Accessibility links

نێردراوی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتوەکان پۆستەکەی جێدەهێڵێت


ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند نێردراوی ئەفغانستان کە لەلایەن حکومەتی هەڵوەشاوەی ئەو وڵاتەوە دەستنیشان کرابوو، پۆستەکەی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان جێ هێشتووە.

فەرحان حەق، یاریدەدەری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، بە پێی نوسراوێک کە بە دەستی گەیشتووە غوڵام ئێسحاقزای لە 15ی ئەم مانگەدا پۆستەکەی بە جێهێشتوە.

دیپلۆماتکاران دەڵێن لەگەڵ ئەوەی ئەفغانستان دوای ئەوەی تاڵیبان گەڕایەوە بۆ دەسەڵات لە مانگی هەشتدا ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە، بەڕێوبردنی ئەرکەکانی ئەو وڵاتەش لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی گرفت بووەتەوە.

ئۆفیسی ئەفغانستان بۆ کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی پێنجشەممە لەو ڕێکخراوەدا نەبوو بۆ ئەوەی لێدوانی لێوەرگیرێت لەو بارەیەوە.

ئێسحاقزای لە 14ی مانگی نۆ بە بەفەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کەڕێگەی پێ بدرێت وەک نێردراوی ئەفغانستان لەو ڕێکخراوەدا بمێنێتەوە.

بەڵام لە کۆتایی هەمان مانگدا، تاڵیبان داوای لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا سوهەیل شاهین، وتەبێژی پێشووی ئەو بزوتنەوەیە بخاتە شوێنی ئێسحاقزای وەک نێردراوی ئەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

ئێسحاقزای لە کۆتایی مانگی یازدە، بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد و تێیدا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە فەرمانڕەوا ئیسلامییە توندڕەوەکانی وڵاتەکەی گرت.

بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد کە تیایدا بڕیارەکان لە بارەی نێردراوی ئەفغانستان بۆ ماوەیەکی نادیار دواخرا.

تاڵیبان ڕەخنەی لە بڕیارنەدانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکخراوە مافەکانی خەڵکی ئەفغانستان پشتگوێ دەخات.

XS
SM
MD
LG