Accessibility links

خوێندکارێکی کوردی قۆناغی دکتۆرا لە زانکۆیەکی ئێران دەردەکرێت


سۆران دانیشوەر
سۆران دانیشوەر

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند خوێندکارێكی کوردی قۆناغی دکتۆرا لە ئێران لەسەر داوای هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە لە زانکۆ دەردەکرێت.

سۆران دانیشوەر، خەڵکی مەریوانە و خوێندکارێکی بەشی فەلسەفەی قۆناغی دکتۆرابووە لە زانکۆی شاری تەورێز.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو خوێندکارە کوردە و هەواڵەکەی بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆی ئەمنییەوە نایەوێت ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەواڵەکە ڕاستە و سۆران دانیشوەر لەسەر داوای لایەنە ئەمنییەکان لە زانکۆی تەورێز دەرکراوە".

سەرچاوەکە گوتیشی بەو پێیەی کە هەندێ لە زانکۆکان بە هۆی کۆرۆناوە لە ڕێگای ئۆنڵاینەوە بەشداری لە وانەکاندا دەکەن، زانکۆکەی سۆرانیش خوێندنەکەی بە ئۆنڵاین بووە و ئەو خوێندکارە لە کاتی هەوڵدانی بۆ بەشداریکردنی لە وانەکانی زانکۆدا، رێگای چوونەژوورەوەی بۆ ناو ماڵپەڕەکەی لێقەدەغە کراوە و نەیتوانیوە بەشداری لە وانەکانی زانکۆدا بکات و دوای بەدواداچۆنی ناوبراو، زانکۆ پێی ڕاگەیاندوە کە لە زانکۆ دەرکراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "سۆران لە ساڵەکانی نێوان 2007 بۆ 2011 خوێندکاری زانکۆی کوردستان بووە لە پارێزگای کوردستان و وەک چالاکوانێکی خوێندکار بەشدار بووە لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی زانکۆی کوردستاندا و بەو هۆیشەوە بەردەوام لە ژێر گوشاری هێزەکانی ئێدارەی ئێتلاعات و هەروەها بەرپرسانی ئەمنی نێو زانکۆدا بووە."

بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، دانیشوەر لە ساڵی 2011دا بە هۆی چالاکی خوێندکاری و مەدەنی و بەشداری لە رێکخراوە مەدەنییەکاندا، لەگەڵ هاوڕێکانی لەلایەن ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بۆ ماوەیەک دەستبەسەر دەکریت و دواتر بە دانانی کەفالەت ئازاد دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیەی کە بەفراو نوری لە دەنگی ئەمەریکا لەگەڵیدا گفتوگۆی کردووە، ئەو خوێندکارە لە دوای ئازاد بوونی بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا دەکات بۆ خوێندنی ماستەر، بەڵام ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ڕاناگەیەندرێت و کاتێک بەدواداچوون دەکات بۆ ئەنجامەکەی پێ دەڵێن کە تۆ خوێندکاری ئەستێرەداری.

دەستەواژەی خوێندکاری ئەستێرە دار لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نژاد بوو بە باو بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە ئێران بە هۆی چالاکی مەدەنی و سیاسیەوە لە تەنیشت ناوەکانیانەوە ئەستێرەیەک دادەنرا و خوێندکارانیان بەو شیوەیە دەستنیشان دەکرد بۆ ئەوەی بیخەنە ژیر چاودێری و لێکۆڵینەوەی زیاتر و دواتر زۆرجار لە خوێندن بێ بەشیان دەکەن.

سەرچاوەکە گوتی "سەرەڕای ئەوەی سۆران ڕووبەڕووی هیچ تاوانێک نەبووەتەوە و چالاکی سیاسی نەبووە، بەڵام وەک خوێندکارێکی ئەستێرەدار بەر بە خوێندنی گیراوە لە قۆناغی ماستەردا."

هەروەها گوتیشی " سۆران دوای کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نژاد جارێکیتر بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی ماستەردا دەکات و ئەمجارە دەڕواتەوە زانکۆ و دەست دەکات بە خوێندنی ماستەر، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە لایەن بەرپرسانی زانکۆ بانگ کراوە و بەڵێننامەیەکی ئامادەکراویان پێ واژوو کردوە بۆ ئەوەی بەشداری هیچ جۆرە چالاکییەکی مەدەنی و خوێندکاری نەکات و بەو مەرجە توانیوێتی بەردەوام بێت لە خوێندنەکەیدا."

سۆران دوای واژوو کردنی بەڵێننامەکە، قۆناغی ماستەر بە سەرکەوتوویی وەک خوێندکارێکی نموونەیی تەواو دەکات و بەشداری لە تاقیکردنەوەی دکتۆرادا دەکات کە جارێکتر وەڵامی تاقیکردنەوەکەی ڕاناگەیەنن و دوای بەدواداچۆنێکی زۆری ناوبراو، لە کۆتاییدا دیسان بەڵێننامەی لێوەردەگرن و رێگای دەدەنێ بڕواتە زانکۆ بۆ قۆناغی دکتورا و ئەمەش هاوکاتی رۆژانی سەرەتایی دەستپێکردنی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی بووە.

سەرچاوەکە گوتیشی "سۆران دوای چەند مانگێک لە خوێندنی دکتۆرا، لە خوێندنەکەی دەرکراوە و ئەمەش پێدەچێت پەیوەندی بە هاتنە سەرکاری ڕەیسی و گۆڕینی سەرۆکی زانکۆکان و ڕوانگای ئەمنی حکومەتەوە بێت سەبارەت بە زانکۆکانی ناو ئێران".

سەرچاوەکە گوتی لە ئێستادا سۆران لە هەوڵدایە لە رێگای یارمەتی وەرگرتن لە پارلمانتار و بەرپرسانی دیکە بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە و رێگا بە ناوبراو نەدراوە بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ.

XS
SM
MD
LG