Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی جیهانی کۆچبەران دا چەند پەیامێک بڵاودەکاتەوە


بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کۆچبەرانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ کە دوژمنایەتیکردن و رقوکینە دژی کۆچبەران ڕووی لە زیادبوون کردووە. هۆشداری ئەوەش دەدات کە دژایەتیکردن و پەراوێزخستنی کۆچبەران لەکاتی ئەم پاتایەدا ژیانی زۆربەیان دەخاتە مەترسییەوە، لیسا شلاینگ لە ژنێفەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەم راپۆرتەی بۆ ئامادەکردوون.

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەراپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە یەک کەس لە هەر حەوت کەس لە دانیشتوانی جیهان، واتە یەک ملیارد کەس لە حاڵەتی کۆچکردندان. ئەم ژمارەیە 281 ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتی و 84 ملیۆن کەس لەخۆدەگرێت کە بەهۆی شەڕو ناکۆکی و توندوتیژی و گۆڕانی کەش و هەواوە بە ناچاری ئاوارە بوون.

ئەنتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران دەڵێت زۆربەی کۆچبەران بە دوای هەلی باشتری ئابووریدا گەشتی مەترسیدار دەکەن و ژیانی خۆیان خستۆتە بەر مەترسی، لەکاتێکدا خەڵکانێکی دیکەش بەهۆی کارەساتی سروشتی و مرۆییەکانەو بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن.

ئەو دەڵێت زۆرێک لەو خەڵکە بێدەسەڵاتە لە سەرتاسەری جیهاندا دەکونە بەردەستی قاچاخچییە بێویژدانەکان و بە ناچاری کاردەکەن بە درێژایی ڕێگاکانی کۆچکردن. هەروەها گوتێشی پەتایکۆڤید-19 ئەو زەحمەتیانەی کە کۆچبەران ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ خراپتر کردووە.

"بەدەر لە وێنەکانی سنوورە داخراوەکان و خێزانە لەبەریەکهەڵوەشاو و پەرشوبڵاوەکان و ناسەقامگیریی ئابوری، پەتای جیهانی کۆرۆناش دوو ساڵە بووەتە هۆی دەرکەوتنی شەپۆلێکی نوێی هەستی دژە کۆچبەران و زۆربوونی خراپبەکارهێنانی کۆچبەران وەک ئامرازێک لە سیاسەتی دەوڵەتدا، هەردووکیان جێی رەزامەندی نین."

لەبری ئەوەی ئەمە بارگرانی بێت، جەخت لەسەر ئەو هاوکارییە بەنرخانەش دەکاتەوە کە لە لایەن کۆچبەرانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا ئەنجامدراوە. ئەو دەڵێت کرێکارە کۆچبەرەکان، پەرستاران و کارمەندانی چاودێری تەندروستی، ملیۆنان کەسیان لە کۆڤید پاراستووە. ئەو دەڵێت کۆچبەران بوونەتە شادەماری رزگارکردنی ژیانی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دەناڵێنن. ئەو دەڵێت:

"کاریگەری ئەرێنی کۆمەڵایەتی و ئابوری لەو وڵاتانەی کە تێیدا نیشتەجێبوون و ناردنی 540 ملیار دۆلاری ئەمریکی ساڵی ڕابردوو بۆ ناو ئەو کۆمەڵگاکانەی وڵاتانی کەم دەرامەت و مامناوەندن بۆتە هۆی پیشکەوتنی پێوەرەکانی پیشەسازی و سەرپەرشتیکردنی کار و کۆمەڵگە کە تێکڕا هەموومان لێی سوودمەندبووین."

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاش زۆرێک لە حکومەتەکان بەردەوامن لە بێبەشکردنی کۆچبەران لە پلانەکانی بوژاندنەوەی ئابوری و کۆمەڵایەتی بە هۆی پەتاکەوە و بە بیانوی باری یاسایی کۆچبەرانەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان داوا لە حکومەتەکان دەکەن کە کۆچبەران دەستیانڕابگات بە ڤاکسینەکانی کۆڤید-19ی بۆ رزگارکردنی ژیانیان و ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەم کارە نەکرێت ئەوا دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستی هەمووان.

XS
SM
MD
LG