Accessibility links

خۆپیشاندەران لە ئەفغانستان داوای ئازادکردنی سەرمایەی سڕکراوی وڵاتەکەیان دەکەن


سەدان کەس ڕۆژی سێشەممە ڕژانە سەر شەقامەکانی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و داوایان دەکرد ئەمەریکا سەرمایە سڕکراوەکانی ئەفغانستان ئازاد بکات.

خۆپیشاندەران دروشمی دژە ئەمەریکایان دەگوتەوە و لەبەردەم باڵیۆزخانەی داخراوی ئەمەریکا لە پایتەختی ئەفغانستان کۆببونەوە. لە بەشێک لە دروشمە هەڵواسراوەکانیان نوسرابوو " پارە سڕکراوەکانمان بدەوە" و " بهێڵە نانمان بخۆین."

لەلایەکی تریشەوە دەیان خاوەن کارداری ئەفغانی خۆپیشاندانێکیان لە کابوڵ ڕێکخست و تیایدا داوایان لە واشنتن کرد یەدەگی بیانی بکاتەوە. جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو پێوەرە سزاییەی ئاراستەی تاڵیبان کراوە کاریگەرییەکی وێرانکەری هەبووە لەسەر کەرتی تایبەتی ئەفغانی ناسیاسی و کرێکاری ئاسایی.

ڕێکخەران نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد و تێیدا نوسیویانە، ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان کە ڕۆژئاوا پشتیوانی دەکرد، بووە هۆی نەدانی شەش ملیۆن دۆلار پسوڵەی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لە ژێر گرێبەستی حکومەت و پرۆژەی دەرماڵەی نێودەوڵەتیدا کراون.

هەر دەستبەجێ پاش ئەوەی تاڵیبان لە مانگی هەشتی ئەم ساڵدا دەستیگرت بەسەر ئەو وڵاتە بە شەڕ وێران بووە، واشنتن نزیکەی 9 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری سەرمایەی ئەفغانستانی سڕکرد، کە زۆربەی لە بانکی ناوەندی ئەمەریکا ڕاگیراوە.

سڕکردنی ئەو پارەیەوە و سزا نیودەوڵەتییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ئابوری ئەفغانستان پەکی بکەوێت بۆ ماوەی 20 ساڵە بە شێوەیەکی زۆر پشتی بە هاوکاری دەرەکی بەستووە. بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێونەتەوەییش هاوکاری داراییان بۆ پرۆژەکانی بەرەوپێشچوونی ئەو وڵاتە ڕاگرتووە.

قەیرانەکانی وەکو چەندین ساڵی شەڕ ، وشکەساڵی و هەژارییەکی لەڕادەبەدەر پێداویستییە مرۆییەکانی لە ئەفغانستان گەیاندووەتە ئاستێکی بێپێشینە. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات زیاتر لە نیوەی 40 ملیۆن دانیشتوانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی برسێتییەکی لە ئەندازە بەدەر دەبنەوە و 1 ملیۆن مندال لە مەترسی مەرگدان بەهۆی بەدخۆراکی.

ڕۆژی دووشەممە گروپێکی 46 یاسادانەری ئەمەریکا کە زۆربەیان دیموکراتەکانن نامەیەکیان بۆ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن نوسی و تیایدا فشاریان خستووەتە سەری تا سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سوک بکات و یەدەگی ئەفغانستان ئازاد بکات.

ئەو یاسادانەرانە نوسیویانە ڕێبازی سزای ئابوری ڕاێبەرانی تاڵیبان لاواز ناکات بەڵكو زیان بە خەڵکی هەژاری ئەفغانی دەگەیەنێت کە خۆیان لە خۆیاندا بەهۆی چەند ساڵی شەڕ و هەژاری لە مەینەتیدان.

بەڕێوەبەرایەتی بایدن لە وەڵامدا دەڵێت دەستی تەنگە لە ئاست ئەو سەرمایە سڕکراوە بەڵام بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی هەوڵە مرۆییەکان .

گوتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بەو نامەیە بە پەیامنێرانی گوت دۆخی یەدەگی ئەفغانستان بەشێک بووە لەو سکاڵایەی لەلایەن قوربانیانی ڕووداوەکانی 11ی سپتەمبەرەوە کراون.

ساکی گوتی "تاڵیبان لە لایەن ئەمەریکاوە وەک گروپێکی تیرۆریستی جیهانی تایبەت بە دیاریکراوی دەمێنێتەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە نەگۆڕاوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە بەهۆی بەردەوامی دادگا لەسەر ئەو سکاڵایە ئاڵۆز بووە."

تۆریک فەرهادی شیکاری سیاسی و کاربەدەستی پێشووی ئەفغانستان دەڵێت پێویستە تاڵیبان بانکی ناوەندی بە تەواوەتی سەربەخۆ بکات، کە دەستی هیچ بەرپرسێکی تاڵیبانی تێدا نەبێت و لەلایەن سندوقی دراوی جیهانییەوە چاودێری بکرێت. فەرهادی گوتیشی " پێویستە ئەمەریکا پارە بۆ هاوکاریی بنێرێت نەک بۆ کەرتی ئاسیشی. چاودێرانی بانکی ناوەند دەبێت وەڵامی ئەوە بدەنەوە. ئەمەش دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ئازادکردنی پارەی یەدەگ لە ناو سندوقەکان لە ڕێگەی بانکی ناوەندی ئەفغانستانەوە و زۆر کاریگەرتر پشتگیری ئابووری ئەفغانستان بکات.

بەڕێوەبەرایەتی بایدن فشار بۆ ئەو گروپە ئیسلامییە دەبات تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپە تیرۆرستییەکان لە ناویاندا ئەلقاعیدەش بپچڕێت، کۆتایی بهێنێت بە تۆڵەکردنەوە لە دژی ئەو ئەفغانیانەی لەگەڵ حکومەتی پێشوودا بوون، بە گشتگیری ڕێبەرایەتی ئەفغانستان بکات، مافەکانی مرۆڤ بەرز ڕابگرێت و ڕێگە بدات ژنان بە تەواوەتی بەشدارییان لە ژیانی گشتیدا هەبێت و کچان ئازادبن لە بەدەستهێنانی پەروەردە.

سەرچاوە: ڕاپۆرتی ئەیاز گول لە ئیسلامئاباد

XS
SM
MD
LG