Accessibility links

حکومەتی هیندستان هەوڵ دەدات ئاستی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری ژنان بەرز بکاتەوە


لە هیندستان حکومەت پێشنیازی یاسایەکی کردووە کە کەمترین تەمەنی ڕێگەپێدراوی هاوسەرگیری بۆ ژنان لە 18 ساڵەوە بەرز بکرێتەوە بۆ 21 ساڵ تا یەکسان بێت لەگەڵ پیاواندا و دەڵێت ئەم یاسایە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ژنان. بەڵام زۆرێک لە چالاکوانە ژنەکان دەڵێن ئەم یاسا پێشنیازکراوە کارێکی ئەوتۆ ناکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتە قوڵەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا کە لە ئەنجامدا ملیۆنان کچی منداڵ لە تەمەنی ژێر 18 ساڵانیش هاوسەرگیری دەکەن.

سەرۆک وەزیری وڵاتەکە نارێندرا مۆدی ڕۆژی سێشەممە پاش ئەوەی بەرنوسی یاسای قەدەغەکردنی هاوسەرگیری منداڵی خستە بەردەم پەرلەمان، گوتی " ئێمە ئەم کارە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین کاتی خوێندن و پێشکەوتنیان پێبدەین. وڵاتەکە ئەم بڕیارە لە پێناو کچەکانیدا دەدات."

ئەم کارە زیاتر لە ساڵێک دوای ئەوەیە کە لە کاتی وتارێکی ڕۆژی سەربەخۆییدا مۆدی گوتی حکومەت بیر لە بەرزکردنەوەی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ ژنان دەکاتەوە.

حکومەت دەڵێت ئامانجی ئەم بڕیارە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانە بۆ ژنان تا کاتی زیاتریان پێبدرێت بۆ تەواوکردنی خوێندن و دەستگەیشتن بە دەرفەتی دامەزراندن و پێگەیشتنی باری دەروونی پێش هاوسەرگیری و مسۆگەرکردنی یەکسانی ڕەگەزی.

سمریتی ئیرانی، وەزیری گەشەپێدانی ژنان و منداڵان، ڕۆژی سێشەممە، لە پەرلەمانی هیندستان وتی "لە دیموکراسیدا 75 ساڵ دواکەوتوین لە دابینکردنی مافی یەکسان بە ژنان و پیاوان بۆ چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیری."

ئەم یاسا پێشنیازکراوە گۆڕانکارییەکی سەرەکی بۆ ژنان لەو وڵاتەدا دیاری دەکات کە بە پێی چەند خەمڵاندنێک نزیکەی لە %50 هاوسەرگیریەکان پێش تەمەنی 21 ساڵی ئەنجام دەدرێت.

هەندێک لە گروپەکانی ژنان پشتیوانیان لەو بەرنوسە کردووە. ڕەنجانا کوماری، بەڕێوەبەری سەنتەری نیودلی بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "تەواوکردنی خوێندن و دامەزراندنی ژیانێکی باشتر بۆ کچێک مسۆگەر دەکات لەبری ئەوەی لە هەموو ژیانیدا پشت بە مێردەکەی ببەستێت."

ئەو دەخوازێت تەمەنی هاوسەرگیری بۆ هەردوو جێندەر هاوتابێت. گوتیشی " بۆچی دەبێت کوڕان لە کچان گەورەتربن؟ کێ ئەو بڕیارەی داوە؟"

حکومەت دەڵێت ئەو گۆڕانە پێشنیارکراوەش بەهۆی نیگەرانییەکانە لەسەر تەندروستی ئەو ژنانەی کە لە تەمەنێکی کەمدا دەبن بە دایک هاوسەرگیری پێشوەختە پەیوەندی هەیە بە مردنی زۆری منداڵانەوە، بەتایبەتی لە نێوان ژنانی ناوچە دووردەستەکاندا.

ئیرانیش دەڵێت، بەرزکردنەوەی ئاستی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ژنان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دووگیانبوونی نەوجەوانان.

هەرچەندە هەندێک لە شارەزایان هۆشداریان دا لەوەی کە پێشنیارەکە لەوانەیە کاردانەوەی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە چونکە چارەسەری هۆکارە سەرەکییەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە ناکات وەک هەژاری و هەڵوێستی باوکسالاری و نەبوونی دەستگەیشتن بە پەروەردە.

ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن هەرچەندە هاوسەرگیری کچانی کەمتر لە 18 ساڵان لە ئێستادا نایاساییە بەڵام هاوسەرگیری منداڵ هێشتا ئاستەنگێکی گەورەیە لە وڵاتەکەدا.

ماری جۆن پرۆفیسۆر لە نێوەندی لێکۆڵینەوە بۆ پێشوەچوونی ژنان، کە ڕێکخراوێکی گەشەپێدانی ژنانە، دەڵێت " ئەو بەرنوسە نیازێکی باشە بەڵام بە باشی بیر لەلایەنەکانی نەکراوەتەوە." بە پێی وتەکانی ئەوبەشێک لەو خاڵانەی کە حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات وەکو مردنی ژنانی لە کاتی منداڵ بوون یان مردنی منداڵان لە کاتی لەدایک بوون، تەنها بە بەرزکردنەوەی ئاستی تەمەنی هاوسەرگیریکردن چارەسەرنابن. جۆن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ژنێکی لاواز، هەر لاواز دەمێنێتەوە ئەگەر بە تەمەنی 18 یان 21 هاوسەرگیری بکات هیچ فەرقی نییە. ئەو لاوازییەکەی لە یەک کاتدا چاک دەبێت کە خوارکێکی باشتری تەندروست بخوات."

ناوبراو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەو یاسایەی پێشنیار کراوە دەبێتە هۆی تاوانبارکردنی زۆربەی ئەو ژنانەی کە خێزانەکانیان لە تەمەنی زوودا ناچاریان کردوون هاوسەرگیری بکەن و گوتی " خیانەت لە بێباکی و پەرتەوازەیی لە تواناسازیی ژنان دەکات و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەبێ پاراستن جێدەهێڵن."

XS
SM
MD
LG