Accessibility links

هەولێر: بەهۆی باران بارین و مەترسی دووبارەبوونەوەی لافاو بەشێک لە خەڵکی ماڵەکانیان جێ دەهێڵن


لە ناحیەی دارەتوو، قوشتەپە و هەموو ئەو گەڕەک و شوێنانەی سەر بە پارێزگای هەولێر کە مەترسی دووبارە دروستبوونی لافاویان لێ دەکرێت بەهۆی ئەو باران بارینەی دوێنێ شەو تیمە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای هەولێر بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی ئەو شوێنانە خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و بەردەوام لە ناو گەڕەک و شەقام و ئەو شوێنانەدا دەسوڕانەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو لافاو لە هەندێک گەڕەکی سەر بە پارێزگای هەولێر دروستبوو بەو هۆیەوە زیانی ماڵی و گیانی لێکەوتەوە، لە بارەی مەترسی دووبارەبوونەوەی لافاو و زیانەکانەوە، مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ دەنگی ئەمەریکادەڵێت" کارێکی زۆر زۆر کراوە بە دەیان مەکینە و حەفارە و شوفڵ و بندۆزەر خەریکن کار لەو شوێنانەدا دەکەن و ئەو ڕێڕەوانە پاک دەکەنەوە، بەهۆی ئەو کارە زۆرانەی کراون بێگومان وەکو جاران نابێت، ئێمە باوەرمان بە خۆمان هەبوو، هەندێک لەو خەڵکانەشی کە ماڵیان نەمابوو هۆتێلمان بۆ گرتوون".

باسی ئاوارەبوونی بەشێک لە خەڵکی دارەتوو دەکرێت بەهۆی مەترسی دووبارە دروستبوونەوەی لافاو.

لەمەڕ دوایین زانیاری لەسەر ڕەوشی خەڵکی ناحیەی دارەتوو بەهۆی ئەو باران بارینەی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ڕێناس کرمانج چالاکی سڤیل و خەڵکی دارەتوو بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هەوڵی ئەوەمان دەدا سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی کە لە ماڵەکەماندا هەبوون بیانگوازینەوە بۆ شوێنێک کە دوربکەوێتەوە لە زیانەکانی لافاوەوە، ئەو خانووانەی کە دوو نهۆمی بوون خوارەوەمان چۆڵ دەکرد و دەچووینە نهۆمی سەرەوە تاوەکو دووربکەوینەوە لە زیانەکان، ئەو خەڵکەی کە خانووەکانیان دوو نهۆمی بوون دەچوون دەرگا بە دەرگا داوایان لە خەڵکی دەکرد کە بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت بچنە ماڵی ئەوان بۆ سەلامەتی گیانیان، ئەوەی کە زۆر شایەنی باسکرنە خەڵک لە دڵەڕاکێیەکی زۆردابوو سەیرمان دەکرد دیمەنەکە دیمەنێکی تراژیدیایی بوو جموجۆڵێکی یەکجار زۆر لەسەرشەقامەکان دەبینرا، دەزگا ئەمنیەکان و لایەنە پەیوەندارەکان هەمیشە داوایان لە خەڵکی دەکرد کە بەزووترین کات ئەو ناحیەیە چۆڵ بکەن و هەوڵی ئەوەیان دەدا لە ڕێگەی پاسەکانەوە بمانگوازنەوە کە ئەمانە هۆکارێک بوون بۆ دلەڕاوکێی خەڵکەکە.

لە لایەکی ترەوە سەرکەوت محەمەد بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هەموو هێزەکانی بەرگری شارستانی بە ئەفسەر و کارمەندەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر تا دووی شەو دەگەڕاین و لە حاڵەتی ئامادەباشیدابووین، هیچ حاڵەتێکیش لای ئێمە تۆمار نەکراوە".

بەهۆی ئەو لافاوەی ڕۆژی هەینی لە چەند گەڕەک و شوێنێکی سەر بە پارێزگای هەولێر جگە لە زیانێکی زۆری مادی زیانی گیانیشی بەدوای خۆیدا هێنا، بەپێی ئامارەکان دوازدە کەس گیانیان لەدەستدا تەرمی دوو کەس هێشتا نەدۆزراونەتەوە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 10 مانگە و ئەوەی تریش شوانێکە و گەڕان بە دوای ئەو دوو تەرمەدا بەردەوامە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:29 0:00


XS
SM
MD
LG