Accessibility links

ئەو رووداوانەی لە ساڵی ٢٠٢١دا هەرێمی کوردستانیان گۆڕی


لە سەردانە مێژووییەکەی پاپای ڤاتیکانەوە مانگی ئازار بۆ لافاوە وێرانکەرەکەی ئەم مانگە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ دا رووبەڕووی زنجیرەیەک رووداو بووەوە کە کاریگەرییەکانیان تەنیا لە رابردوودا نامێننەوە.

بەهاری ساڵی ٢٠٢١، شەقامەکانی هەولێر رازێنرانەوە بۆ سەردانی گەورەترین پیاوی ئاینی کاتۆلیکی کرستیان، پاپا فرانسیس، کە لە ڤاتیکانەوە بۆ یەکەمجار هاتە عێراق و پاشان هەرێمی کوردستان.

لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری، کە بەناوی سەرکردەیەکی کرستیان کوردستانەوە نراوە، هەزاران پەیڕەوانی کرستیانی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بەشداری نوێژ و نزای بەکۆمەڵیان لەگەڵ پاپا فرانسیسدا کرد.

فرانسیس بە ئامادەبووانی گوت، "واز لە خەونەکانتان مەهێنن. کۆڵ مەدەن. بێ هیوا مەبن. ئێستا کاتی بونیاتنانەوە و سەرەتایەکی نوێیە."

سەردانەکەی فرانسیس هەرێمی کوردستانی وەکو بەشێکی دەگمەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی جیهاندا کە فرەیی ئاینی قبووڵ دەکات.

بەڵام هەموو رووداوەکانی ساڵی ٢٠٢١ هەرێمی کوردستانیان هێندە جوان پیشانی جیهان نەدا.

مانگێک پێشتر، کوردستان بووە هەواڵ لە جیهاندا وەکو هەرێمێک کە ئازادی رۆژنامەگەری پێشێل دەکات کاتێک دادگایەکی هەولێر بڕیاری زیندانی شەش ساڵی بۆ پێنج رۆژنامەنووس دەرکرد.

رۆژنامەنووسەکان شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز ئەکرەم، ئومێد بەڕۆشکی و قارەمان شوکری بوون کە هێشتا لە زینداندان.

مانگی چوار، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ راپۆرتێکی لەسەر دادگایکردنەکە بڵاوکردەوە و بە پرۆسەیەکی ناوبرد کە "بنەما سەرەتاییەکانی" دادگاییەکی دادپەروەرانەی تێدا نەبووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەو رۆژنامەنووسانە بۆ کاری "سیخوڕی" گیراون نەک رۆژنامەنووسی.

کاتێک مانگی شەش دادگای پێداچوونەوە ئامادەنەبوو سزای رۆژنامەنووسەکان کەمبکاتەوە، میگڵ دێڵگادۆ، نوێنەری کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان (CPJ)لە نیویۆرک، گوتی پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بۆ رێزگرتن لە ئازادی رۆژنامەگەری "جگە لە وشەی بەتاڵ هیچی دیکە نییە."

ناکۆکی سیاسی لە سلێمانی

یەکێک لە دیارترین رووداوە سیاسییەکانی کوردستان تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی بوو کە بووە هۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکەکەی دیکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لاهور تاڵەبانی، لە پارتەکە دووربخاتەوە بە تۆمەتی ئەوەی لاهور هەوڵیداوە ژەهر خواردی بکات.

بافڵ و لاهور ئامۆزای یەکدین بەڵام ناکۆکییەکانی نێوانیان هێندە تەشەنەی کرد کە هێزەکانی نزیک بافڵ تۆمەتبارکران بە گرتن و کوشتنی کەسە نزیکەکانی لاهور کە دیارترینیان بەرپرسی سەربازی موراد کانی کوردەیی بوو.

