Accessibility links

پاکستان داوا لە ئەفغانییەکان دەکات بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان


گەڕانەوەی تاڵیبانبۆ ئەفغانستان و گرتنە دەستی دەسەڵات لە مانگی هەشت، بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 300 هەزار ئەفغانی ناچار بن وڵاتەکەیان بە جێبهێلن و روو بکەنە پاکستان، لە ئێستاشدا داوا لە زۆربەیان کراوە کە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

بەرپرسانی پاکستانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ یەکەمجار ئەو ژمارەییەیان ئاشکرا کرد و گوتیان 105 هەزار ئەفغانی لە ڕێگای یاسایی و ڤیزاوە چوونەتە پاکستان و لە دوای بەسەرچوونی ماوەی بەڵگەکانیشیان هێشتا لەو وڵاتەدا ماونەتەوە.

فەواد حوسێن وەزیری زانیاری پاکستان لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " سەرەڕای ئەو ژمارەیە کە بە یاسایی هاتوونەتە ناوپاکستانەوە، 200 هەزار خەڵکی دیکەش بە شێوەیەکی نایاسایی گەشتیان بۆ ئەم وڵاتە کردوە و داوا دەکەین لە ماوەی 90 ڕۆژدا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، چونکە لە ئێستادا هیچ قەیرانێک لە ئەفغانستاندا نییە".

ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی لە ئێستادا نزیکەی 3 ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە خۆدەگرێت و ئابووریی ئەو وڵاتە ناتوانێت چیدیکە بار و ئەرکی پەنابەرانی نوێ لە ئەستۆ بگرێت.

ئاژانسەکانی هاریکاری نێودەوڵەتیش هەروەها پێش بینی ئەوە دەکەن کە زیاتر لە 300 هەزار ئەفغانی، لەوانە ژنان و منداڵان لە 15ی مانگی هەشتەوە تاوەکو ئیستا بە شێوەیەکی نایاسایی ڕۆێشتونەتە وڵاتی ئێران.

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدان لە ئەفغانستان دەگاتە 22.8 ملیۆن کەس کە ئەمەش زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و دەشڵێت لەسەدا 95ی خێزانە ئەفغانیەکان لە تواناییاندا نییەڕۆژانە بە تەواوی خواردنیان دابین بکەن.

XS
SM
MD
LG