ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، پاش تێپەڕبوونی یەک هەفتە لە دەستگیرکردنی کەژاڵ نەسری چالاکوانی سڤیل لە شاری سنە هێشتا بێسەروشوێنە و کەسوکارەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتنی نییە .
ئەو ڕێکخراوەی پشت بە زانیارییەکان لە ناو ئێرانەوە دەبەستێت لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە ڕایگەیاندووە باوکی کەژاڵ نەسری تەمەن 26 ساڵانی خەڵکی تەنگیسەر "لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنەی کردووە و هەتا ئێستا نەیتوانیوە چاوی بە کچەکەی بکەوێت و هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشیان لەگەڵیدا نەبووە."
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانیش باسی لە دەستگیرکردنی کەژاڵ نەسری کردوو و دەڵێت لە 21 ی مانگی دوازدە دەستگیر کراوە و هەروەها دەشڵێت هاووڵاتییەکی ژینگەپارێزی دیکە بە ناوی فەرهەنگ عیووەی تەمەن 30 ساڵ کە هەر خەڵکی گوندی تەنگیسەرە دەستگیر کراوەو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون. کۆمەڵەکە دەڵێت بە پێی ئەو هەواڵەی پێیان گەیشتووە " دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی" ئەنجام دراوە.
هەنگاو دەڵێت " بەهاری ئەمساڵ کەژاڵ نەسری بانگ کرابوو بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرابوو."