Accessibility links

سەدان کەس بەشداری لە مەڕاسیمی ڕێزلێنان لە تەرمی توتو دەکەن


سەدان کەس ڕۆژی پێنجشەممە بەشداریان کرد لە مەڕاسیمی ماڵئاوایی کردن لە کەسایەتی دژە ئەپارتایدی ئافریکای باشوور، گەورە قەشە دێسمۆند توتو کە تەرمەکەی بە فەرمی بۆ ڕێزلێنان لە کڵێسای سانت جۆرجی کەیپ تاون دانرابوو.

توتوی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی کەسایەتییەک بوو کە بە شێوەیەکی فراوان لە نێوان نەتەوەو کولتورە جیاوازەکاندا ڕێزێکی زۆری لێدەگیرا بەهۆی ڕەوشتی بەرزی و پرینسیپەکانی بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتی کەمینەی سپی پێست لە ئافریکای باشوور. ئەو ڕۆژی یەکشەممە لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لەدەستانی توتو بە زیانێکی گەورە بۆ ئافریکای باشوور لێی دەڕوانرێت، کە لەوێ زۆربەی کەس بە "تاتا" باوک ناودێری دەکەن. لە ڕۆژی یەکشەممەوە ڕۆژانە زەنگی کڵێساکان بۆ ڕێزلێنان لێی لێدەدرێن و خەڵکیش لە سەرانسەری جیهانەوە لە کاتی نوێژ و نزاکانیاندا دوعای بۆ دەکەن. تابوتەکەی توتو ڕۆژی پێنجشەممە هەتا هەینی لەو کڵێسایە دەبێت و پاشان لە ڕۆژی شەممە مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی ئەنجام دەدرێت کە چاوەڕوان دەکرێتسەرۆک سیریل ڕامافوسا وتاری سەرەکی پێشکەش بکات.

خەڵکی لەبەردەم کڵێسای سان جۆرجی کەیپ تاون ڕیزیان بەستووە تا بتوانن دوا ماڵئاوایی لە توتو بکەن.

توتو پاش ئەوەی وەک مامۆستایەک کاری کرد و زانستی ئاینی تەواو کرد لە ساڵی 1961 بوو بە قەشە. لە ساڵی 1976 وەکو گەورە قەشەی ناوچەی لێسۆتۆ دەستنیشان کرا. لە ساڵی 1978 بوو بە یەکەم سکرتێری گشتی ڕەشپێستی ئەنجومەنی کڵێساکانی ئافریکای باشوور، کە گروپێکی زۆر کاریگەرەو نزیکەی 15 ملیۆن ئەندامی هەیە کە خەباتی دژ بە ئەپارتاید ( جیاکاری و ڕەگەزپەرستی) دەکەن.

لە ساڵی 1984 توتو خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا بەهۆی دژایەتیکردنی ڕژێمی ئەپارتایدی ئافریکای باشوور. لە هەمان ساڵدا بوو بە یەکەم گەورە قەشەی ڕەشپێستی جۆهانسبەرگ کە داوای سزای کرد لە دژی ڕژێمی سپیپێستە کەمینەکانی ئەو وڵاتە.

لە ساڵی 1986 بوو بە سەرۆکی قەشەکانی کەیپ تاون و سەرۆکی کڵێسای ئەنجیلیکانی ئافریکای باشوور کە دوو ملیۆن شوێنکەوتووی هەبوو.

دوو ساڵ پاش کۆتاییهاتن بە ئەپارتاید لە ساڵی 1996 بوو بە سەرۆکی لیژنەی ڕاستیەکان و ئاشتەوایی کە دەستیکرد بە گوێگرتن لەو دڕندایەتیانەی کە سەردەمی ڕژێمەکەی پێشوودا ئەنجامدرابوون. ساڵێک دواتر و لە 1997 توشی شێرپەنجەی پرۆستات بوو و دەستیکرد بە چارەسەرکردن بۆ ماوەی چەند ساڵێک. لە ساڵی 2007 هاوکاربوو بۆ دامەزراندنی گروپێکی پیرانی ڕیبەرانی جیهان بۆ کارکردن لە پێناو ئاشتی و مافەکانی مرۆڤدا و تا ساڵی 2013 ڕێبەرایەتی ئەو گروپەی کرد.

لە تەمەنی 79 ساڵیدا و لە ساڵی 2010 توتو خانەنشینی خۆی لە ژیانی گشتی ڕاگەیاند. لە ساڵی 2013 ڕایگەیاند چیتر دەنگ نادات بە کۆنگرەی نەتەوەی ئافریکا، پارتی دەسەڵاتداری لەمێژینەی ئافریکای باشوور، ئاماژەی بە نایەکسانی، توندوتیژی و گەندەڵی کرد لەگەڵ چەند هۆکاریكی تر. لە ساڵی 2016دا ئەو چووە پاڵ داکۆکیکارەکان کە داوای مافی یارمەتی مردنیان دەکرد. دواجاریش لەم ساڵدا ساڵی 2021 توتو دەرکەوتەوە کاتێک ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرت و بڵاوی کردەوە بۆ هاندانی خەڵکی تا ڤاکیسنەکان وەربگرن. ئەو لە نەخۆشخانەکەوە بە کورسی چەرخدار هاتەدەروەو دەستی بۆ خەڵکەکە بەرزکردەوە بەڵام قسەی نەکرد. ​

XS
SM
MD
LG