەوە لەژێر لەچکە ڕەنگ شینە ئاسمانییەکەوە دەیڕوانی؛ گول وتی "دڵم لە لێدان کەوت. خۆزگە دەمتوانی لەو کاتەدا بمرم، بەڵام لەوانەیە خودا نەیویستبێت من بمرم".

مێردەکەی پێی وتبوو یەکێکیانی فرۆشتووە بۆئەوەی ئەوانی تر ڕزگار بکات و ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ئەوان هەموویان دەمرن.

گول براکەی و پیاوانی ڕیش سپی گوندەکەی کۆکردبۆوە بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن بۆ "تەڵاقدانی قەندی، بەمەرجێک 100 هەزار روپێی ئەفغانی بدەن کە دەکاتە (نزیکەی 1000 دۆلار) کە مێردەکەی وەریگرتبوو لە کاتێکدا ئەو خاوەنی ئەو پارەیە نیە.

مێردەکەی هەڵاتووە؛ لەوانەیە لە ترسی ئەوە هەڵاتبێت کە گول لای دەسەڵاتداران شکاتی لێبکات. حکومەتی تاڵیبان بەم دواییانە هاوسەرگیری زۆرەملێی قەدەغەکردووە.

گول دەڵێت ئەو دڵنیا نیە کە تا چەند دەتوانێت بەرگری بکات بەرامبەر خێزانی زاواکە کە پیاوێکی تەمەن 21 ساڵە.

لە بەشێکی دیکەی کەمپەکەدا حەمید عەبدوڵڵا کە باوکی چوار منداڵە، کچە گەنجەکانی فرۆشتووە لە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەکی هاوشێوەدا، پێویستی بە پارەیەکی زۆر بووە بۆئەوەی چارەسەری ژنە نەخۆشەکەی بکات کە نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە، لە کاتێکدا ئێستا ئەو دوو گیانە بە منداڵی پێنجەمیان.

ئەو وتی کە ناتوانێت ئەو پارەیە بداتەوە کە قەرزی کردووە بۆئەوەی چارەسەری خێزانەکەی پێ بکات. سێ ساڵ لەمەوپێش، بڕێک پارەی پێشەکی وەرگرتبوو لەپای بە شودانی کچە گەورەکەی حەسران کە ئێستا تەمەنی 7 ساڵانە، لە هاوسەرگیرییەکی ڕێکخراودا کە ئێستاکە ئەو کەسە تەمەنی 18 ساڵانە.

ئەو خێزانەی کە حەسرانیان کڕیوە، چاوەڕێ دەکەن هەتا گەورە دەبێت بەرلەوەی تەواوی ئەو بڕە پارەیە بدەن و بیبەن لەگەڵ خۆیاندا. بەڵام عەبدوڵا ئێستا پێویستی بە پارەکەیە، بۆیە هەوڵ دەدات هاوسەرگیرییەک بۆ کچە 6 ساڵانەکەی نازیا ڕێکبخات بەرامبەر 20 هەزار بۆ 30 هەزار روپێی ئەفغانی کە دەکاتە نزیکەی(200 بۆ 300 دۆلار).

ئەو دەڵێت: خواردنمان نییە بیخۆین، ناتوانێت پارەی دکتۆری ژنەکەم بدەم.

ئابوری ئەفغانستان پشتی بەستبوو بە یارمەتی نێودەوڵەتی بەڵام لەو کاتەدا کە تالیبان دەستی گرت بەسەر دەسەڵات دا هەر لە ناوەڕاستی مانگی هەشتەوە هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ کشانەوە و یارمەتیە نێودەوڵەتییەکانیش نەمان.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەرمایەکانی ئەفغانستانی لە دەرەوەی وڵات سڕکردووە و کۆمەکەکانیان ڕاگرتووە و ئامادەنەبوون کار لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان بکەن بەهۆی ناوبانگی دڕندەیی تاڵیبان لە ماوەی ئەو 20 ساڵەی ڕابردوودا.

ئەو وڵاتە دووچاری ئاکامێکی خراپ بۆتەوە بەهۆی جەنگ و وشکەساڵی و پەتای کۆڕۆناوە.

چەند مانگێکە فەرمانبەرانی دەوڵەت موچەیان وەرنەگرتووە. کەمی خۆراک باڵی کێشاوە بەسەر ئەو خەڵکە کەمدەرامەتەدا و گروپ و رێکخراوە مرۆییەکانیش دەڵێن: زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە تا ڕادەیەکی زۆر ڕووبەڕووی کەمی خواردن بوونەتەوە.

ئەسۆنسا چارلس بەڕێوەبەری نیشتیمانی رێکخراوی World Visionبۆ کاری خێرخوازی لە ئەفغانستان، کە بنکەیەکی تەندروستی بۆ ئاوارەکانی نزیک شاری هێرات لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە بەڕێوەدەبات، وتی: "دۆخەکە لەم وڵاتەدا بەرەو خراپی دەچێت، بە تایبەتی منداڵان ئازار دەچێژن."

ئەو وتیشی: "ئەمڕۆ دڵگران بووم بەوەی کە خێزانەکان دەبینم ئامادەن منداڵەکانیان دەفرۆشن بۆئەوەی خواردن بۆ ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیان دابین بکەن."

بڕوا دەکرێت کڕینی کوڕان کەمترە لە کچان، لە کاتێکدا ئەمە روودەدات کە واپێدەچێت لە حاڵەتێکدا ئەو خێزانانە منداڵ بکڕن کە منداڵیان نییە.

بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ملیۆنان کەس دووچاری بێ هیوای بوونەتەوە لە کاتێکدا ئەو خەڵکە زیاتر و زیاتر ڕووبەڕووی برسیەتی دەبنەوە، هاوکات نزیکەی 3 ملیۆن و دووسەد هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ تووشی بەدخۆراکییەکی لەڕادەبەدەر بوونەتەوە.

چارلس داوا "لە کۆمەڵگەی مرۆیی دەکات کە هاودەنگ و پشتیوانی خەڵکی ئەفغانستان بکەن بە بەخشینی کۆمەک کە زۆر پێویستیان پێیەتی."

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا

XS
SM
MD
LG