Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: هێرۆ شێخە


تابلۆکان دەدوێن، ڕەنگەکان هەر یەکەیان چیرۆکێکی جوانمان بۆ دەگێڕنەوە جا ئەو چیرۆکانە خۆشبن یان ناخۆش.

تابلۆکان لەو کاتەدا دەبنە گەورەترین و ڕونترین ئاوێنەی بەردەمی ئێمە کە بتواننن، بکەونە دیالۆگێکی ڕاستەقینە لەگەڵ بینەرانیاندا و بینەریش بتوانێت لە گۆشەیەکی ئەو تابلۆیەدا خوێندنەوەیەک بۆ خودی خۆیی و تابلۆکەیش بکات.

بێگومان ئەم دیالۆگە نایەتە ئاراوە ئەگەر بێتوو هونەرمەندی شێوەکار خاوەنی تواناییەکی گەورە نەبێت بۆ دەربڕین و ڕەنگکردنی ئەو دۆسێیانەی بڕوایەکی تەواوی پێیان هەیە و کاریان لەسەر دەکات و هونەرەکەیشی دەخاتە خزمەتیانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک لە بەهای هونەریی تابلۆکانی بدات.

وابەستەبوون بە هونەرەوە و بە باڵایی هونەرەوە دەشێت وەک شا ڕێگەیەک لێی بڕوانرێت بۆ گەیشتن بە ئافراندن و دۆزینەوەی خود و خۆ دۆزینەوەی بینەریش. ئا لێرەوە ئێجگار گرنگە هونەرمەند، نوسەر ببنە خاوەنی بڕیاری خۆیان دوور لە کاریگەرییەکانی شەپۆلی عەوام، بەتایبەتیش ئەوانەی دەیانەوێت هێڵی ڕاست و چەپی ئاڕاستەکردن بۆ هونەرمەند و نوسەر بکێشن.

تێگەیشتن لە هونەر، هەوڵێکی ڕژدە بۆ تێگەیشتن لە دنیا و بینینی ڕاستییەکان. دەشێت هونەر وەک سەکۆیەکی پیرۆز لێی بڕوانرێت نەک هەر بۆ بەرەنگاربوونەوە، بەڵکو بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەش، لەو ڕوانگەیەوەی هونەر هیچی کەمتر نییە لە شۆڕشێکی خوێناوی بۆ هێنانە ئارای گۆڕانکارییەک، بێگومان جیاوازییەکە لەوەدایە لە شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی هونەریدا، ڕەنگ دەڕێژرێت و ڕەنگ دێتە گۆ و ڕەنگ ڕێگە نوێیەکانی بیرکردنەوە دێنێتە ئاراوە.

نابێت لە بیرمان بچێت لە زۆربەی هەرە زۆری قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤدا هونەر یەکێک بووە لە هۆکارەکان بۆ تێگەیشتن لە ژیان، بەتایبەتیش کاتێک هونەر، وەک کارێکی جیهانی لێی دەڕوانرێت.

هێرۆ شیخە، هونەرمەندی شێوەکار، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی دەخوازێت لەڕێی تابلۆکانیەوە و بە ڕەنگ بەرەنگاری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان ببێتەوە، وەلێ لەوەدا نا کە بخوازێت خۆی وەک فێمێنیزمێک بناسێنێت بە ئێمە، بەڵکو وەک دەڵێت "هیچ کات هەوڵی ئەوە نادەم بۆ پێناسە‌کردنی کارەکانم یان گونجاندنیان لە چوارچێوەی هونەری فێمینیستیدا بەرهەمم هەبێت. من ئەوەم کە لە تابلۆکانمدا دەردەکەوێت. ئەگەر وەک هونەری فێمینیستی پێناسە بکرێت یان نا کێشە نییە.

مەرج نییە ئەم داکۆکیکردنە لە ماف و بوونی ژنان و خوێندنەوە بۆ دۆزی ژنان، بەرەنجامەکانی لە ئایندەیەکی نزیکدا ببینرێن، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا بەبێ هیچ گومانێک دەبێتە یەکێک لەو هۆکارانەی گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوە باوەکاندا دێنێت و ئیتر ئەو دیاردە ناشرینەی کە پیاو لە سەرو هەموو شتێکەوە دادەنێت بەرەو کاڵبونەوە دەبات.

شلێر باپیری، نوسەر و لێکۆڵەر سەبارەت بە تابلۆکانی هێرۆ، دەنوسێت "هونەرمەندە ژنەکان وەک ترەیسی ئەمین، باربارا کروگەر و مارینا ئابرامۆویچ ناسراوەکانن لەو بوارەدا. ئەوان بە کارە هونەرییەکانیان هەموو ئەو دیوە نایەکسانیانەیان نیشاندا کە بیست ساڵ لەمەوبەر هەر ئەستەم بوو فکریشی لێبکرێتەوە. ئەو هونەرمەندانە ئیلهامبەخشی جیلی نوێی نیگارکێشەکان و هونەرمەندانی دیکە بوون بۆ خەبات بۆ مافەکانی ژنان. لە کوردستان هێرۆ شێخە نمونەی ئەو جیلە نوێیەیە."

هێندەی ئەوەی لە ڕێی ئۆنلاینەوە تابلۆکانی هێرۆم بینیون، پێدەچێت سەرەتای ژیانی هونەریی ئەم هونەرمەندەمان بریتی بووبێت لە گەڕانێکی ورد بۆ دۆزینەوە و تێگەیشتن لە خودی خۆی، بەڵام نازانم ئایا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامە یان نا، هەر بۆیەشە ئەم بابەتە دەکەمە یەکێک لە پرسیارەکانم لە هێرۆی هونەرمەند.


ژن و ڕەنگ، دووانەیەکی لێکدانەبڕوان لە هونەرەکەیدا و لەمەشیاندا هێرۆ هەنگاوێکی ورد و نەرم لەگەڵ ژنانی نیشتمانەکەیدا دەنێت و بە تابلۆ پرسیاریان لێدەکات و دەیانخاتە بەردەم بیرکردنەوە و ڕامانی نوێ لە خۆیان و ئەم بابەتە هەستیار و گرنگەش بە بەشێکی دانەبڕاو لە دۆسێی مرۆڤایەتی دادەنێت و لێیشی دەڕوانێت.

ئایا هێرۆ شێخە لە کارە هونەرییەکانیدا بڕوای بەوەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕوات بەرەو ئەوەی بە ڕەنگ مێژووی ژنی نیشتمانەکەی بنوسێتەوە؟

ئایا دەشێت هونەرمەند لە تابلۆیەکی پێشووی خۆی پەشیمان ببێتەوە و سەرلەنوێ هەمان تابلۆ بکێشێتەوە؟

ئایا مەرجە هونەرمەند لە کاتی کێشانی تابلۆیەکدا، لە ڕوانینی خۆی دور بکەوێتەوە لە پێناو سەرنج و ڕای گشتیدا؟

هێرۆ شێخە، هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:11 0:00


XS
SM
MD
LG