Accessibility links

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی دەی پەرلەمان پەسەند دەکات


دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی 10ی ئەمساڵی پەرلەمانی پەسەندکرد، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای ئاماژە پێکراو سکاڵاکانی هێزە سیاسیە شیعەکانی ڕەتکردەوە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی پەرلەمانی مانگی دەی ئەمساڵیان دەکرد.

کاربەدەستێکی ڕاگەیاندن لە دادگای ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمان پەسەند دەکات.

جێی ئاماژەیە داگای باڵای فیدراڵی عێراقی پێشتر داواکارییەکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن هاوبەندی فەتحەوە پێشکەش کرابوو، هاوبەندییەکە گروپەکانی شیعەی لایەنگری ئێران کە لە ژێر چەتری هێزە فەرمیەکانی عێراقیدان لە خۆدەگرێت.

هاوبەندی فەتحی شیعە ئاینزا 17 کورسی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 10 دا بەدەستهێنا و پێشتر هاوبەندی فەتح لە خولی پێشووی پەرلەمان کە ماوەکەی کۆتایی پێ هاتووە، خاوەنی 47 کورسی پەرلەمان بوون.

لەلایەکی دیکەوە شیکەرەوان دەڵێن ئێران، ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو هەتا دێت زیاتر دەست لە ئایندەی عێڕاق وەردەدەن.

شیکەرەوان پێیانوایە ئەو پرسیارەی لە ساڵی 2022 کە دێتە ئاراوە، ئەوەیە ئایا پێکهاتەی سیاسی عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی مانگی دەی ئەمساڵ دەتوانێت سەروەری عێراق بەرەوپێش ببات، ئەوەش لە سەروبەندی ئەم ململانێ جیۆ سیاسییەی لە عێراقدا لە ئارادایە.

لە ڕێورەسمی یادەوەری سەد ساڵەی عێراق کە ڕێکەوتی 11 ی مانگی یازدەی ئەمساڵ بوو ، موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە سەرجەم عێراقیەکان کرد بە پەرۆش بن بۆ ئەوەی یەکتان دەخات نەک ئەوەی پەرتەوازەتان دەکات، ئەوەش وەک کازمی گوتی لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی عێراقدایە.

XS
SM
MD
LG