سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕاپۆرتێکی ناوخۆییدا دەڵێت یارمەتییە مرۆییەکانی دەرەوەی سنوورەکە بۆ سوریا هێشتا کارێکی گرنگە، لە کاتێکدا مۆڵەتی ڕێگەپێدان بە گەیاندنی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یاخیبوان لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بەبێ ڕەزامەندی دیمەش خەریکە کۆتاییپێدێت.
ساتەوەختێکی دەگمەن و ناوازەی هاوکاری ئەمەریکا و ڕوسیا پێکەوە لە مانگی 7 ی ئەم ساڵدا ڕێیخۆشکرد بۆ درێژکردنەوەی شەش مانگی چالاکیە مرۆییەکان لە باب ئەلهەوا کە تاکە دەروازەیەکی سنوورییە بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگاتە مۆڵگەی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلب. وابڕیارە ئەم ڕاسپاردەیە تا 10 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو کۆتایی پێبێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە بەڵگەنامەیەکی نهێنیدا کە کەوتووەتە بەردەستی ئاژانسی فرانس پرێس، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "هێشتا ئەو یارمەتییە مرۆییانەی بوونەتە هۆی رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەس کە پێویستان بە یارمەتییە لە باکوری رۆژئاوای سوریا، گرنگن." هەروەها دەشڵێت " زیاتر لە چوار ملیۆن کەس دەمودەست پێویستیان بە یارمەتی هەیە لە تەواوی وڵاتەکەدا."
ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا پێیانوایە ڕێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەڕینەوە لە نێوان سنورەکانی سوریا و تورکیا پێویستە بۆ شەش مانگی دیکە نوێ بکرێتەوە، بەبێ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە.
بەڵام ڕوسیا کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕژێمی دیمەشقە، پێشتر دژایەتی ئەو هەنگاوەی کردووە کە بە سەرپێچیکردن بۆ سەروەری سوریا ناودێری دەکات. مۆسکۆ مەرجی هەر درێژکردنەوەیەکی گونجاوی پەیوەست کرد بە راپۆرتەکەی ڕۆژی سێشەممە و هەروەها دەنگدانێکی نوێ لەسەری.
میکانیزمی پەڕینەوە لە سنوور لە ساڵی 2020 ەوە لە ڕێگەی باب ئەلهەواوە کاری پێکراوە، دوای ئەوەی ڕوسیا لە ساڵی 2019 سێ خاڵی تری دەروازەی چوونەژوورەوەی لە سوریادا داخست.
لە بەڵگەنامەکەی ڕۆژی سێشەممەدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە پرۆژەیەکی دیکەی هەڵمەتە مرۆییەکان کرد کە ئەمجارەیان لە ڕێی هێڵەکانی پێشەوە ئەنجام دەدرێت بۆ گەیشتن بە ئیدلب.
گۆتێرێش وتی "ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەڵمەتەکانی هێڵی پێشەوە دیارتر و کاریگەرتر دەبێت."
هەرچەندە سووریش بوو لەسەر گرنگی دەروازەی باب ئەلهەوا.
وتیشی "لەم قۆناغەدا، ئەم جۆرە کاروانە فریاگوزاریانە ناتوانن سنورەکان ببڕن، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێکوپێکیش بنێردرێن، ناتوانن بە هەمان پێوەر و مەودای جێبەجێکردن لەسەر سنوورەکان دووبارە بکرێنەوە."
گۆتێرێش گوتیشی نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس ئەم زستانە لە سوریا پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە کە بە بەروارد بە ساڵی رابردوو لە 12٪ زیاترە بەهۆی قەیرانی ئابوری و پەتا کۆرۆناوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەنها لەسەدا 2.9 ی دانیشتوانی سوریا ڤاکسینی تەواوەتیان وەرگرتووە.
زیاتر لەسێ ملیۆن کەس لەپارێزگای ئیدلب دەژین کە زۆربەیان لەلایەن جیهادییەکان و چەکدارە هاوپەیمانەکانی جیهادییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون.
لە مانگی حەوت دا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نزیکەی 2 ملیۆن 400 هەزار کەس لەو ناوچەیە پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.