Accessibility links

تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت دەست دەکات بە دەرکردنی پاسپۆرت بۆ هاوڵاتیان


دەسەڵاتی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دەست دەکاتەوە بە دەرکردنی پاسپۆرت لە کابول، ئەمەش هیوایەک بەو هاوڵاتیانە دەدات کە هەست بە هەڕەشە دەکەن و لە ژێر دەسەڵاتی حوکمی ئیسلامیدا دەژین.

هەزاران ئەفغانی داوایان بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرت پێشکەش کردوە لە پێناو دەربازبوونیان لە قەیرانی ئابووری و مرۆیی ئەو وڵاتە کە بەردەوام لە هەڵکشاندایە و نەتەوەیەکگرتوەکان بە برسێتی بێ ئەندازە ناوی دەبات.

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆ عەلام گوڵ حەقانی بە ڕۆژنامەوانانی ڕایگەیاند کاربەدەستان لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە نوسینگەی پاسپۆرت لە کابول دەست دەکەن بە دەکردنی پاسپۆرت.

بزووتنەوەی تاڵیبان دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە 15ی مانگی 8دا بە ماوەیەکی کەم دەرکردنی پاسپۆرتی ڕاگرت، لە کاتێکدا هەزاران کەس ڕویان کردە فڕۆکەخانەی کابول لە هەوڵێکدا بۆ دەرچوون لەو وڵاتە.

لە مانگی 10دا حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان نوسینگەی پاسپۆرتی لە کابول کردەوە، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە بە هەزاران داواکاری پێشکەشکران و بوە هۆی پەککەوتنی ئامێرەکانی بایۆمەتری.

دەرکردنی پاسپۆرت وەک تاقیکردنەوەیەک لێدەڕوانرێت کە پەیوەندی بە پابەندبوونی تاڵیبانەوە هەیە بەرامبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ڕێگادان بەو کەسانەی دەیانەوێت وڵاتەکە جێبێڵن لە کاتێکدا قەیرانی مرۆیی لە هەڵکشاندایە.

حەقانی دەڵێت "لە ئێستادا هەموو کارەکان چارەسەر کراون، سەرباری ئەمەش دەڵێت لە سەرەتادا پاسپۆرت بەوانە دەدرێت کە بەر لە ڕاگرتنی کار داوایان لە نوسینگە پێشکەش کردوە.

هەروەها دەشڵێت داوای نوێ لە 10ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوەدا وەردەگیرێت.

XS
SM
MD
LG