Accessibility links

وشکەساڵی و شەڕ و نەخۆشی هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەس دەکات لە سۆماڵیا


Somalia drought
Somalia drought

نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات 7.7 ملیۆن کەس، نیوەی دانیشتوانی سۆماڵیا، لە ساڵی 2022 پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی و پاراستنیان دەبێت، هەروەها داوای 1.5 ملیار دۆلاریش دەکات بۆ یارمەتیدانی 5.5 ملیۆن کەس کە زۆرینەیان لە ژێر مەترسیدان.

دەیان ساڵ لە جەنگ و دووبارە بوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا، سەرهەڵدانی نەخۆشیەکان و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری، لەوانە کاریگەری ئابووری و کۆمەڵایەتی و کۆڤید-19 لە سۆماڵیا ژیان و گوزەرانی خەڵک لەناودەبات.

ئەوان ڕووبەڕووی برسێتییەکی لە ڕادە بەدەر دەبنەوە لەوکاتەوەی باران بۆ سێیەم ساڵی یەک لە دوای یەک نەباریوە و زۆر کەس لە لێواری کارەساتدان، ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سۆماڵیا ئادەم عەبدولمەولا دەڵێت 80٪ ی ئەو وڵاتە تووشی وشکەساڵی بووە.

لەڕێگەی لینکێکی ڤیدیۆییەوە عەبدولمەولا لە مەقادیشۆی پایتەختەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، 169 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە لە پێناو دابینکردنی ئاو و خواردن و لەوەڕگادا بۆ ئاژەڵەکانیان.

دەشڵێت کاتێک سەردانی لادێکانم کرد، چەندین ئاژەڵی مردووم بینی. ئەو کەسانەی کە چاوم پێیان کەوت ژنێک بوو پێی وتم کە ئەو هەر 200 سەر بزن و دوو وشتر و کەرەکەی لە دەستداوە، خۆی و سێ منداڵەکەی لە ژێر دارێکدا دەژین، ئەو بەساڵاچووانەشی کە چاوم پێیان کەوت پێیان وتم کە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانەوە وشکەساڵی لەو شێوەییەیان نەبینیوە.

عەبدولمەولا دەڵێت "دۆخی سۆماڵیا زۆر خراپە" و نیگەرانی خۆی دەربڕێت سەبارەت بە کەمتر وەڵامدانەوەیەکی پێویست بۆ داواکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ململانێیەکی سەختدایە بۆ دابینکردنی خەرجی، ئەو دەڵێت سۆماڵیا پشتگوێ خراوە بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە لە شوێنەکانی تر سەریهەڵداوە، بەتایبەتی تیگرای لە باکوری ئیتیۆپیا و ئەفغانستان.

دەشڵێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر سۆماڵیا بەجێبهێڵێت.

کاتێک ئەم دۆخە لە ساڵانی 1990کاندا ڕوویدا، هەندێک دەرئەنجامی جدی لێکەوتەوە، لەوانەش کۆچکردنی بەکۆمەڵ، برسێتی، وشکەساڵی، سەرهەڵدانی گروپی ئەلشەباب و ناسەقامگیری بەرفراوانی سیاسی.

پێشبینییەکانی ئەم دواییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە وشکەساڵی دەتوانێت 1.4 ملیۆن سۆماڵی لە شەش مانگی داهاتوودا ئاوارە بکات، ئەمەش بۆ نزیکەی 3 ملیۆن کەس زیاد دەکات کە پێشتر بەهۆی شەڕ و کارەساتی سروشتیەوە ئاوارە بوون.

بەڕێوەبەری هاوکارییە مرۆییەکان عەبدولمەولا دەڵێت بەلایەنی کەمەوە 1.2 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لەوانەیە تا ساڵی 2022 بەدەست کەمی خۆراکەوە بناڵێنن، هۆشداریشی دا نزیکەی 300 هەزار منداڵ کە پێشبینی دەکرێت بە توندی ڕووبەڕووی کەمی خۆراک ببنەوە مەترسی مردنیان لێدەکرێت، ئەگەر پەلە نەکرێت لە گەیشتنی هاوکارییەکان.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG