Accessibility links

بڕیارە بایدن و پوتن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەسەر ئۆکرانیا بکەن


کاربەدەستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بڕیارە سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوشانە ڕووسیاییەکەی ڤلادمێر پوتن، تاوتوێی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سنووری ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا بکات و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرییەکی دیپلۆماتیک بدات.

ئەو کاربەدەستە ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ بەدەستهێنانی دیپلۆماسی و گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماتیک بۆ بەرەوپێشچوون." ئەو گوتیشی لە هەمانکاتیشدا " ئێمە ئامادەین وەڵام بدەینەوە ئەگەر ڕووسیا هەنگاوبنێت بۆ داگیرکاری زیاتر لە ئۆکرانیا."

ئەو پەیوەندییەی کە لەلایەن ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیاوە داواکراوە، پێش ئەو کۆبونەوە ئاست بەرزەیە کە بڕیارە لە 10ی مانگی یەک لە جنێف بەڕێوە بچێت. کاربەدەستەکە گوتی چاوەڕوان ناکرێت هیچکام لەو سەرۆکانە بەشداری لەو وتووێژانەدا بکەن.

ئەمە دووهەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ئەو دوو سەرۆکەیە لەم مانگەدا. ئەوان لە سەرەتای مانگی 12 دا قسەیان کرد لەسەر ئەوەی کە لەو کاتەدابە پێی خەملاندنی وێنەسەتەلایتییەکان 70 هەزار سەرباز لە دیوی ڕووسیا لە سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بڵاوکرابوونەوە . بەڵام شیکردنەوەی زانیاری ئەمەریکا ئێستا پێشبینی دەکات پوتن پلانی هەیە هەتا 175 هەزار سەرباز لەو شوێنە بڵاو بکاتەوە.

میشێل مکفاول باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ڕووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " لەجێی خۆیەتی بایدن داواکەی پوتن بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی قبوڵ بکات. ئەگەر پوتن ئەو داوایەی کردووە کەواتە پەیامێکی هەیە بیگەیەنێت، بەڵام بایدنیش دەبێت پەیامەکانی خۆی بگەیەنێت."

ئەو وتیشی سەرەتا پێویستە بایدن " سەرەتا بایدن دەبێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە دانوستانە ڕژدەکان سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپا دەبێت ئەجێندایەکی زۆر فراوانتر لەخۆ بگرێت لەوەی پوتین پێشنیاری کردووە، لەوانەشدا هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئاسایش وەک لکاندنی کریمیا و دانپیادانان بە ئۆسیتیای باشوور و ئەبخازیا و داگیرکارییەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، گورجستان و مۆلدۆڤا." گوتیشی "دووهەم، بایدن دەبێت بۆ پۆتین ڕوون بکاتەوە کە هەر گفتوگۆیەک لەسەر ئاسایش و سەروەری ئۆکرانیا دەبێت لە کاتێکدا بێت کە ئۆکرانیاش لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادەبێت."

ئەمەریکا بە بەردەوامی ئۆکراینای دڵنیا کردووەتەوە لە پشتگیریەکەی و دەیان ملیۆن دۆلاریشی تەرخان کردووە بۆ هاوکاری ئاسیشی ئۆکرانیا. ڕۆژی چوارشەممە، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵات قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکیی سەرۆکی ئۆکرانیا کرد. لە بەیاننامەیەکدا بلینکن گوتی ئەو پشتیوانی نەگۆڕی ئەمەریکای بۆ سەربەخۆی و سەروەری ئۆکرانیا لە بەرامبەر بنیاتنانی سەربازی ڕووسیا لە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا دووپات کردەوە.

لەلایەکی تریشەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووەئەگەر ڕووسیا داگیرکاری بکات ئەوا " درەنجامێکی بەرچاوی " دەبێت. ئەوەش بریتی دەبێت لە سزای توندی ئابوری و زیادکردنی پشتیوانی ئاسیشی بۆ ئۆکرانیا.



XS
SM
MD
LG