باڵی بافڵ تاڵەبانی دەڵێن کوردەیی ویستوویەتی لەیاسا هەڵبێت بۆیە کوژراوە و یەکێتی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

هێرشەکانی حەشدی شەعبی

لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، هێرشێکی مووشەکی حەشدی شەعبی بۆ سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە مانگی دوودا دەریخست ئارامی هەرێمی کوردستان لە ژێر هەڕەشەدایە. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم دوو کەس و برینداربوونی سیانزە کەس کە یەکێکیان ئەمەریکی بوو.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەوڵێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەوڵێر

مانگی نۆ هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاتر بوون کاتێک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکارهێنرا. دوو مانگ دواتر، هەمان ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە هەڵگری تەقەمەنین بەکارهێنران بۆ هێرشکردنە سەر شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە بەغدا.

سێت فرانتزمان، نووسەری کتێبێک لەسەر جەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڕەشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری تەقەمەنی لە زیادبووندایە، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن گرووپەکانی لایەنگری ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن."

فرانتزمان هەروەها گوتی، "میلیشیا چەکدارەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەهۆی ئەم تەکنۆلۆژیایەوە دەتوانن چ کاتێک و لە کوێ بیانەوێت هێرش ئەنجامبدەن، پاشان خۆیان ونبکەن، چونکە ئەوەی فڕۆکەکە کۆنترۆڵ دەکات خۆی شاردۆتەوە و نە تەکنۆلۆژیاکە و نە پلانەکە زۆرجار نادۆزرێنەوە."

جێهێشتنی کوردستان

کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان بێلاروسیا و یەکێتی ئەوروپا گرژی زیاتریان تێکەوت بەهۆی خراپی بارودۆخی مافی مرۆڤەوە لە بێلاروسیا، سەرۆکی بێلاروسیا ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ هانیدا کۆچبەرانی وڵاتانی جیهان بێن بۆ وڵاتەکەی تا لەوێوە سەردانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بکەن.

هیچ شوێنێک وەکو هەرێمی کوردستان بە پیر ئەم بانگەوازەوە نەچوو. هەزاران گەنجی کورد کە لە داهاتوویان لە کوردستان نائومێد بووبوون خۆیان گەیاندە بێلاروسیا بە ئومێدی گەیشتن بە ئەوروپا و دروستکردنی ژیانێکی باشتر. هەندێکیان سەرکەوتوو بوون بەڵام زۆربەیان نەیانتوانی بگەنە خەونەکەیان و دوای بەسەربردنی چەندین هەفتە لە بارودۆخی ساردی سەر سنووری بێلاروسیا و پۆڵەندا گەڕانەوە بۆ کوردستان.

پەنابەران لە سنووری نێوان بێلاروس و پۆڵەندا
پەنابەران لە سنووری نێوان بێلاروس و پۆڵەندا

ئەم بارودۆخە جەختی جیهانی خستە سەر گەندەڵی و خراپی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "کوردانی عێراق کار و گەندەڵی بە هۆکاری رۆشتنیان بۆ بێلاروسیا دادەنێن."

دەزگای هەواڵی بەریتانیا بی بی سی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو هۆکارانەی وادەکات "کوردی عێراق ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە تا بگەنە رۆژئاوا." لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوەکرابوو کە "نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و خۆپیشاندەران کە رەخنە لە دەسەڵاتداران دەگرن یاخود دەیانخەنە ژێر پرسیارەوە نەک تەنیا دەکرێت رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە بەڵکو هاتووچۆکردنیان سنوورداردەکرێت و بە هەڕەمەکی دەگیرێن."

دواین رووداوی دیاری ئەمساڵ لافاوە وێرانکەرەکە بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەسێک. یەکێک لە قوربانیەکان منداڵێکی بچووک بوو بەناوی دانەر نەبەز، کە تا ئێستا گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە. چیرۆکی دڵتەزێنی ئەو منداڵە لە سۆشیاڵ میدیادا دەنگیدایەوە و سەرنجی زیاتری خستە سەر گەندەڵی و کەمووکورتی پلانی ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان.

XS
SM
MD
LG