Accessibility links

فەرماندەیەکی باڵای ئێران: ڕاهێنانە سەربازییەکانی وڵاتەکەمان لە کەنداو هۆشداری بووە بە ئیسرائیل


لە نێوەندی نیگەرانییەکان لە ئەگەری پلانی ئیسرائیل بۆ بە ئامانج گرتنی شوێنە ناوکییەکانی ئێران، فەرماندە باڵاکانی سەربازی ئێران ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند ڕاهێنانە سەربازییەکانی ئەم هەفتەیە کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە لە کەنداو ئەنجامیان داوە، بە مەبەستی هۆشداریدان بووە بە ئیسرائیل.

ڕاهێنانە سەربازییەکانی سوپای پاسداران کە بریتی بوون لە هەڵدانی مووشەکی بالستیکی و کروز لە ڕۆژی هەینی کۆتایی هات.

حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە تەلەفزیۆنی حکومەتەوە گوتی "ئەم ڕاهێنانانە پەیامێکی زۆر ڕوونیان هەبوو، پەیامەکەش هۆشدارییەکی جدی بوو لە بەرامبەر هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی رژێمی سەهیۆنیستی بۆ ئەوەی ئاگاداری هەڵەکانیان بن."

سەلامی دەشڵێت "گەر بێتۆ ئیسرائیل هەڵەیەک بکات، ئەوا ئێمە دەستەکانیان دەبڕینەوە." هەروەها گوتیشی"مەودای نێوان ئۆپەراسیۆنە ڕاستەقینەکان و ڕاهێنانە سەربازییەکان تەنها گۆڕینی ئاڕاستە و گۆشەی مووشەکەکانە لە کاتی هەڵدانیاندا."

محەمەد باقری، سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکان گوتی 16 مووشەکی بالستیکی لە جۆرە جیاوازەکان لە یەک کاتدا تەقێنراون و ئەو ئامانجانەیان تێکشکاندووە کە دەستنیشان کراون.

ئێران دەڵێت مووشەکە بالستیکەکانی، مەودای 2000 کیلۆمەتر دەبڕن و تواناییان هەیە کە بگەن بە ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

ئیسرائیل کە دژایەتی هەوڵەکانی زلهێزانی جیهان دەکات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی تاران، لە مێژە دەڵێت گەر دیپلوماسییەت شکستی هێنا، ئەوا دەبێت هێرش بکرێتە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران.

بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوای لە زلهێزە جیهانیان کردوە ڕێگە نەدەن ئێران لە گفتوگۆ ناوکییەکاندا کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە دەستپێبکەنەوە، یاری بە کاتەکە بکات.

XS
SM
MD
LG