Accessibility links

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە دەروازەی سنوری پێشخابوور لەلایەن هەرێمی کوردستانی عێراقەوە داخرا


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری پێشخابوور شەوکەت بەربوهاری ڕایگەیاند، زیاتر لە 100 کەس لەلایەن دەروازەی سێمالکاوە بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر دەروازەی پێشخابوور.

کەناڵی ڕووداو لە زاری بەڕێوبەری دەروازەی سنووری پێشخابوور ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە پاسەوانەکان لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بە سەختی برینداربوون.

بەربوهاری، پەکەکە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت" ماوەی زیاتر لە سێ مانگە پەکەکە لایەنگرانی خۆی لە بەرەی سێمالکا کۆدەکاتەوە و دژی هەرێمی کوردستان چالاکی ئەنجام دەدات".

لەلایەکی دیکەشەوە ئەندامی سەرکردایەتی ئەنەکەسە نیعمەت داود لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" گروپی گەنجانی شۆڕشگێڕ کە هێرشیان کردە سەر دەروازەی پێشخابوور، چەندین جاریش هێرشیان کردووەتە سەر چالاکیەکانی نوسینگەی ئەنەکەسە و دەبێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو گروپە نیشان بدات.

لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕەخنەیان لە داخستنی دەروازەی پێشخابوور گرت و دەڵێن هۆکارەکانی داخستنی دەروازەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاساوێکی ئاشتیانەیە بۆ گوشاری سیاسی.

لوقمان ئەحەمێ وتەبێژی بەڕێوەبەری خۆسەر دەڵێت" هیواخوازە دەستگیرکردن و کردنەوەی دەروازەی سێمالکا و پێشخابوور پەیوەندی بە کێشە سیاسییەکانەوە نەبێت یان بیانوو نەبێت بۆ هەندێک گوشاری سیاسی"

لە بەرەی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە، لە سێمالکا، لە 5ی مانگی 10ی ساڵی 2016ەوە، کۆمەڵەی کەسوکاری شەهیدان لە ڕۆژئاوا دەستیان بە مانگرتن کرد و داوای تەرمی ڕۆڵەکانیان دەکرد کە لە هەرێمی کوردستان کوژرا بوون.

هەروەها ڕۆژانە سەدان هاوڵاتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پشتگیری کەسوکاری ئەو کوژراوانە دەکەن.

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان سەما بەگداش دەڵێت، ماوەی زیاتر لە 70 ڕۆژە کەسوکاری کوژراوان داوای تەرمی کوژراوەکانیان دەکەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەو چالاکیەیەی گەنجان، بڕیاری داخستنی دەروازەی سنوورەکەی داوە.

بە گداش دەشڵێت" داخستنی دەروازەکە بەو بیانوانە جێگای نیگەرانیە، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەین بیرلەوە بکاتەوە و پشتیوانی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری و یەکپارچەیی کورد بکەن".

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی 13ی ئەم مانگە، گروپێک لە گەنجانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە ڕابەرایەتی کۆمەڵەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە شاری قامیشلۆوە بەرەو دەروازەی سنووری سێمالکا بەڕێکەوتن.

ئەو گەنجانە دەڵێن ئامانجیان پشتگیریکردنی کەسوکاری کوژراوەکانە و بۆیە ویستویانە نامەیەک بنێرن بۆ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

گەنجێک بەناوی عیماد ئەحمەد دەڵێت ئەوان ویستویانە نامەیەک بگەیەننە هەرێمی کوردستان بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە و بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەوان و ئاسایشی دەروازەکە دروست بووە.

"کاتێک گەیشتنە سەر پردی سێمالکا و پێشخابوور، تەقە لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی پێشخابوور کراوە و بەردیان هاویشتووە و 15 کەسیان برینداربوون"

دەروازەکانی سێمالکا و پێشخابوور لە ساڵی 2013ەوە بۆ کاروباری مرۆیی و ئابووری کراوەتەوە، بەڵام زۆرجار بە هۆکاری جۆراوجۆر بە شێوەیەکی کاتی داخراوە.

لە تەنیشت دەروازەی پێشخابوور دەروازەی ئەلوەلید کە نزیکەی دوو ساڵە کراوەتەوە لەو بڕیارەدا ئەویش داخرا.

بەپێی چەند زانیارییەک کە پشتڕاستنەکراونەتەوە سەرۆکی هۆزی ئەلشەمەر عەرەب کە گەورەترین هۆزی عەرەبن لە سوریا و عێراق، کە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ کوردەکانی هەردوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆنهەیە و نێوەندگیریان بۆ کۆتایی هێنانی بەو ئاڵۆزییانە کرد.

جێگای ئاماژەیە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی نوسینگەی ئەنەکەسە لە شاری دەربەسی لەلایەن گروپێکی نەناسراوەوە سوتێندرا.

فەرماندەی هەسەدە مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا سوتاندنی ئۆفیسی ئەنەکەسەی شەرمەزار کرد.

لە لایەکی دیکەوە شارەزاییان پێیانوایە کە گرژییەکانی نێوان ئەنەکەسە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر قوڵتر دەبێتەوە دوای داخستنی دەروازە سنوورییەکان.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش دەروازە سنوورییەکان داخراون و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولاش بەردەوامە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:48 0:00


XS
SM
MD
LG