Accessibility links

دادگای باڵای عێراق و گورزێک لە لایەنەکانی سەر بە ئێران


دادگای باڵای فێدراڵی عێراق، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 2 مانگ بەسەر هەڵبژاردنە بەراییەکەی 10ی مانگی 10ی وڵاتەکەدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات و هەروەهاش ئەو تانانەی لە هەڵبژاردنیش درابوون ڕەتدەکاتەوە کە لایەنەکانی سەر یان نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دابوویان لە هەڵبژاردن.

جاسم موحەمەد عەبود، دادوەری دادگای باڵای عێراق دەڵێت "لەسەر بنچینەی بەڵگەنامەکان، دادگای فێدراڵی بڕیاری خۆی داوە؛ یەکەم، ڕەتکردنەوەی تەواوەتی ئەو تانانەی هادی فەرحان عەبدوڵا و موحەمەد جاسم حەمود داویانە لە هەڵبژاردن و دەشبێت تەواوی پارەی ئەم دۆسێیە دابین بکەن بۆ دادگا."

دادگای باڵای عێراق، لەوبڕوایەدایە بە هێند وەرگرتنی ئەو تانانەی لە هەڵبژاردن درابوون دەبنە مایەی بنکۆڵکردنی بەهای هەڵبژاردن و متمانەی دەنگدەرانیش کەم دەکەنەوە و هەروەهاش پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر ڕێڕەوی خۆی لادەدات.

دادوەر جاسم دەڵێت "دادگای باڵا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنیش ڕەتدەکاتەوە و ئەمەش دوا بڕیارە و دەبێت هەموو دامەزراوەکانی وڵات وابەستەی ئەم بڕیارەی ڕۆژی 27ی مانگی 12ی ساڵی 2021 بن."

ئەم بڕیارەی ڕۆژی دووشەممەی دادگای باڵای عێراق، نەبووە مایەی ڕاگرتنی ڕەخنە و توانجەکانی لایەنگران و هەوادارنی ئەو هێزە شیعانەی سەر بە ئێرانن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆشیان نەداوە بەوەی وابەستە نابن بە بڕیاری دادگاوە.

ئەبو فاتمە، یەکێکە لە لایەنگرانی ئەو هێزە شیعانەی لە هەڵبژاردندا گورزی دۆڕندن لێیداون و دەڵێت "سەدان بەڵگەی سەلمێندراو خرانە بەردەم دادگا لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا، بەڵام نە حکومەت و نە دادگای فێدراڵی نایانەوێت دانی پێدابنێن. حکومەت بەرپرسیارە لە بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکان، نازانم چ نهێنییەک هەیە وەهای کردووە دادگای باڵا سوور بێت لەسەر ڕای خۆی و بڕیارنەدات کە هەڵبژاردنەکە فێڵ و تەڵەکەی تیادا کراوە."

بەڵام موحەمەد مەروان کە یەکێکە لە خۆپیشاندەرانی دژە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سووربوونی خۆی ڕادەگەیەنێت لەسەر داواکان و دەڵێت "ئێمە ئەو ئەنجامانە بەتەواوەتی و سەرلەبەری ڕەت دەکەینەوە و بەردەوامیش دەبین لە مانگرتن تا ئەو کاتەی داواکانمان جێبەجێدەکرێن و داواکانیشمان زانراون؛ ئەنجامە ڕاستەقینەکانی هەڵبژاردنەکەمان بدەنێ نەک ساختەکان، هەروەها واز لە فشاری دەرەکی بێنن کە کاریگەری هەبووە بەسەر هەڵبژاردنەکە و دەسەڵاتی دادوەریشەوە."

هەرچۆنێک بێت بەشێکی بەرچاوی عێراقییەکانیش تەواوی پرۆسەی دەنگدانەکەی مانگی 10ی وڵاتەکە بە پرۆسەیەکی گونجاو ناودێر دەکەن، وەک جەمال ئەلقورەیشی ئاماژەی پێدەکات نەدەبووایە ڕەتکردنەوەی تانەکان و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش هێندە دوابکەوتنایە.

ئەلقوڕەیشی دەڵێت "هەر دەبووایە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا، پەسەند بکرایە و ڕێز لە ڕای خەڵک بگیرابایە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان و بۆ حکومەتی ئایندەش. بەڕاستیش وەها ڕاهاتووین لە دوای هەموو هەڵبژاردنێک کێشە بنرێتەوە، ئیتر نابێت ڕێگەی پێبدرێت."

بڕیاری پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوە یان گۆڕینی ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش لە عێراقدا، وەک کاربەدەستانی عێراقی دەڵێن ڕێککەوتنیشی لەسەر کراوە.

ژەنەراڵ سەعد مەعن، بەرپرسی میدیایە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەڵێت "گواستنەوەکانی ئەم دواییەی سەربازەکان و کەلوپەلە لەشکرییەکان بۆ دەرەوەی عێراق، بە مانای تەواوبوونی پرۆسەی گۆڕانکارییە و هاوپەیمانێتی دژە داعش بە تەواوەتی دەبێتە هێزێکی ڕاوێژکاریی بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، بەوپێیەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە."

لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران بەردەوام داوادەکەن کە دەبێت هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق تا کۆتایی ئەمساڵی 2021، لە عێراق بچنە دەرێ، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکەن لە ئەگەری هێرشی تری ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک دەوڵەتی ئیسلامی، ئایا هێزە ئاسایشییەکانی عێراق دەتوانن بە تەنیا بەرەنگاری ئەو مەترسیانە ببنەوە.

بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر ئەو جۆرە داوایانەی میلیشیا شیعەکان، داوایەکی ئێرانییە نەک عێراقی.

دوابەدوای پەسەندکردنی فەرمی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەپێی یاسا پێویستە ئەندامانی نوێی پەرلەمان لە ماوەی 15 ڕۆژدا، یەکەم دانیشتنی خۆیان بکەن بە سەرۆکایەتی بە تەمەن ترین ئەندامی پەرلەمانی نوێ.

لە ئێستاش بەدواوە وەها چاوەروان دەکرێت دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بچیتە قۆناغێکی نوێوە.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر، کە براوەی پلە یەکی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی مانگی 10ی عێراقە داوا دەکات بە خێرایی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنرێت و وەک دەڵێت "حکومەتێک نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی بێت و خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ عێراقییەکان دابین بکات."

لە یەکەم کاردانەوەیاندا لەسەر بڕیاری دادگا بۆ ڕەتکردنەوەی تانەکان و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هادی ئەلعامری، ڕێبەری هاوپەیمانێتی فەتح و هەروەهاش قەیس ئەلخزعەلی، ڕێبەری عەسائیبی ئەهلولحەق ڕایانگەیاندوە، هەرچەندە تەبا نین لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فێدراڵی عێراقدا بەڵام وەک دەڵێن "لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا، بە تەواوەتی وابەستەی بڕیارەکانی دادگا دەبن."

لە مانگی 10ی ساڵی 2019دا شەپۆلێکی ناڕەزایی دەربڕین لە عێراق دەستیپێکرد و زۆربەی هەرە زۆری مەیدانە سەرەکییەکانی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتەوە.

ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە بووە مایەی ناچارکردنی حکومەتەکی ئەوکاتەی عادل عەبدولمەهدی تا دەست لە کار بکێشێتەوە و یەکێکیش لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران بریتی بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

داوایەکی تری سەرەکی خۆپیشاندەرانی تشرین بریتی بوو لە بڕین یان هەرهیچ نەبێت کەمکردنەوەی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێران لە عێراقدا.

XS
SM
MD
LG