Accessibility links

هەلەو واشنتن: چارەنووسی ئایندەی عێراق بەرەو کوێ


دانیشتنەکانی دامەزراندنی ‌حکومەتی عێڕاق دوای کۆبوونەوەی چەند رۆژی ڕابردوویان لەگەڵ لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکان سەدرییەکان، دەریخستووە تا ڕادەیەک شێوەی حکومەتەکە پێناچێت لە حکومەتەکانی پێشووی عێڕاق بچێت، وەک ڕای ئەم دوو شیکەرەوەیەی لە بەرنامەی هەلەو واشنتن بەشدارن، پێیانوایە حکومەتەکە ژمارەی وەزارەتەکانی تا رادەیەک کەمتر دەکاتەوە، هەروەها بەپێی کورسییەکانی پەرلەمان وەزارەت و پێگە حکومییەکان دابەش دەکرێن، نەوەک بەش بەشێنەی تایەفی.

لەو بارەیەوە دکتۆر سەنگەر عەبدولقادر توێژەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت "لە رابردوو دابەش کردنەکان بە پێی پێگەی حیزبەکان بوو، ئەم جارە وا بڕیارە، لەسەر بنچینەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بێت، ئەوەش بۆ خۆی گؤرانکاریە، کورسی سەنگی هەیە، سەدر لەو دانیشتنە رەزامەندی نواندووە کە بە مەرج دەست بەرداری پۆستی سەرۆک وەزیران دەبێت هەروەها سەرۆک وەزیرانی دەست نیشان کراو نابێت سەر بەهیچ کام لەو لایەنانە بێت و کەسێکی تەکنۆقرات بێت، هەروەها لەبری ئەوە داوای پۆستی وەزارەتی دەرەوەیان کردووە، لایەنەکانی بەرامبەریش پێشنیاریان کردووە سەدرییەکان 6 وەزارەتی خزمەتگوزاری وەربگرن، بەڵام گەڕێکی تری دانوستانەکان بەم زوانە دەست پی دەکەنەوە".

پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکە لە پۆستە سیادییەکانی عێڕاق، سەرۆک کۆمار بۆ کورد بووە و سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سونەکایش پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

لە ناو کوردیشدا پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی یەکێتی بووە، بەپێی ئەو دابەش کردنانەی رابردووی نێوان پارتی و یەکيتی کە رێکەوتنێکی ستراتیجی لە نێوانیاندا هەبووە، بەڵام ئێستا پارتی دیموکرات وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، وا دەردەکەويت کە بە شەرت و مەرج پۆستی سەرۆک کۆمار بداتەوە بە یەکێتی، لەو بارەیەوە لە ناو یەکێتیشدا جگە لە سەرۆکی ئێستای عێڕاق بەرهەم ساڵح کە لە هەوڵی ئەوەدایە ویلایەتێکی تری سەرۆکایەتی عێڕاق بەڕێوە بەرێت، باس لە چەند کاندیدێکی نێو یەکێتی نیشتیمانی دەکرێت.

هەر وەک نوسەرو رۆژنامەوان ئەنوەر حسێن ئاماژەی بۆ دەکات "پۆستی سەرۆک کۆمار بڕاوەتەوە بۆ کوردە و هی یەکێتییە، وەک چۆن لە رابردوو ئەو پۆستە یەکسان بووە بە پۆستی سەرۆکی هەرێم، پارتی داوای گؤڕینی کاندیدی ئێستای یەکێتی دەکات کە دکتۆر بەرهەمە، پێی وایە کە دکتۆر بەرهەم لەگەڵ میزاجی سیاسییەکانی ئەوان ناگونجێت، یەکێتی هەر خۆی دەست نیشانی دەکات کە کێ کاندیدە، خودی بافڵ تاڵەبانی ئەوە یەکلا دەکاتەوە، نەک پارتی". لەسەر چانسی دکتۆر بەرهەم تا ببێتەوە بە سەرۆکی عێراق، سەنگەریش دەشڵێت "لە رابردوو ئێران زۆر نیگەران بوو لە سیاسەتەکانی بەرهەم ساڵح، بەڵام بەم دواییانە هەندێک گۆڕانکاریی بەسەر سیاسەتی لەگەڵ ئێراندا هێناوە، لە ئێستادا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە، بەرهەم ساڵح زۆرێک لە باڵە بڕیار بەدەستەکانی ئێران لە عێراق دژین، بەڵام باڵی ئیتیلاعاتی ئێران و تا رادەیەک ئەمریکاو وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی سعودییەی لە پشتە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە، تەنها ئەوانەی هێڵی سوریان لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە، پارتی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و میلیشیا بێ ناوەکان و میلیشیاکانی سەید شوهەدا و حیزبوڵای عێڕاق، ئەمانە بەرەیەکن لە دژی هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵحن".

رۆڵی دەرەکی بە تایبەتی ئێران و ئەمریکا نادیدە ناکرێت، لە دانانی پۆستە سیادییەکان و سیاسەت لە عێڕاقدا، ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە کە خواستی تیشرینییەکان بوو، تاڕادەیەک شکستی بەو لایەنە پرۆ ئێرانییەکان هێنا، دکتۆر سەنگەر پێی وایە، باڵانسی هێز بەلای ئەمریکادا شکاوەتەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەوەی جیاوازە لە دوای 2019 ەوە باڵانسی هێزە عێڕاقییەکان بەلای ئەمریکادا شکاوەتەوە وەک لە چاو ئێڕاندا کە لە رابردوودا باڵادەست بووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قۆناغێکی نوێی هێناوەتە کایەوە".

لە بەرنامەکەی هەلەو واشنتن زۆر مژاری تر باس کراون، بە تایبەتی باس کردنی یەک گوتاری سیاسی کورد لە بەغدا و لە هەرێمیش وتارێکی دژ بەیەکتری هەیە بە تایبەتی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، لەو بارەیەوە ئەنوەر حسێن کە بە ئەنوەر بازگر ناسراوە دەڵێت "بۆ یەک گوتاری کوردی لە بەرامبەر ئەو هەموو کێشەو ئاریشانەی رووی لە عێراق کردووە، ئەو پلان گێڕیانەی ئێران و تورکیا و هەندێک جاریش عێڕاقیش بەشدارە لە گەڵیایاندا لە دژی هەرێمی کوردستان، هەقە کورد بەتایبەتی یەکێتی و پارتی ئەو پلانگێڕی و مەترسیانە ببینن لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان، لەسەر وەزارەتێک یان پۆستێک ئەو کێشەو گیروگرفتانە دروست نەکرێن کە لەگەڵ بانگەشەی یەک وتاری سیاسیدا یەک ناگرێتەوە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:49 0:00


XS
SM
MD
LG